وتەیەک ھەیە ئەڵێت:- لەھندستان ھیچ سیاسیەکی بوێر نیە ئەوە روونبکاتەوە، کە گۆشتی مانگا بۆ خواردنە.
لەمەفھومی بوێری سیاسیەوە و سەبارەت بەریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان و ئەو سەوداومامەڵەیەی، کە بە ریفراندۆمەوە ئەکرێت تا ئێستا سیاسیەکی بوێر نەبووە رووبەروو لەکۆبوونەوەیەکدا بە بارزانی بڵێت، کە ریفراندۆم پرسێکی نیشتمانیە و ئەو کەشتیە نیە کە بتگەیەنێتە کەناری ئارامی بەنایاسایی ھەر لەعەرش بمێنیتەوە.
وە بەھەمان شێوەیەش لەئێستادا بەو ئاراستەیەی تر بڵێت کەریفراندۆم سەفقەیەکی بازرگانی نیە بەکۆکردنەوەی نەخێر تەندەری پێ وەربگیرێت.
ھەر زوو زۆرینەی رۆشنبیران و چالاکوانان و خەڵک، بەدەنگێکی بەرزو وتیان نەخێر بۆ ریفراندۆم لە٩/٢٥دا، چونکە ئەم نوخبەیە زوو درکیان کرد، کە ئەو وادەیە گونجاو نیە و زووە بۆ پرسێکی وەھا گرنگ لەکاتێکدا زەمینەسازی بۆ نەکراوە و دام و دەزگا تەشریعیەکان داخراون.
نەخێری ئەم چینە لەکۆمەڵگە نەخێر نەبوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە تەخوین کران لەبەرامبەردا، بەڵکو نەخێرێک بوو بۆ ئەو مەترسیانەی کەھەموو ئەگەر و پێشھاتەکان پێمان ئەڵێن، کە مەترسیەکان زۆر زیاترە لەوەی کە بە سانایی باس ئەکرێت، لەسەروو ھەموو مەترسیەکانیشەوە، ژیانی تاک و چارەنووسی ئەم ھەرێمەیە، ھەروەھا ئەگەرێکی کراوەیە کە پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم مەترسی بێت بۆ لەباربردنی خەون و ئامانجی نەتەوەیەک، کە مێژوویەکە قوربانی بۆ ئەدات، وە بەدوایدا مەترسی تێکدانی نێو ماڵی کورد بە جۆرێک، کە زیاتر کێشەکان قولترئەبێتەوە.
لەدرێژەی ئەو ھەڵوێست و بۆچوونانەی لەسەر ریفراندۆم ھەیە، رۆژ بەرۆژ ئەم پرسە زیاتر لێکەوتە بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەم چەند رۆژە بۆچوونێکی نالۆژیکی ئەبیسترێت ، ئەویش وەک چۆن لەسەرەتا ھەندێک بێ خوێندنەوە و واقعبینی لەداخی بەڵێکەی بارزانی ھاواری نەخێری بوو، ئێستاش کەشاسوار عبدلواحید بەنیازە کەمپینێک رابگەیەنێت و نەخێر دروشمی بێت، کەپێمان وایە درەنگ کەوت و پێش ئەو ئەم نەخێرە مەساحەیەکی زۆری گرت لەنێو ھاوکێشەکەدا، بەدەر لەوە دیسان زۆرێک بێ خوێندنەوەو واقعبینی ، لەداخی شاسوار ئەلێن بەڵێ،
ئەم دوو مەفھومە بەھەردوو بارەکەدا ھەڵەیە.
لەحاڵەتی یەکەمدا کەتایبەتە بەبارزانی پێویستە لەبری رق و کینە روئیایەکی روونترمان ھەبێت و پێی بڵێن ئەم پرسە نیشتمانیە و نەتەوەیەک خاوەنیەتی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلێکە ، نەخێرمان بۆ ئەو بریارە تاک رەوانەی خۆت و حزبەکەتە کە بەنایاسایی بەکۆڵی شەپۆلەکەوە ئەتانەوێت بپەڕنەوە، بەبێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان.
لەحاڵەتی دووەمیشدا پێویستە بوترێت کە نەخێری زۆرینە ھەر لەگەڵ راگەیاندنی بڕیارەکەبووە ، بۆیە لێگەرن ئەم پرسە، تەندەرێک نیە سەوداومامەڵەی پێوەبکرێت.
گرنگە سووربین لەسەر بۆچوون و رای خۆمان و خەمی چارەنووسی میلەتێک تێکەڵی کینە و بەرژەوەندیەکانی ھیچ لایەکی نەکەین و سەبارەت بەریفراندۆم واقعبین بین، نەلەداخی بارزانی بڵێین نەخێر و نە لەداخی سەرمایەدارێک بڵێین بەڵێ ، چارەنووسی میلەتێک نەدەینە دەست رق و کینە بۆ ئەویان و ئەمیان، ئەوەی ژیان و گوزەرانی لەبەردەم مەترسیدایە خۆمانین (میلەت) . دروست وایە دنیابینیمان بەجۆرێک بێت کە بەلۆژیک قسە لەسەر داھاتوومان بکەین، بەرپرسیاربین بەرامبەر خەباتی رابردوو و ئێستامان و داھاتوومان، خوێندنەوەمان بۆ داھاتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵک و داھاتووی ھەرێم بێت، کۆک بین لەسەر ئەوەی سەربەخۆیی ئامانجمانە و ناشبینە ئامراز بۆ ھێنانەدی خەون و بەرژەوەندی کەس، بەدەنگێکی بەرزو متمانەوە ئەڵێن ( نا ) بۆ ریفراندۆم لە ٢٥/ ٩/ ٢٠١٧ دا.
لەکۆتایدا بوێری ئەوەیە سیاسیەکی ھندی بیت و لەھندستان بڵێی گۆشتی مانگا بۆ خواردنە و لەکوردستانیش بوێری ئەوەیە بڵێت نا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە٩/٢٥ دا، بەڵێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و باشترکردنی ژیانی خەڵک و ئاشتەوایی و زەمینە سازکردنی دەرفەتێکی لەبار و گونجاو بۆ سەربەخۆیی کوردستان .