٤٠٠ ملیاردەکە

عه‌لی که‌ریمی

ئەگەر بەڕاستی کونێیان پاقژ و هیچ لە باراندنەبوو بایە، کێشەی ئەم پارەیەی، کە لە بەغداوە وەک خێر و سەدەقە و بە هەزار منەتی فلان و فیسار هاتووە بۆ مەعاشی خەڵکی هەژار و بێدەرەتان و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆکەدا ئەم بڕە پارەیە بۆ هەر ماڵباتێکی هەژار و تەنانەت مامناوەندیش حەیاتی و لەزومرەی نان و ئاوەدایە، ئەگەر بەڕاستی ئەولەوییەتێکی تر هەیە، کە لەپێش نان و ئاوی کۆمەڵانی خەڵکەوە دێت و دەبوو چارەسەر کرابا، ئەگەر بەڕاست سیستمی وڵات بەڕێوەبردن پەرلمانی و دیمۆکراسییە، بۆ نەدەبوو کاتیک لە بەغداوە پارە بۆ مەعاشی خەڵک هاتووە، هەر لە ڕێگای پەرلمانەوە زۆر بە شەفافی لە ماوەیەکی زۆر کورت پرس بە میللەت کرابایە و ئەوان بڕیاریان دابا ئەم بڕە پارەیەی بەغدا بۆ کام ئەولەوێت سەرف بکرێت؟! ئاخر بۆیە دەنگۆی دزی و تالانی بێژمارتان هەموو دنیای تەنیوە و ئیتر هەموو لایەک لێیان ڕوونە دەوڵەتمداریتان مافیایی و چەتەگریی نەبێ هیچی تر نییە. حەقە نوێنەرانی خەڵک ئەگەر بوونیان هەیە لە بەغدا دەسبەجێ داوا لە کاربەدەستان بکەن بە زووویی ئەم پارەیە ئەگەر سەرفی مەعاشی خەڵک ناکرێت بگەڕێندرێتەوە بەغدا و ئەوان بۆخۆیان بێدەنە خەڵکی هەرێم!

کە دەڵێم سەرانی ئەم وڵاتە بە خەڵکی نەزان و کاڵفام ڕاوێژ دەکەن و بەڕیوە دەچێت دوور لە نەزانی نییە، ئاخر خۆ پەرلمان بووکە شووشەیەکە بە دەستانەوە و چۆنتان بوێت وای لێدەخوڕن، هیچ نەبا بۆ ئەوەی تووشی ئەم ئابرووچوونە ناوخۆیی و جیهانیش نەبان پرسە گورگانەیەکتان لە سنارێۆیەکی دارێژراو کە زۆریش ئازان بو داڕشتنی سنارێۆکان، کردبا و لەوێڕا بڕێاری نەدانی ئەم پارەیە وەك موچەتان دابا، ئەوجار داباتانەوە بە قەرزی هاودەست و شەریکەکانی خۆتان. ئاخر گلەیی نابێ بکەن کە خەڵک پێیان دەڵێت کاڵفام. باش وایە هەرچی زووتر ئێوە و هەموو دەستەی پەرلمانی کارتۆنی و حکومەت دەست لەکار بكێشنەوە و دانی پێدا بنێن، ئێوە نە دەوڵەتمەردن و نەجێی متمانە و نەڕابردوو پاک و نەدەست ئەمینن! 

باش وایە چۆن جاری پێش، بە نمایشێک پارەتان قەرز کرد لە سەرمایەداران، ئێستاش بە زوویی ئەم پارەیەی بەغدا بێنەوە جێی خۆی و ڕەوانەی گیرفانی کۆمەڵانی خەڵکی بکەنەوە!


12/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر