پینەوپەڕۆ پێشێلکارییەکان ناشارێتەوە
ئاسۆس هەردی
سەرۆکی لیژنەی باڵای بەدواداچوونو وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی راپۆرتی رێکخراوە نێودوەڵەتییەکانی چاودێری مافەکانی مرۆڤو ئازادی رۆژنامەگەریدا، وەڵامێکی سەیرو سەمەرەی بڵاوکردەوە، کە لانیکەم خۆی لەگەڵخۆیدا ناکۆکە.
لە بڕگەیەکی وەڵامە تووڕەو پڕ لە تۆمەتەکەیدا دەڵێت: "بەپێی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکان نووسینگەکانی (KNN و NRT) لە ھەولێر داخراون، بەھۆی پێشێلکردنی یاسای رۆژنامەوانی و رێنماییەکانی فریکیونسی پەخشکردن، پەیامنێرانیان بەبێ لۆگۆی تایبەت بەم دوو کەناڵە چوونەتە نێو خەڵک و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ خەڵکی ھەولێر ئەنجامداوە، بەمەبەستی دروستکردنی پشێوی و شڵەژاندانی خەڵک و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری شار ".
جارێ با ئەم قسەیە بەجدی وەبگرینو بپرسین: بەڕێز! کە تۆ باسی "پێشێلکردنی یاسای رۆژنامەوانی" دەکەیت، بەپێی بڕیاری کام دادگا ئەوەت ساغکردەوە کە ئەو دوو کەناڵە یاساکەیان پێشێل کردووە؟ کێ سکاڵاکر بوو لەسەریان؟ دادگا چەند دانیشتنی کردو بڕیاری دەرکرد؟ کەناڵەکان چۆن داکۆکییان لەخۆیان کرد؟.... هتد. پاشان کەیو لەکوێو چۆن چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵک بۆتە هۆی دروستکردنی پشێویو هاندان؟ ئەی کەناڵی میدیایی کاری ئەوە نیە راو بۆچوونی خەڵک بگوێزێتەوە؟ ئەگەر قسەکەی بەڕێزیشت راست بێ، کوا لێکۆڵینەوەی یاساییو حوکمی دادگا؟ بە کام بڕیاری شەرعیو یاسایی هێزە ئەمنییەکان ئەو دوو کەناڵەیان داخستووە؟
ئەوانەش هەر قەینا! بەڕێزی دەڵێ ئەو کەناڵانە "رێنماییەکانی فریکوێنسی پەخشکردن"یان پێشێلکردووە! ئەوەندەی من ئاگاداربم، تەنها لایەنێکی شەرعی کە دەتوانێ لەمبارەیەوە قسە بکات، بەڕێوەبەرایەتیەکە لە وەزارەتی رۆشنبیری، ئەویش بەپێی رێنماییەکی وەزارەت نەک یاسا. دیارە شەرعییەتی خودی ئەم رێنماییەش لەژێر پرسیاردایە، چونکە لەدەرەوەی بڕیاری دادگا ماف دەدات بە بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەت، کەناڵی راگەیاندن راگرێت. بەڵام هەر نەیسە! با لەو بەڕێزە بپرسین: کوا بڕیاری وەزارەت بۆ داخستنی ئەو دوو کەناڵە، تا ببێتە پاساو و زەمینەیەکی "شەرعی!" بۆ جیبەجێکردنی؟ ئەگەر بڕیاری وا نیە، چۆن داتانخستن؟ ئەگەر هەیە، ئەی بۆ لەسلێمانی ئەو دوو کەناڵە کاری ئاسایی خۆیان دەکەن؟ ئەگەر بڕیارەکەتان یاساییو شەرعییەو لە سلێمانی جێبەجێ ناکرێ، هەق وایە ئەو هێزە بنێرن بۆ سلێمانیشو رێگە نەدەن "بڕیاری شەرعیو یاسایی" لەم دەڤەرە بە کەم بگیرێتو حسابی بۆ نەکرێت.
لەوانەش سەیرتر! بەڕێزی لە بڕگەیەکی "وەڵام"ەکەیدا دەڵێت: " دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان وەک رێوشوێنێکی ئیحتیرازی نووسینگەی ئەم دوو کەناڵەیان لە ھەولێر بەشێوەیەکی کاتی داخستووە"! بەڕێز، وادیارە لەبیرت چۆتەوە کە لەبڕگەی پێشوودا دەڵێیت ئەو دوو کەناڵە پێشێلی یاسایان کردووەو تۆمەتباریان دەکەی بە "دروستکردنی پشێوی و شڵەژاندانی خەڵک و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری شار"! ئەگەر پێشێلی ئەو هەموو یاسایەیان کردووەو ئەوەندە مەترسیدارن بۆ سەر هەرێمی کوردستانو ئارامیی خەڵک لەم سەردەمی شەڕی داعشەدا، دەبوو لێیان خۆش نەبنو بیاندەنە دادگا بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە سزا بدرێن! ئەو هەموو تاوانەو رێوشوێنی ئیحتیرازیی چۆن یەکدەگرنەوە؟ ئەو دوو کەناڵە یا تۆمەتبارنو دەبێ بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ (تەنانەت لەم دۆخەشدا هێزە ئەمنییەکان مافی ئەوەیان نییە سەربەخۆ بڕیار بدەن، بەڵکو دەبێ چاوەڕوانی حوکمی دادگا بن)، یا ئەوەی روویداوە فڕی بەسەر یاساوە نییەو بەو پینەو پەڕۆیانەش داکۆکیی لێناکرێت.
لەهەمووی سەیرتر! بەڕێزی دەڵێت: "ھیچ یەکێک لە ئەندامانی ستافەکانیان دەستگیرنەکراوە، تەنانەت ژیانیشیان پاراستوون"! با واز لەوە بێنین کە ئەو رۆژنامەنووسانە چەند بە شێوەیەکی نایاساییو ناشرین گیراونو لە پایتەختی وڵاتەکەیان کراونەتە دەرەوە. با بپرسین: بۆ دەبوو چاوڕێی ئەوەش بین لە زیندان توند بکرێن یان تیرۆر بکرێن؟
زۆر بە سادەییو بە روونی، ئەوەی روودەدات یەک شتەو هیچ پێچوپەنایەکی تێدا نیە: مەکتەبی سیاسیی حیزبێک خۆی لەشوێنی پەرلەمانی کوردستان داناوەو خۆی لەبری نوێنەرانی خەڵکی کوردستان بڕیار دەدات کێ سەرۆکی پەرلەمان بێتو کێ ئەندام پەرلەمان بێت. دیسان هەر خۆی چۆتە شوێنی دادگاو بڕیار دەدات کێ سەرپێچیو یاساشکێنیی کردووە. دواجار هەر خۆشی بەتەنیا لەجێگەی "حکومەتی بنکە فراوان!" بڕیارەکان جێبەجێ دەکات!
ئەوەی لای من جێگەی پرسیارە، ئەگەر شتێک ماوە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێو وەزارەتێک هەیە ناوی وەزارەتی رۆشنبیری بێ، بۆچی لەو هەموو دەستدرێژییە ئاشکرایە بۆ سەر ئازادیی رۆژنامەگەری بێدەنگە، لەکاتێکدا کە وەک دەبینین هەندێک لەو دەستدرێژییانە بەناوی ئەو وەزارەتەوەو لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەودا دەکرێن؟
24/10/2015
وتارەکانی تری نوسەر