ئێمە راست بۆی چووین یان ئەوانەی دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبی دا؟!

عومەر عینایەت

لە 27/11/2017 بابەتێكم لە پەیجەكەی خۆم بڵاوكردەوە بە ناونیشانی (دەنگدانی هەندێ لە نوێنەرەكانمان لە بەغدا بە یاسای (حەشدی شەعبی) لە پای چی؟!، هەمان بابەتم لە 30/11/2017 لە هەفتەنامەی ئاوێنەش بڵاوكردەوە.

بەو پەرلەمانتارەی لێم پرسی بۆچی دەنگتان داوە بە یاسای (حەشدی شعبی) و لە وەڵامدا ووتی (ئەگەرحەشدی شەعبی نەبوایە داعش كوردستانی داگیردەكرد)

مافی خۆمە بەو نوێنەرەو هاو ئاوازەكانی بڵێم :
لەسایەی سەری هەردوو حیزبی دەسڵات و نوێنەرەكانیان لە بەغدا بە هەندێ لە نوێنەرانی حیزبەكانی تریشەوە:
-    كەركوك و خورماتوت و خانەقین و جەلەولاو شەنگار و مەخمورتان باش
-    ناوچە جێناكۆكەكان واتە 51% سەرزەمینی كورستان ئێوە خۆش

راستە هێزەكانی هەردوو حیزبی هاووپەیمانی ستراتیژی بەرگریان لەم ناوچانە نەكردو لەبەرامبەر سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبی و پاسدارانی ئێران شكستیان خوارد، (وەك خۆیان بە خیانەت و شكست یەكتر تۆمەتبار دەكەن) وەجاخی مێژووی پڕشكست و خیانەتی نیو سەدە(1966-2006) بە دیوە ناشیرینەكەیدا رۆشن كردەوە مێژویان چەند بارە كردەوە. بەڵام ئایا ئێوە كە نوێنەری خەڵكی كوردستانن نەتانتوانی:

-    ببنە قەڵغانی مرۆیی و خەڵكی خورماتوو كەركوك لە جینۆساید بیپارێزن؟!
-    بە رێپێوان لە بەغداوە بكەونە رێ تا خورماتوو بە هەموو جیهان بڵێن ئێمە دژی دەركردن و كوشتن و ماڵ وێران كردنی ئەوانەین دەنگیان پێداوین، رێگری لە تعریب و تشییع وتتركی ناوچە كوردیەكان ئەكەین
-     پێیان بڵێن كە هێزی پێشمەرگە دانیشتوە كوردەكانی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەبوایە، ئێستا كەركوك و خورماتوو، حاڵین لە موسَڵ و شەنگار خراپتر بوو.
-    هەر هیچ نەبێت بەیانێكی گشتگیرتان دەربكردایە دژ  بە هەڵسوكەوتەكانی عەبادی و سوپاكەی......دەیان چالاكی دی كە دەكرا ئێوە بیكەن بەڵام سەد حەیف ...هیچمان نەدی
-    لەسەر ئەم هەموو پێشێلكاریانەی حەشد و سوپاكەی عەبادی، بۆچی سكاڵایەكتان لە دادگای فیدراڵی تۆمار نەكرد؟

من و زۆربەی لەوانەی كە دژ بەم یاسایە بوین باش دەركمان بەو پلانە ئیقلیمیە كردبوو، كە دژ بە كوردستان لە داڕشتندایە، بۆیە ووتمان دژی وەزیرە سونەكان و كوردەكان مەوەستنەوە، لێگەڕین با دەركردنیان دەستی ئێوەی تێدا نەبێت، با ئەم ناتەباییەی ئێوە، ناكۆكیەكانی نێو خۆمان لە كوردستان قوڵتر نەكاتەوە،  راستە وەزیرە كوردەكە گەندەڵ بوو، باشە دەستان خۆش متمتنەتان لێوەرگرتەوە، پرس ئەوەیە، ئایا هەموو دونیا بە عێڕاقیەكانیشەوە، ناڵێن عێرَاق لە ریزبەندی حەوتەهەمین ووڵاتە فاسدەكانی دونیایە؟! باشە پێمان بڵێن دوای لەكارلادانی وەزیرێكی كورد و وزیرێكی سونە متمانەتان لەكێ سەندەوە؟! بۆچی متمامانەتان لە وزیرێكی شیعە نەسەندەوە؟! ئێستا بە تەمان وەزیرەكەی گۆڕانیش بەدەردی ئەو دوانەی دی  بەرن و بیخەنە بەردەدستی دادگا مەزهەبیەكەی پەرلەمان، كە زیاتر لە حەوزەی عیلمی قوم نەجەف  دەچێ نەك پەرلەمان، بۆچی نەتان توانی وەزیرێكی شیعە بانگهێشتی پەرلەمان بكەن و متمانەی لێوەرگرنەوە؟! ئایا ئەو وزیرە شیعانە هەموویان پاك و بێگەردن؟! ئەی بۆچی مالیكیتان نەهێنایە گیروگاز لەسەر خۆبەدەستدانی سێ فیرقەی عێڕاق و تەسلیم كردنی یەك لەسەر سێی خاكی عێڕاق بەداعش؟! من بەرگری لە گەندەڵ و فاسد ناكەم بەڵام ناكرێت تەنها وەزیرە كوردەكان مەڕِبن!!!!!
ئێمە دەركمان بەم پلانە دەكرد دەمانزانی داعش دروستكراوی توركیا و ئێرانە و دەیانویست بە بیانوی بەرگری لە خاكی عێڕاق سیاسەتی هیلالی شیعی ئێرانیەكان بە تەواوی گۆنترۆڵی عێڕاق بكەن  و توركیاش پارێزگاری لەو شوێنانە بكات كە توركمانی لێدەژی و مۆركی تورك بوونی لەبەر بكات، وەك ئەوەی ئێستا لە خورماتو، تەلعفەر و كەركوك بە نیازە ئەنجامی بدات، ئێوەی نوێنەرانی كوردستان بۆ ناچن بارودۆخی خورماتوو و كەركوك ببینن؟! گریمان (ئەنجومەنی باڵای ریفراندەم)لەسەریانەوە پارتی  و یەكێتی ریفراندەمیان كرد و هەڵەیان كرد و سەریان دای لە بەردی شۆڤێنستی عەرەب وفارس و عەجەم، ئەی خەڵكی سیڤیل بڵێ چی؟ ئێوە بۆ بێدەنگن؟ دیارە هەندێكتان ناتوانن هەڵوێست وەرگرن، چونكە ئەوەی جینۆسایدی خورماتوو، كەركوك و شەنگال و مەخمور ئەكات، سوپایەكی مەزهەبیە كە هەندێكتان شوناسنامەتان بۆ دەرهێنان، ئەوان كاریان لەسەر تێكدانی یەكڕیزی ماڵی كورد و سیاسەتی پەرتكەو زاڵبە كرد و یەكەم هەنگاویان لە بەغداوە دەستیپێكرد و نوێنەرەكانی كوردستانیان لەت و پەت كردو دواتر وەك ئاوێنە لە 16ی ئۆكتۆبەردا لە كەركوك رەنگی دایەوە و ئەوەی دوژمن نەیتوانی بە كوردی یكات ناكۆكی ناوخۆ بۆی كردن، سەرنج بدەن كاتێك دێتە سەر دژایەتی كورد،  شیعەی عەرەب و شیعەی تورك و عەرەب و فارس و عەجەم،  هەموو ناكۆكیەكانیان وەلا ئەنێن و شەڕی كورد ئەكەن، با ئێران و عێڕاق و توركیا لێوان لێوالێبن لە گەندەڵی و ناعەدالەتی و ناكۆكی، بەڵام  نیوێنەراكانی ئەوان ئەو جۆرە بابەتە ناوخۆییانە ئەخەنە لاوە و دژی كورد یەكدەگرن، هەندێ لە نوێنەرەكانی ئێمە وەك ئەوەی لە پەرلەمانی سویسرابن كێشەی نەبوونی  دیموكراتی و نا عەدالەتی كوردستان، كردنی بە چەند پارچەوە و ئەوەندەی سەرقاڵی كوردستان بوون نیو ئەوەندە ئاگایان لە ئەركی پەرلەمانی خۆیان نەبوو لە بەغدا، ئەوەش دەرئەنجامەكەیەتی، هەندێ بایكۆت ئەكات هەندێ لە ژورەوە هەندێ لەگەڵ عەرەب و توركمان برا و ژمارەیەكیش دوژمن، تەنانەت لەت بوون لەناو خودی فڕاكسیۆنەكاندا هەیە.

لە كوردستان لەبری ئەوەی كە دوو حیزبی مافیای نەوت و تاڵانكەری كوردستان بەخۆیاندا بچنەوە و خۆیان رێكبخەنەوە و ریزەكانی پێشمەرگە تۆكمە بكەنەوە، وەك پیشەی میژووییان دەستیان كردوە بە تۆمەتباركردنی یەكتر بە ترسنۆكی و شكست و ناپاكی و بەكرێگیراوی ئەم وڵات و ئەو وڵات. 

سەرنج بدەن قەبارەی كورد لە حكومەتی بەغدا چی بەسەر هات؟! تەنها دوو وەزیر و سەرۆك كۆمارێكی دەستوپێ سپی و بەس، دوو وەزیر چی بكات لەناو ئەو هەموو گەندەڵ و خەڵكە مەزهەبیانەدا؟ فڕاكسیۆنە كوردستانیەكانمان لە بەغدا نەك لەگەڵ یەك ناتەبان بەڵكو، ئەندامانی فڕاكسیۆنەكان لەناوخۆیاندا هەركەسە بە ئاوازێك دەخوێنێ.
ئەوەی زۆر جیگای نیگەرانیە، سەرۆكی حكومەت بەردەوام خەریكی پارانەوە و كڕوزانەویە بۆ ئەوەی عەبادی گفتوگۆی لەگەڵ بكات، من تێناگەم، چی ماوە كە كورد نەیدۆڕێنێ، لەبری هەڵوێست وەرگرتن، پاڕانەوە بۆ؟! بۆچی لەبری گەڕانەوە بۆ بەغدا، فشاری كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی، لە عێراق تاقی ناكەنەوە؟ كە بەڕای زۆربەی شارەزایان كاریگەرترین كارتە كە كوردستان پەنای بۆ ببات دژ بەو ستەمەی كە عەبادی بە پشتیوانی هەردوو ووڵاتی ئێران توركیا لێیدەكەن.
 لە وڵاتانی دیموكراتی لەسەر كوژرانی كەسێك، ئاگر كەوتنەوەیەك، گەندەڵی لە وەزارەتێكدا، مانگرتن و خۆپیشاندانی كرێكاران و فەرمانبەران حكومەت هەڵدەوەشێتەوە، ئایا پاش شكستی سیاسی، ئابوری، سەربازی و دیپلۆماسی ئەم حكومەتە ؟! پاش ئەو هەموو گەندەڵی و بەتاڵانبردنەی سەروەتی ئەم میللەتە و بڕینی قوتی خەڵك، ئیتر بەس نیە بۆ ئێوەی بەناو حكومەت؟! بە چ رویەكەوە دەچنەوە بەغدا؟! و لێیان دەپاڕینەوە بۆ وتووێژ؟ بۆ گۆڕەپانەكە چۆڵناكەن بۆ خەڵكی پڕۆفیشناڵی دەستپاك؟ چۆڵی مەكەن بۆ ئێمەی گۆڕان، هیچ نەبێت  بوار بە كەسانی دەسپاكی ناو  حیزبەكانی خۆتان بدەن.

(ئەمەی خوارەوش دەقی ئەو بابەتەیە كە پارساڵ و لە هەمان رۆژدا واتە 26/11/2016 بڵاوم كردوە)

دەنگدانی هەندێ لە نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە یاسای حەشدی شەعبی لە پای چی؟
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نیشتمانی عێڕاق، یاسایەكی بەناوی یاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) پەسەند كرد، بە پێی ئەم یاسایە لەمەودوا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەبنە دامەزراوەیەكی سەربازی فەڕمی، هەموو ئەو ماف و ئیمتیازاتانەیان دەبێت، كە سوپای عێڕاق هێزە ئەمنیەكان هەیانە. بەم بۆنەیەشەوە وازیهێنان لە سوپا و روكردنە حەشدی شەعبی دەستیپێكردو و سوپای عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ.
ئەمەی ئێستا لە عێڕاق رودەدات، لە سەرەتای هەشتاكانداو دوای روخانی رژێمی شاهەنشاهی و هاتنی حكومەتی (ولایەتی فەقیه) لە ئێران رویدا و سوپای پاسدارن جێگای ئەرتەشی ئێرانی گرتەوە، شتێك نەما بەناوی ئەرتەش(سوپا)، دواتر وەك دامەزراوەیەكی سەربازی لاواز دروستكرایەوە و بووە پاشكۆی سوپای پاسداران بە ئێستاشەوە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ، كۆپی ئەزمونی ئێرانەو لە عێڕاقی عەرەبی دوبارە دەبێتەوە، بێدودڵی ئەكرێت بڵێین ئەمە یاسای (پاسداری شەعبیە).
لەسەرەتای دروستبونیەوە، حەشدی شەعبی دوژمنایەتی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگەو هەرێمی كوردستان نەشاردوەتەوە، روداوەكانی(خورماتوو، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە، خانەقین، داقوق) سەلمێنەری ئەم راستیەن.
لەكاتی دەنگدان بە یاسای (حەشدی شەعبی) نوێنەرە سونەكان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، بەڵام هەندێ لە فڕاكسیۆنە كوردەكان دەنگیان بە یاساكە دا.
وا پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا و دوای شەڕی داعش، هەرێمی كوردستان و هێزە چەكدارەكانی خۆیان بۆ شەڕێكی گرانتر ئامادە بكەن، ئەویش شەڕی سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبیە و لە پشتیشیانەوە سوپای پاسدارانی ئێرانە، لەو كاتەدا ئەبێت ئەم نوێنەرە كوردانەی كە لە بەغدان و دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبی داوە چۆن وەڵامی خەڵكی كوردستان ئەدەنەوە؟! چۆن وەڵامی  خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە ئەدەنەوە كە لە روبەڕوبونەوەكانی پاسدار شەعبیەكاندا شەهید ئەبن؟!
بۆچی نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نیشتمانی عێڕاق تا ئێستا نەیانتوانیوە یاسایەكی لەم جۆرە بۆ پێشمەرگە دەربكەن؟ پێشمەرگەش بكرێتە هێزیكی فەڕمی لەسەر ئاستی عێڕاق ، ئایا نەدەكرا لەبری دەنگدانیان بە یاسای حەشدی شەعبی ئەوانیش گەرەنتی یاسای هێزی پێشمەرگە وەرگرن؟
لە یەكێك لە نوێنەرەكانی كوردم لە بەغدا پرسی، بۆچی دەنگت داوە بە یاسای حەشدی شەعبی؟! لە وەڵامدا ووتی:
یەكەم: ئەگەر حەشدی شەعبی نەبوایە، داعش هەموو عێِڕاقی داگیر دەكرد بە كوردستانیشەوە.
دوهەم: ووتی بۆ ئەوەی مووچەی كارمەندان و مامۆستایانی هەرێم لە بەغداوە دابین بكەین.
سەبارەت بە یەكەم ئەرگۆمێنتی ئەو بەڕێزە، منیش ئەڵێم:
ئەوەی لەیاد چووە كە لووت شكاندن و تێكشكانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە دەستیپێكرد، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە داعش شەڕی كورد ئەكات، ئەگەر پێشمەرگە هاوكاری حەشدی شەعبی نەكردبێت نەماندیوە حەشد یارمەتی پێشمەرگەی دابێت(گوندی بەشیر بە نمونە) بەردەوام حەشدی شەعبی بۆ هەرێمی كوردستان تارمایی شەڕو رەمزی دوژمنایەتی بووە نەك دۆستایەتی و پاراستن و هاوكاری.
بۆ وەڵامی دوهەمی هیوادارم بتوانن مووچەو بودجەی هەرێم بەو شێوەیە كە كارمەندان مامۆستایان قایل بكات دابین بكەن، بۆ ئەمەشیان زۆری نەماوە، ئەم بیانوەشمان بۆ رونبێتەوە....ئیتر چاوەڕێین، بزانین نوێنەرەكانمان لە بەغدا (ئەوانەی دەنگیان بەم یاسایە داوە) باشی بۆچوون یان نا؟!!
هیوادارم:
من هەڵەبم و ئەوانەی دەنگیان بە یاسای حەشد داوە راست
من كورتبین و ئەوان دوربین
من نەتەوە پەرست و (وەك ئەو هاوڕێەم ووتی)، ئەوان ئینتەرناسیۆنالیست
عومەرە حاجی عنایت
26/11/2016


28/11/2017



وتارەکانی تری نوسەر