ئێوە واتان کرد بۆ یەکەم جار (شەیتان لەخودا جوانتربێت)

ئاشتی عەبدولآ
مەرگەساتی کوردەکان لەدەریای ئیجەدا، دەبێتە ئیدیۆمێکیتر لەفەرهەنگی مەرگەساتەکانی کورددا، هەروەک ئەنفال و هەڵەبجەو 31 ی ئاب و کارەساتی شەنگال.  
 
ئەم دەسەڵاتە کەی دەپرسێت، بۆ مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە ژیانی خۆیان و مناڵەکانیان دەدەنە دەست بێ رەحمی شەپۆلەکانی ئیجە؟ 
دەسەڵاتداران کەی دێنە وەڵام، کەی بەر بەم شاڵاوی هەڵاتنە دەگرن؟ کەی گەندەڵی و خۆسەپێنیتان کۆتایی دێت؟ کەی ئەم میللەتە لەم هەموو نەهامەتیە رزگاری ئەبێ؟ کەی چاکسازی راستەقینە دەکەن؟ کەی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەگەڕێننەوە؟ کەی گەندەڵی ریشەکێش دەکەن؟ کەی لێرە رێز لەکەرامەت و ژیانی مرۆڤ دەگرن؟

بێگومان چاوەڕێی هیچ لەم دەسەڵاتە، بەم فۆرمەی ئێستای ناکرێت. بۆیە هەق وایە هاووڵاتی لەبری کۆچکردن و هەڵاتنی لەدەست ستەم، لەنیشتمان بمێنێتەوە لەبری خنکانی لەدەریادا، لێرە تەنگ بەو دەسەڵاتە هەڵچنێ کەهۆکاری کارەساتەکانن.
کێ بەرپرسە؟ میللەتێک خاک و نیشتمانی خۆی جێدێڵێت و خۆی دەداتە دەست قەدەری مان و نەمان، یان لێرە لەبرسا هاوارییەتی و کەسیش گوێی لێناگرێ!

دەسەڵاتداران لەبری ئەوەی دوای ئەو هەموو کارەساتانە پەلە بکەن چارەسەری خێرا بدۆزنەوە یان دەست لەکاربکێشنەوەو بەجێی بێڵن بۆ کەسانێک شکستەکانی ئەوان راست بکاتەوە کەچی هێشتا بزە دەیانگرێت لەبەردەم کامێراکاندا! هێشتا خەریکی ئیتیفاقیاتی نەوت و غازن، ئەوان تێرنابن، لەوان گەڕێن تروسکاییەکیان لێ بەدی ناکرێت.

بۆ رێگری لەکۆچ و مەرگ و رێگری لە زیاتر برسی بوونی خەڵک، دەبێت هەنگاوی خێرا هەبێ، کەسانێک هەبێ لەدەسەڵاتداران دڵسۆزتربن. 

لەئێستادا ئەرکە لەسەر شانی هەموو (مرۆڤدۆستێک، میدیاکان، رۆشنبیران، ئەندام پەرلەمانەکان، هەموو چین و توێژەکان) ئەم کارەساتانە ئەوان بێنێتە قسە و، هەست بەلێپرسراوێتی مێژووی خۆیان بکەن. بەهەمووان هۆشیاری لەناو خەڵک دا بڵاو بکەنەوە و مەترسییەکانی ئەم کۆچە بەکۆمەڵە بۆ خەڵک روونبکەنەوە، پاڵپشتی هاونیشتیمانیەکانیان بن، لەگەڵیان بن، تا لەوڵات بمێننەوە پێکەوە هەوڵی چاکسازی و گۆڕانکاری بدەن. 

ناکرێت ئێوەش وەک دەسەڵاتداران تەنیا لەشاشەکانەوە قسە بکەن شرۆڤە و تەحلیلی سیاسی بەخەڵک چی، هاونیشتیمانیەکانتان دەمرن رۆژانە! ناکرێت ئێوەش وەک دەسەڵات خەمساردبن تەنها بۆخۆتان بن و بێ دەنگ بن.

ئەمە چ ئاماژەیەکە، لەکاتێکدا میللەتێک بەشێکی لەدەریا بخنکێ و بەشێکی لێرە برسی بێ، دەسەڵاتدارانیش بزە بیانگرێت و نزگەرەی تێرێیان بۆنی نەوتی لێبێت. ئێوەش تەنیا رەخنەی شەرمنانە بگرن.

هیوایەک بدەنە هاوونیشتمانیەکانتان پێیان بڵێن کەپێکەوە لەنیشتمان دەبین، بمێننەوە یان چاکی دەکەین یان ئەوەی دەبێت بڕوات دەسەڵاتە نەک ئێوەی هاووڵاتی.

مێژوو مەرگی میللەتێک و برسێتی میللەتێکی نووسییەوە.

هەروەک چۆن مێژووی پڕ شەرمەزاری و خۆسەپێنی دەسەڵاتیشی نووسیەوە، کەهۆکاری مەرگ و برسێتی هاووڵاتیەکانیەتی .
ئاواش هەڵوێستی خەڵکە خەمخۆرەکانی دەنوسێتەوە.

ئەگەر نا بێ دەنگیشتان لەکاسێتێکی بەتاڵدا تۆمار دەکات.

ئەگەرێکی زۆرە ژمارەی قوربانیان لەئیجە و لێرەش روولەزیاد بوون بکات، تاکەی چاوەڕێی دەسەڵاتێکی شکستخواردوون، کە خۆیان هۆکاری نەهامەتییەکانن، ئەوان وایان کرد ئێمە لەدەریا بخنکێین و لێرەش برسی بین. پێشتریش هەر ئەوان وایان کرد، دەبابەی دوژمن دوای ئازادی وڵات بگەڕێتەوە، ئەوان وایان کرد لەشەری ناوخۆ یەکتربکوژن، زۆریان کرد تا میللەتێکیان سەرلێشێواو کرد. بەختیار علی دەڵێت:-
ئێوە واتان کرد بۆ یەکەم جار ( شەیتان لەخودا جوانتربێت).
کەسێک بێتە دەنگ، رێ لەمەرگ بگرێ لەم نیشتمانە، شەیتان رەجم بکات و جوانی خودا بۆ ئەبەد بهێڵێتەوە.


02/02/2016



وتارەکانی تری نوسەر