'سەرۆكی حكومەت دەچێتە پەرلەمان سەرۆكی حكومەتی داوای رێكخستنی كۆبونەوە لەپەرلەمان دەكات'

عه‌لی که‌ریمی

بەڕاستی ئیتر بەسە دەست بادان و گێلاندن و فێل لە خۆتان و خەڵک کردن، ئاخر هەموو لایەک و هەموو کۆمەڵانی خەڵک ئاگادار و دەزانن ئەوە ماوەیەکە بە هیمەتی گروپەکانی ئۆپوزیسۆنی ناو پەرلمان حەول دەدرێت پرساندن و لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی حکومەت و جێگر و  وەزیری دارایی بکرێ. کارێکی سادە و ڕۆتینی و زۆر سادەی هەموو پەرلمانێکی دونیا، وایان لێکرد وەک  ئەوەی بەردیان بە کابە دادابێ و دنیاو ئاسمانیان ورووژاند، لە بەرتیل و هەڕەشە و کڕین بگرە کردیان هەتاکوو تێکدانی هاوپەیمانی لە گەڵ یەکگرتوویی ئیسلامی و دەرکردنیان لە حکومەتی خۆجێی دهۆک و تەنانەت هەڕەشە کردن لە دەرکردنیان و زۆر شتی تریش تەنیا بۆ ترساندنیان و کشانەوەی واژۆکانیان.

ئەم  هەموو هاش و هووش و ترس و توقاندنە بۆ کارێکی وا سانا و قانوونی تەنیا بۆ ئەوە بوو کوڕی جەنابی بارزانی لە شکۆی کەم دەبێتەوە گەر بێت و بە قسەی چەند پەرلمانتارێک بچێتە بەر دەمیان و تووشی پرسیار و  وڵام بکرێتەوە، ئەوە بۆ قامەت و  شکۆی جەنابیان قەباعەتە و شتی وا ناکرێت و نابێت.

سەرنجام پێداگری چەند پەرلمانتارێک و سوور بونیان وای لێهات تەنانەت بوو بە هۆکاری کێشەی ناوخۆی فراکسیۆنەکان و  زۆر کەس و دەنگدەر لە فراکسیۆنی هەڵبژێردراوی خۆشیان عاجز بوون. کار گەیشتە ئەوەی چەند ڕۆژان تەنیا لەسەر واژۆیەک کاری ئەوانەی دەیانویست پرساندن بکەن پەکی کەوتبوو. شەوی ڕابردوو بە هیمەتی پەرلمانتارێکی گۆڕان لە ئاخردا ڕێژەی واژۆکان تەواو کرا و ئیتر هیچ بیانوو نەما بۆ بانگ کردنی سەرۆکی حکومەت و ئیدارەکەی نا بەڵکوو باشترە بڵێم "جەنابی کوڕی بارزانی" .

ئەمڕۆ، سەیری ئەم زیرەکێ مناڵانەیە بکەن چی ڕووی دا، کە زانیان تازە فایدەی نییە و دەبێ بچێت بۆ پرساندن، فێڵێکی زۆر کەشفیان لە خۆیان و پەرلمان و خەڵک کرد و شتەکەیان کردە پێشدەستی خۆیان و ڕەوت و مانای داوکارییەکانی پەرلمانتارانی ئۆپۆزیسۆنیان وا لێکرد کە جەنابیان خۆی دەچی بۆ پەرلمان و بۆ ڕوونکردەوە و شەرحی ڕەوتی چاکسازی و پێشکەشکردنی وتارێک بۆ پەرلمانتاران، کردیان بە منەت و پێشدەستی خۆیان و رێگای ئەوەش دەبەستن کە خوای نەخواستە کەس جورئەتی پرساندن و لێکۆلێنەوە نەکات!

سەیری ئەم کۆمێدیا بکەن و بزانن کێن ئەوانەی چارەنووسی ئەم میللەتە مەزلووم و بێچارەیان بە دەستە و چۆن یاری بە هەموو شعور و کەرامەتی خەڵک و نوخبە و هەموو دام و دەزگا و حیزبەکان دەکەن!؟
دەسەڵاتیک کە تەنانەت بۆ پرسێکی وا سادە و قانوونێش لە گەڵ خەڵک شەفاف و سادق نەبێت دەبێ چاوەڕوانی چی لێبکرێت؟!


26/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر