میر و سەرکردەکان چ لە مێژوو فێربوونە؟!!

ئامانج هەرتەلی
ئەوەی تێی گەیشتووم روخانی تەواوی میر و سەرکردەکانی کورد، نە دووژمنی دەرەکی و نەهۆکاری جوگرافی و نەخیانەتی ناوەخۆ یاخود ئاینی  بووە، بەڵکو تاکە شتێک کە هەمووم میرو سەرکردەکانی کوردی روخاندوە، ئەوەی پەناشی بۆخیانەت بردوە بریتی بوە لەهۆکاری ئابووری، هۆکاری ئابووری وایکردوە بەتەواوی هەموو دەستەڵاتێکی کوردی لە ناوبچیت. بە لەناوچونی ئەم دەستەڵاتدارانەش بەهۆی خۆ دەوڵەمەند کردن وبرسی کردنی خەڵکەکەی بووە.

 خەڵکەکەشیان لەبری پشگیری دەسەتەڵاتداران لەکاتی مەترسی بۆ سەرهەرێم یاخود میرنشینەکەیان پشتیان لە سەرکردەکانیان کردوە، وەک چۆن ئەوان لەکاتی خۆشی و دەسەڵاتیاندا پشتیان لەگەلەکەیان کردوە و چەوساندونیانەتەوە برسیان کردوون ئەوەش تاکە هۆکار بووە، بۆیە ئەوەی ئێستا روودەدات لەهەرێم درێژکراوەی هەمان سیاسەتی پێشوی سەرکردە و میرە کوردیەکانە، کە هەڵساون بەبرسی کردنی خەڵکەکەیان لەپێناوی خۆشی خۆیان بەخشینەوەی دیاری بەکەسانی دەوروبەر و بە ئەوانەی لێیان ترسان بەدرێژای مێژوو،.

ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێت هەموو ئەوەیە سوود وەرنەگرتنە لەمێژوو، سود وەرنەگرتنە لەئەزمون و گەرانیانە بەدوای تێرکردنی حەز وئارەزوەکانی خۆیان سەرەنجامیش بەبرسی کردنی گەڵ کۆتای هاتوە. سەرکردەکانی کورد لە ئێستا ئەوەی لە ژێر دەستیاندایە لەم هەرێمە بەدرێژای ٢٧ ساڵی رابردوو هەموو وەسائیلێکی دەوڵاتداری و بەیەکەوە بەستنی تەواوی کوردستانیان لەبەردەستە. ئەگەر بۆ میرنشینەکانی پێشوو هۆکاری جوگرافی زەمینەسازی نەکردبێت بۆیەک گرتووی کە مێژوونوسان باسی دەکەن، ئەوا بۆ ئەم دەستەڵاتدارانە لەبار بووە، بەڵام لەئێستادا کراوەتە چەند هەرێمێک،

ئەوەی ئێستا لەم هەرێمە  دەگوزەرێت لە پاوان کردنی دەستەڵات بریتیە لە خۆدەوڵەمەند کرد و روتکردنەوەی میللەت، کاتێکیش میللەت ئەو هەموو داهاتەی ئێوە دەبینێت و خۆشی لەبرسیەتی ونەهامەتی گەورەدا دەبینێتەوە، ئیدی سەرکردەو دەوڵەتی لەلا دەبێتە پارویەک نان، کاتێکیش مەترسی شاڵاوتان بۆدێنیت، ئەوا گەل خۆی لەم مەترسیە دەبوێرێت، زۆرن ئەوانەی کۆشکیان بەخوێنی گەلەکەیان  بنیات ناوە لەزێڕ و بەدەستی دوژمنان تاڵان کراون، لەمێژووشدا بەجەلاد ناویان هاتوە.

سەرکردەکانی کورد سودیان لەرابردوی میرنشینەکان ومیر و گزیرانی کورد وەرنەگرتوە، هەروەها روداوەکانی خۆشیان پەندیان پێنەداون، لەگەڵ ئەوەشدا جەلادەکانی هاوسەردەمیان نەبونەتە وانەیەک بۆ خۆیان، بۆیە ئەوەی روودەدات نەخوێندنەوەی روداوەکانە بەقوڵی و هەڵنەسەنگاندنیانە، بەڵکو ئەوەی وەریان گرتوە بەشیوەیەکی سادە بوە، هەرئەوەشە بۆتە هۆی کەوا سەرکردەکان لەخۆیان دەربچن و ماڵێ گەل بدەنە بەرشەق و لە لەزەت وخۆشیی خۆیان بەتاڵێ بکەنەوە.

بۆیە مێژوو تەنها گێرانەوەی رووداونیە بەتەنها بەڵکو فەلسەفەی دەوڵەتداری وبنیات نانی سیاسەت و پێشبینی گەورەیە بۆ ئایندە، ئەوەی لە فەلسەفەی گێرانەوەی روداوێک یاخود بینی سودوەرنەگرێت کۆتایەکەی گەیشتنە بەخاڵەی کەهەموویان لەکۆتایدا پێی گەیشتوون، ئەوەش بەرەنجامی ناهۆشیاری و خەفەی خۆیانە بەسەر کۆمەڵێک راوێژکاری نەخوێندەوای بەرژەوەندی پەرست، زۆرجاریش خۆبەگەورەبینین و گەورەی عەقڵی بەسەرخەلکانیتردا دۆخێک دروستدەکات، کەخودی خەڵک برەوێتەوە لەم سیستەم ودەسەڵاتە.

ئەوەی ئەمرۆ لەباشور دەگوزەرێت رێک پەند وەرنەگرتنێکی رون و ئاشکرایە، لەلایەک گەل بێ هیوا بوە لەم سەرکردانە، کاتێک هەموو خۆش گوزارنیەکیان تەنها بۆخۆیان دەوێت، لەپێناوی خۆشی خۆیاندا باج و قورسای زۆر دەخەنە سەر خەڵک و بەوەش دڵسۆزیان توشی کەمی و لەناوچون دەبێت، وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە، ئەوەی دەبینرێت تەواوی داهاتی ئەم وڵاتە دەچێتە خزمەت کۆمەڵێک بەرپرس. برسیەتیش تینی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا هێناوە، سەرەنجامیش دۆخێک بەرهەم هاتوە متمانە لەنێوان کەسدا نەماوە.

گرفتی گەورە کە رودەدات ئەوەی هەرمەترسیەک روو لەم هەرێمەبکات کەس ئامدەباشی تێدانیە خۆی بکاتە قوربانی ئەم کۆمەڵە بەرپرسە بەرژەوەندی خوازە، سەرنجام دەروخێت ودواجاریش کۆمەڵێک مێژوو نووس دێن چەندین خاڵ دادەرێژن بەناوی هۆکاری جۆراو جۆر بەڵام کەسیان نایەن بڵێن ئەوەی ئەم دەستەڵاتەی روخاند خیانەت و دەستی دەرەکی و دووژمنانی دەوروبەر نەبوو، بەڵکو هیچ کاتێک ئەزموونی ئەم هەرێمە لەوە باشتر نەبووە بۆپشگیری نێودەوڵوتی وجێگیربوونی سیادەی ئەم هەرێمە، بەڵکو ئەوەی رویداوە چەوەساندنەوەی بێشومار و تاڵانکردنی هەرێم کۆکردنەوەی پارە بووە، کۆکردنەوەی پارە وایکردوە کەس متمانەی بەمانە نەبێت، هەر کۆکردنەوەی پارەشە رۆژ لەدوای رۆژ لە ناوەخۆ و لەسەر ئاستی دەولی وهەرێمی متمانە لەدەستدەدەن، تاگەیشتۆتە قۆناغی رووخان.

تاکە سەرکردەیەک کەلەم دۆخە گەیشتبێت وسود و پەندی لە رابردوو وەرگرتبێت، بەئەزمونەوە دڵی دۆستی راکێشابێت و دوژمنی سەرمەست کردبێت بەرێزنەوشیروان مستەفابوو، بۆیە هەموو هێزەکان دووژمنایەتیان دەکرد، چونکە دەیانزانی ئەم پیاوە ئەزموونی خۆی و روداوەکانی مێژوو کاری تێکردوە، لەگەڵ ئەوانیش دژە، دژی کۆکردنەوەی پارە و خۆشی خۆی بوو، هەر ئەو رێگایەش وایکرد بگاتە سەردڵێ گەل. دژایەتی ئەم پیاوەش لەسەرئەساسی ئەوەبوو کە خۆشی بۆ هەموان دەویست بەڵام ئەوان تەنها بۆ خۆیان. ئەوەی ماوەتەوە ئەوەی هەرکەسێک بیەوێت لەسەرکردەکان گەلەکەی پارێزت وخۆشی بەگەورەی و بەسەر بەرزی بمرێت دەبێت لە خۆش گوزەرانی خۆی دورکەوێتەوە ماڵی گەل بگێرێتەوە بۆ گەل ئەگینا گەل و دەستەڵات چی سەروەت هەیە لەدەست دەدەن، ئیتر هەربڵێن خیانەت ودەستی دەرەکی، بەڵکو ئەوانەهیچیان نین ئەوەی هەیە لەناوتان دەبات ماڵی ئەم گەلەیە نەوەک خیانەت، تۆزێک وردبنەوە بزانن چیتان هەبوو لەپێشدا و ئێستاچیتان هەیە، گەل چی بۆدەکردن پێشوو ئێستا چتان بۆدەکات.

10/09/2018



وتارەکانی تری نوسەر