سیاسەتمەدارو تۆڵەکردنەوە لە رۆژنامەنووس

ئاسۆس هەردی
ئەو کاتەی عەبدوڵڵا گول سەرۆک کۆماری تورکیا بوو، یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن هێرشێکی توندی کردە سەرو لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن تۆمەتباری کرد بەوەی دژی تورک‌و تورکیایەو گوایە "دایکی ئەرمەنییە"!

گرنگە ئەوە بزانین کە لەدوای جینۆسایدی ئەرمەنەکانەوەو بەهۆی پڕوپاگەندەی دەوڵەتی عوسمانی‌و پاشانیش کەمالیستەکانەوە دژی ئەرمەن، بە "ئەرمەنی" لەقەڵەمدانی تورکێک، بە تۆمەتێکی گەورەو سووکایەتییەکی گەورە حساب دەکراو تائێستاش لەسەر ئاستی شەقامی تورکی هەر وایە. دیارە بۆ سەرکردەیەکی وەک گول، کە سەرەک کۆمار بوو و بۆخۆیشی ئیسلامییە، ئەم تۆمەتە زۆر گرانتر دەکەوتەوە.

بەڵام ئایا کاردانەوەی سەرەک کۆمار چی بوو؟ وەکو هەموو هاوڵاتییەکی سادە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە لە دادگا سکاڵای تۆمار کردو وەک قەرەبوو داوای یەک لیرەی تورکی کرد. بەڵێ تەنها ١ لیرە! بۆچی تەنها یەک لیرە؟ پێم وایە حیکمەتی ئەم بڕیارەی عەبدوڵڵا گول لەوەدابوو، ئەوەی لای ئەو مەبەست بوو، بردنەوەی رەهەندە مەعنەوییەکەی داواکە بوو، نەک تۆڵەکردنەوەو دەستکەوتی ماددی. بیگومان داواکەشی بردەوە، لەبەر ئەوەنا کە سەرەک کۆمار بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی لەسەر هەق بوو.

لە کوردستانی خۆماندا، تەواو پێچەوانەی ئەو مەنتیقە عەقلانی‌و کراوەیە، زۆرینەی حیزب‌و سیاسەتمەدارەکانمان هەتا ئێستاش بە مەنتیقی خێڵ‌و تۆڵەسەندنەوە مامەڵە لەگەڵ میدیاو میدایکاراندا دەکەن. ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ نەبێت، رەهەندە مەعنەییەکانەو ئەوەی هەمیشە لەخەیاڵیاندایە ئەوەیە چۆن سزای بەرامبەرەکەیان بدەن‌و بە تێگەیشتنی خۆیان "بیکەن بە پەند!" بۆ ئەوەی کەسی تر جورئەت نەکات پەنجەیان بۆ راکێشێت. هەموومان لێشاوی ئەو سکاڵایانەمان لەبیرە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەسەر میدیاو میدیاکارانی کوردستان لەلایەن حیزب‌و سیاسەتمەدارەکانەوە تۆمارکراون‌و، هەر یەکەیان داوای سەدان ملیۆن دینار قەرەبوویان دەکرد. دوا نموونەش ئەو سکاڵایەیە کە لەسەر سەرنووسەری پێشووی ئاوێنە، هاوڕێم شوان محەمەد تۆمار کراوەو داوای (١٠٠ ملیۆن دینار!)ی لێدەکرێت.

عەبدوڵڵا گول دەیویست بە بردنەوەی ئەو داوایە، بەدوور لە مەنتیقی چاوترسێن کردن سزایەکی مەعنەوی بەرامبەرەکەی بدات‌و خۆیشی لەرووی مەعنەوییەوە قەرەبوو بکرێتەوە. ئەمان دەیانەوێت بچووکترین کەلێن لە کاری رۆژنامەگەریدا بکەنە دەرفەتێک بۆ دەمکوت کردن‌و لەئەنجامیشدا بەرتەسک کردنەوەی رووبەری ئازادی لە کۆمەڵگەدا.

لەکۆتاییدا دەبێ ئەوەش بڵێم کە جێنشینەکەی گول، واتە رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەک ئەو رەفتاری نەکردو رێک بە عەقڵییەتی سیاسەتمەدارەکانی لەمەڕ خۆمان مامەڵەی لەگەڵ ئەم جۆرە کێشانەدا کرد. ئەمڕۆ دەستگیرکردن‌و سزادانی ژمارەیەکی زۆر نووسەر، رۆژنامەنووس‌و تەنانەت خوێندکاری ئامادەییش بە تۆمەتی ئەوەی سووکایەتییان بە سەرۆک کۆمار کردووە، بۆتە دیاردەیەکی رۆژانەو ئاسایی. پێدەچێ لەخۆڕا نەبێ کە ژمارەیەکی زۆر سەرکردەی سیاسی ئێمە، سەرسامن بە ئەردۆغان!

28/05/2015



وتارەکانی تری نوسەر