پاش دانیشتنەکەی پەرلەمان چی بکەین؟

ئاسۆس هەردی

دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان هەرایەکی زۆری ناوەتەوەو جۆرێک لە گرژیی لەنێو کایەی سیاسی‌و جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا دروستکردووە. پێم وایە لەم دۆخە ناسکەدا دەبێ هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین بەدوور لەو حەماسەتە ئایدیۆلۆجی‌و شەڕە قسەو بە خائینکردنەی یەکتری، بە هێمنی لە دیمەنەکە بڕوانین‌و قەیرانەکە بکەینە دەرفەتێک بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ تێپەڕاندنی خودی قەیرانەکەو، داڕشتنی بناغەیکی پتەو کە لەداهاتووشدا بەرگەی زەمین لەرزەی قەیرانی لەوجۆرە بگرێت.

پێشەکی دەبێ ئەو راستییەمان لەبیر بێ، کە ئەو هێزە سیاسییانەی ئەمڕۆ لە کایەی سیاسی کوردستاندا ململانێ دەکەن، بەرهەمی کۆمەڵگەی کوردستانن‌و لەگەڵیان بین یان نا، هەریەکە بەپێی قەبارەی خۆی نوێنەرایەتیی بەشێکی کۆمەڵگەکەمان دەکەن. نە کەسیان لە دەرەوەی کوردستانەوە هاتوون‌و نە لەئاسمانیشەوە باریون. ئەندام‌و لایەنگرەکانیان دۆست‌و ناسیاوو هاوڕێ‌و هاوپیشەو کەسوکارمانن، یا لانیکەم هاوڵاتی‌و هاوچارەنووسمانن. لێرەشەوە پێم وایە:
یەکەم، ناشریترین شت ئەوەیە تەنها لەبەر ئەوەی ئەم یان ئەو کەس‌و گرووپ وەک ئێمە بیر ناکەنەوە، بە خائین‌و دوژمن‌و دەستی دوژمنان وێنایان بکەین. بەداخەوە ئەوەی لەم دوو رۆژەدا بینیمان، هیچی لە شەڕە قسەی سەردەمی شەڕی ناوخۆ کەمتر نەبوو، هیچ یەکێک لە لایەنەکانیش، یاخود لانیکەم لایەنگرانیان، لەو ناشرینییە بەدوور نەبوون.
دووەم، هیچ یەکێک لەم هێزانە ناتوانێت بڵێت من نوێنەری هەموو کۆمەڵگەم‌و هەرچی لەگەڵ من نەبێت دژی کوردستانەو پیلانی دوژمنان جێبەجێ دەکات. لە ئەمڕۆ دەبینین گەورەترین هێزی سیاسی واتە پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنها ٣٨ کورسیی هەیە کە ناگاتە رێژەی ٣٥٪ی کورسییەکانی پەرلەمان، چجای هێزەکانی تر کە رێژەکەیان لەوەش کەمترە. خۆ ئەگەر کەسێکیش دەنگەکانی سەرۆکی هەرێم وەک پێوەر وەربگرێت، ئەوا روون‌و ئاشکرایە ئەو دەنگانە تەنها بۆ چوار ساڵ بووەو تەواو بووە.

ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی کوردستاندا روویدا، تەنانەت بەوتەی ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتیش کە دوێنێ ئێوارە لە رووداو قسەی دەکرد، لە رووی یاسایی‌و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان‌و عورفی پەرلەمانییەوە هیچ خەوشێکی لەسەر نیە. پرۆژەی یاسا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لەبەرنامەی کاردا دایناوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت. لەبەرمبەردا، فراکسیۆنێک یان چەند فراکسیۆنێک وەک ناڕەزایی دانیشتنەکەیان جێهێشتووەو هەوڵیان داوە نیسابی یاسایی تێک بدەن بۆ رێگەگرتن لەو پرۆسەیە. هەموو ئەمانە، بە هەڵوێستی فراکسیۆنە ناڕازییەکانیشەوە، شەرعی‌و یاسایین‌و بەشێکن لەو میکانیزمانەی لە هەموو سیستمێکی دیموکرسیدا کاریان پێدەکرێت.
بگەڕیمەوە بۆ وتەکانی ئەو بەرپرسە بەڕێزەی پارتی کە بە زمانی ئۆپۆزسیۆن دەیگوت نابێ ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، بە زۆرینە تێپەڕێنرێن‌و دەبێ سازانیان لەسەر بکرێت. پێم وایە کاتی ئەوە نییە ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بڵێت ئەو کاتەی ئێمە ئەم قسەیەمان دەکرد، ئێوە دەتانوت ئەمە عورفی دیموکراسییەو ئێمەو یەکێتی زۆرینەی دەنگ‌و متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستانمان بەدەستهێناوە، بۆیە هەقی خۆمانە یاسا دەربکەین‌و بڕیار بدەین. باوەڕیش ناکەم ئامانجی یەکێتێ‌و حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو ئەوە بێت، چونکە دەبێ ئەوە باش بزانن کە مەنتیقی تۆڵەکردنەوە بە هیچ شوێنێکمان ناگەیەنێ. بۆیە قسەکەی ئەو بەڕێزە زۆر راستە، بەتایبەت بۆ وڵاتی ئێمە کە لەسەرەتای بونیادنانی سیستمی سیاسیی خۆیدایە. نە پارتی دەتوانێ تاک لایەنانە بڕیار لەسەر پرسێکی وا گرنگ بدات، نە لایەنەکانی تریش دەتوانن بێ پارتی ئەم کێشەیە یەکلا بکەنەوە. بەدڵمان بێت یان نا، ئەمە واقیعی ئەمڕۆی کوردستانە. پێم وایە گرنگترین خاڵی جیاکەرەوەی دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمان ئەوە بوو، بە روونی ئەو راستییەی نیشانداین، ئەو کەسانەی پێیان وابوو هێزێک بە تەنیا دەتوانێت هەموو بڕیارە چارەنووسسازەکان لەدەستی خۆیدا کۆکاتەوە، بەهەڵەدا چوون.

ئەوەی ئێستا دەبێ بکرێت، کارکردنە بۆ گەیشتن بەو سازانەی هەموو لایەنەکان باسی دەکەن. بێگومان باشترین چوارچێوەش بۆ گەیشتن بەو لێکتێگەیشتنە، پەرلەمانی کوردستانە، نەک مەکتەبی سیاسی حیزبەکان. دانیشتنەکەی دوێنێ سەلماندی پەرلەمان دەتوانێت ببێتە ئەو دامودەزگایەی بەڕاستی ناوەندی بڕیارو شوێنی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بێت. ئێمە دوێنێ ململانێیەکی مەدەنی‌و شەرعیی نێوان بۆچوونە جیاوزەکانمان لە پەرلەماندا بینی. هەر ئەوە ماوە هەموو لایەنەکان هۆڵەکەی پەرلەمن بکەنە ئەو شوێنەش کە دەبێ شوێنی سازان‌و لێکتێگەیشتن‌و لەئەنجامیشدا گەیشتن بە بڕیاری یەکلاکەرەوە بێت.
ئێمە هیچ چارێکمان نیە جگە لەوەی لەگەڵ یەک دانیشین، گفتوگۆ بکەین، نەرمی بنوێنین‌و هەوڵبدەین لە ناوەڕاستدا بەیەک بگەین. پێم وایە هەرکەسێک پێی وابێ دەتوانێ بۆچوونی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێ، نەک هەر بۆی ناچێتەسەر، بەڵکو وڵاتەکەشمان بەرەو کارەسات دەبات. ئەزموونی شەڕی نێوان حیزب‌و بۆچوونە جیاوازەکان بەدرێژایی سەدەی رابردوو، باشترین بەڵگەی ئەم راستییەیە. نەمانبینی‌و نایبینین هیچ لایەنێک بە زۆرو بەزەبری هێزو شەڕ لەناو بچێت.


25/06/2015



وتارەکانی تری نوسەر