دۆڕاو کێ یە؟

ئامانج هەرتەلی

ئەوەی ناوی پێشمەرگە و سەربەخۆی و خوێنی شەهیدان دەکاتە قەلغان و بازرگانی پێوەدەکەن . ڵەولاشەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوشارەکان لەسەر پێشمەرگەو کەسووکاریان و خانەوادەی شەهیدان قورستر دەکرێت ، ئازاری زیاتریان دەخرێتە گیانیان .

گوشار و گەمارۆ جۆراو جۆرەکان ، کەدەسەڵات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ  لەسەر خەڵک زیاد دەکات و دەیەوێت بە گەمارۆکانی وا لەمیللەتبکات ، کەڕازیبێت بەوجوغزەی خۆی کێشاویە ، لەدواجاریشدا خۆی بەبراو خەڵک بەدۆڕاو هەژمار بکات .

لەکاتێکدا لەهیچ وەختێک میللەت و گەل دۆڕاو نەبوە ، بەڵکو دۆڕاو ئەو کەسانەن خۆیان بەدەسەڵاتەوە گرتوەو بەردەوام بەدوای سیناریۆدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خەڵک بەخۆیان وابەستەبکەن ، لایەنی دۆڕاو بەم خاڵانە دەناسرێتەوە ،

یەکەم : هێزێک پشتی کردەخەڵکەکەی و پاڵی دایە دوژمن و بارەگای دووژمنی گەلەکەی هێنا لەسەرخاکەکەی جێگیر بکات ، بۆئەوەی لەحاڵەتی پێویست بەهانایەوەبێت و بیپارێزێت ، بەقسەی ئەویش براکانی خۆی بکوژێت و سنور بەسەر هاونیشتمانیەکانیدا دابخات ، وەک بونی هێزی تورکیا لە هەرێم و داخستنی سنوری خۆرئاوا ، دژایەتی خەڵکی باکور

دووەم : درووست کردنی دەیان جۆر گوشاری خەسێنەر بۆسەر میللەت ، تا میللەت ڕابێنێت لەگەڵ ئەو دۆخەی خۆی بەپیلان درووستی کردوە ، بۆئەوەی بەمانەوەی لەدەسەڵات ڕازیببن ،هەموو ڕێگایەکی ناشەرعی گرتۆتەبەر بۆئەوەی بیباتەوە ، بەمەش خەڵکی توشی سەر لێشوان و گێژکردن کردوە  ، هەڕلە بڕینی مووچەی خەڵک و هەڕاج کردنی نەوت و گرانکردنی نرخی سووتەمەنی و بڕینی کارەبا و دەست بردنی بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی تری ژیانی هاوڵاتیان ،هەموو ئەمانە گەلیان خستۆتە قۆناغێک ، پێیدەوترێت قۆناغی خەفەکردن .

سێ یەم : ئەو دەسەڵاتەی ڕێگای هەڵکوتانەسەر و کوشتن و بڕین و ڕێگای تیرۆر لەبەرامبەر خەڵکی ئازادی خوازی گەلەکەی هەڵبژێرێت و ڕێگا لەچالاکیەکانی بگرێت ، لەکاتێکدا لەپێناو ژیانی ئاسای خۆی ڕێگای خۆپیشاندان و مانگرتن دەگرێتەبەر ، لەولاشەوە ئەندام لایەنگری لایەنەکانیتر لەژێر هەڕەشەو گوڕەشەو کڕینیاندا دووریاندەخاتەوە لەلایەنەکان ، ئەوەی بەچاو سورکردنەوەو کڕین ملی بۆ دەسەڵات کەچ نەکرد ، لەبەردەی تۆمەتێکدا لەناودەبرێت و لەسیناریۆیەکی داخداریشدا پەردەپۆش دەکرێت .

ئەو کارە دڕندانانەی دەسەڵاتی ستەمکاری کوردی لە پێناوی مانەوەی خۆی دەیگرێتەبەر ، نیشانەی دۆڕان و دواقۆناغی سووڕی چالاکیەتی ، دواقۆناغی بێ متمانەی و لەدەستدانی هەیەبت و شکۆیەتی ، بەردەوام هزری بەلای چەوساندنەوەی خەڵکەکەیەوە،

هزری لای هەموو کاولکارییەکە و هەمووڕێگایەکی کاولکاری هەڵگرتوە ، ئەوەی ببێتە ڕێگری لەم کاولکاریە ، دەچێتە خانەی خیانەت و ئیرهاب و خۆفرۆشیەوە ، ئەم هزرە کاولکاری و دۆڕاوە خۆسەپێنە داسەپەوای سەرکۆمەڵگای کوردی ، لە پەکخستنی پەرلەماندا و بڕینی مووچەی خەڵک ئەشکەنجەو ئازاردانی میللەتدا خۆی دەبینێتەوە  ،

ئەم هزرەی بەناوی حوکمڕانی لەم هەرێمە هەیە ، هزر و کارەکتەری دۆڕاو بەڕێوەی دەبەن و دۆڕانی گەورە لە چارەیاندا دیارە هەرلە بڕینی نەفەسی ئازادی ، و خەفەکردنی دەنگی دلێر و کوژاندنەوەی ڕەنگە جوانەکان ، داگیرساندنی ڕەنگی مردوو.

دواجار میللەت لە سەنگەری بردنەوەدایەو هێز و لایەنی حوکمڕانی دۆڕاویش ، زوو یان درەنگ دەبێ بەدۆڕاوی لە یاریگای میللەت بڕوات و باجی هەموو ئەو تاوانانە بدات کە زەمەنێکە بەناوی بردنەوەی خۆی بەسەر میللەتدا کردویانە ، تالە کورسی خۆشگوزانی بمێننەوە

04/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر