"نوخبە و ڕۆشنبیر" لەمەڕ وڵاتەکەی من

عه‌لی که‌ریمی

ماوەیەکە بۆچوونێکی بەهێزم لا دروست بووە و هەرچی بەڵا و خیانەت و دواکەوتوویی و دزی و تالان دەبینم، یەکەندەردوو دەیخەمە ئەستۆی "ڕۆشنبیر" و "نوخبە"ی ناو خۆمان.

 

لەسەرتاسەی جیهان میللەتان خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیانن، جا چ بەخۆشی و چ بە ناخۆشی، هەژاری یان دەوڵەمەندی، پێشکەوتوویی و پیشەسازیی یانکوو شوانکارەیی. ئەوەی میللەتێک لە عاستی بیر و هزر و هۆش لە خەڵکی تر جیا دەکاتەوە ئاستی  عیلم و تێگەیشتوویی و هوشیاری ئەم توێژە زۆر بچووکەیە کە پێیان دەڵێین نوخبە و ڕۆشنبیر. 

 

کاتێک وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک سوید لە سەدەی هەژدە بەهۆی قەرسان و قاقر، هەژاری و سەرما و سۆڵ بڕستی لێ بڕیبوون و بە دەست پادشایەکی شێتەوە ناعیلاج پەنایان بۆ ئیمپراتۆری فەرانسا، ناپلۆن برد و داوای پادشایەکیان لێکرد، ژنەڕالی هاوڕێی ناپلۆن، بڕنادۆت کرا بە پادشای سوید و بە ئاشتیخوازیی خۆی، بوو بە خێر و بەرەکەتیش بۆیان. کاتێک بە هەزاران سویدی بە بەفر و بۆڕان و لە ڕێی دەریاوە کۆچیان دەکرد بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و کەنەدا، ئەوە چەند نوخبەیەک بوون کە دواتر حیزبی گەورەی سوسیال دیمۆکراتیان دامەزراند و بە سیاسەت و ژێری و غەمخۆری خۆیان بۆ نیشتمانەکەیان، وڵاتێکیان دامەزراند پڕ لە عەدالەت و پێشەسازی و پێشکەوتوویی و خوشگوزەرانی و هەتا ئێستاش بەر و بوومی عیلم و هۆشی ئەم نوخبەیە، وڵاتێکی دامەزراندووە یەک لە هەرە وڵاتە نموونەیەکانی هەموو جیهان.

 

مەبەستم ئەوەیە بڵێم لە هەموو جیهان میللەت ئیشی خۆی دەکات و سەرقاڵن بە کاسبی و گوزەرانی ژیان، جا لەندەن بێ یان برلین و واشنتن یان هەولێر و زاخۆ و شارەزوور. تەنیا هەرچەند ساڵ جارێک دێنە سەر سندووقەکان و بە دەنگی خۆیان جەماعەتێک لادەدەن و چەند کەسێکی تر دەکەنە دەسەڵاتداری وڵات.

 

ئەوەی وڵاتێک بەخاوەن سیستم و نیزام دەکات و قانوونی باش و مڕۆڤدۆستانە و پێشکەوتوانە لە خزمەت خەڵک و وڵات دادەنێن و دەستورێک بۆ وڵاتەکە چێ دەکەن کە کەس بۆی نەبێ بیبەزێنێت و ڕەچاوی نەکات، ئەوە ئەو توێژەن کە پێیان دەگوترێ ڕۆشنبیر و نوخبەی وڵات. ئەو قانوون و ڕێ و شوێن و قەزایەی ئەوانە دایدەنێن ئیتر لە لای هەموو هاووڵاتێک لە کەلامی کتێبە ئاسمانێکانیش پیرۆزتر دەبن و جا کێ دێتە سەر تەختی دەسەڵات با بێ و کەس نیگەرانی بێعەدالەتی و ماف لە ژێر پێنان نابێت.

 

کێشەکەی لەمەڕ وڵاتی ئێمە، لەم بستۆڵکە خاکەی کە دوای هەزاران خوزگە و بریا، وەک هەرێمێکی هات و نەهات بوو بە وڵات و نیشتمانی کوردان و دڵی هەموومانی خۆش و قینی دوژمنانی جۆشاند، لە ڕاستیدا لە ئەمڕۆدا خۆمانین و ئەم توێژەی پێیدەگوترێت "ڕۆشنبیر و نوخبە"!

 

زۆر سەیرە تۆێژەکە بە پانەوە بووە بە کۆیلە و گوێ لەمستی چەند ئاغا و سەرکردەیەک، ئەویش لە پێناو ماڵی دنیا و پێگەیاندنی خۆیان لە سەروەت و سامان، ئامادەن لە پێناوی خۆیان سوجدە بەرن بۆ مڕۆڤ، بۆ مناڵێکی سەرۆک، بۆ بنەماڵە، ئامادەن بە بەبێ یەکودوو درۆ بکەن و بە شان و باڵیان دا بێنەخوار و هیچ شەرمێک نەیان گرێت کە لە پێناو چیدا وا پشت لە خەڵک دەکەن و ڕوو لە چەند کەسێک بەناوی دەسەڵاتی خێڵ کە گۆیا بە فراوانی ماڵی دنیا و شەهادە و پۆست و مەقامیان پێ دەبەخشێت.

 

شکسپیر دەڵێت؛ " ئەگەر کەسێک جارێک خیانەتی لێ کردی ئەوە خەتای ئەوە، ئەگەر دوو جاری کرد ئیتر ئەوە خەتا لە تۆوەیە"!

 

کەچی لەم هەرێمە ڕۆژانە خیانەت دەدرووینەوە و هەر گوێ لەمستیی نوخبە و ڕۆشنبیرە زیاد دەکات و سەرەیان گرتووە بۆ مەداحی و پێداهەڵگوتن، بەڵکوو پەرلمانتارییەک، وەزیر و یان هیچ نەبێ پۆستێکیان پێ ببەخشن.

 

ئەمن نازانم کە ئەو هەمووە، کە باس لە خیانەتی مەلای خەتێ دەکەن بەڕاستی فەتوای داوە بە دژی میری "کۆرە" "کە هەرکەس دژایەتی سوڵتانی عوسمانی بکات تەڵاقی دەکەوێ" چەند هەڵبەستراو و چەند ڕاستە؟! بەڵام باش دەزانم هەن لەئەمڕۆدا بە پێش چاوی هەموو عالەم و کوردەوە فتوا هیچ، بۆ چاوساغی بە ڕۆژی ڕووناک پێشی لەشکری سوڵتان کەوتوون و خاکی کوردستان بە پوستاڵی ڕەشی عوسمانییەکان داگیر دەکەن و دەیشێلن. ئەمە یەکەمجار نییە و دەیان جار بۆ لەشکری عەرەب و فارسیش هەر عەینی شت ڕوویدا و دووبارە و چەندبارە بووەتەوە، کەچی "نوخبە" و "ڕۆشنبیرەکانمان" ڕۆژ بە ڕۆژ ئاهەنگی مەداحی و پێداهەڵگوتنیان بەم دەسەڵاتە بێگانەپەرەستە، ڕەساتر و خۆش ئاوازتر دەکەن.

 

زیاتر لە دووهەزار ساڵ پێش یەهودا، یەک لە یارانی عیسای پێغەمبەر کە خیانەتی لێکرد و فرۆشتی، ئێستاش ناوی لەسەر زارانە و فەرامۆش ناکرێت، کەچی نوخبەی ئێمە بە زۆر خەریکن خیانەتە یەک لە دوای یەکەکانی سەرکردەکانمان لە بیر دەبەنەوە و بە خزمەت و فیداکاری بۆیان دەقەبڵێنن لە پێناو پاداشێکی سووک و چرووک!
کورد گوتەنی؛ قسە هەزارە و دوانی بەکارە، ڕۆژانە دوای هەموو کارەساتەکانی بەسەرمان دێ؛ لەشەڕ، لە دزی، لە زۆرداری و لەهەموو نەخوازراوەکان دەگەمە ئەو ئەنجامەی وڵات کۆڵەواری دەستی نوخبە و ڕۆشنبیرەکەیەتی و وایان لەخۆ کردووە دەسەڵاتی سەرەڕۆ نە شەرمیان لێدەکات و نە حیسابیان بۆ دەکات، شەوانە لە پای تەلەفزیۆنەکان کە ئەو هەمووە مەداح و نوخبە و چاودێر و شارەزا لە ... دەبینم زۆرتر دڵنیا دەبم ئەم میللەتە جارێ دوورە لە ڕزگاری لە دەست عەبدایەتی و داگیرکاریی.

 

نوخبە و ڕۆشنبیرەکان دەبوو پێشەنگی کۆمەڵانی خەڵک بان لە ئازایەتی و قبوڵ نەکردنی زوڵم و زۆری و ملشوڕ نەکردن بۆ دەسەڵاتێک کە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوو دەیان جار ئیمتحانی زۆر خراپیان داوە، ئەوەندە لە دەسەڵاتەکە تورە نیم، کە لەم نوخبەیەی کە بانگەوازی "مەرجەع" بوونیان بۆ دەکات، توڕە و بێزارم، هەر ئەوانەی کە تا دۆینێ هیچیان نەبوو، مارکسی و لایەنگری هەژار و کرێکار بوون و هاتوهاواری  ڕۆشنگەرییان گوێی فەلەکی کەڕ دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ بە دەیان دۆنم باغ و دەرع و بە ڕیز وەنەوشە و سەیارەی زۆر گرانیان بە دواوەیە و بە چەندین قەسر و ڤێلا سەری لێشێواندوون شەو لە کامیان سەر بنێنەوە، هەر ئەوانەی کە لە نەبوونی و هەژاریدا دژیان بوون ئەمڕۆ بۆ پاراستنی سەروەت و سامان و پلە و پایەیان بێشەرمانە دەستیان داوەتە مەداحی و هەم خۆیان و هەمیش دەسەڵات باش دەزانن، کە درۆیان دەکەن و جێی بڕوا و متمانە نین! 


27/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر