ریفراندۆم و قوتی خەڵك

هاوڕێ توانا مێرگەسەری

هەڵەی گەورەی هەر هێزو بزوتنەوەیەكی سیاسی، لەوەدایە كە لە وێستگەو قۆناغی جیاجیای ململانێ‌ و ژیانی سیاسیدا، ئاسان بنمیچی بەرزو پێش بینیی و بەڵێن دەرخواردی شەقام بدات، چونكی مەعلومە كە بنمیچی بەرزو بەڵێنی تۆخی سەوزو سور جگە لەوەی رێزنەگرتنە لە رادەی ئاستی بەرزی ئیدراكی كۆمەڵانی خەڵك لە هەمان وەختیش فاكتەرێكی سەرەكیی ئالودەكردنی فەزای سیاسییە بەچاوەڕوانی لە جێی خۆیدا نەبوو. ئاخر خۆ لە ئێستادا ئەو دوودڵی و دڵ ساردی و قەلەق و متمانە نەبوونەی بەشێكی زۆری خەڵك بە ئایندەی پڕۆسەی سیاسی و نمایندەی بە هێز گەلی باشوری كوردستان لە هەنگاونانی سەلیم بۆ قۆناغی دوای داعش و تەنانەت ساردو ناكۆك بە هێنانە پێشەوەی پرسی گەلپرسی و مەتەڵی دەوڵەت بە هەوانتە لە خۆڕا نیە.
بەڵكو دروست لە وەوەیە كە عەمباركردنی بەڵێنی شیرین و مێخۆشی بێ‌ حساب و كتابی رابردووی هێزە سیاسیەكانی دەسەڵات كە چ بە موناسەبە یان موزایدە دابەشدەكرا! چیتر نەوەك جێگایەكی بۆ بەڵێنە قەبەكان نەهێشتۆتەوە، بەڵكو ئیدی قوژبەنێكیشی بۆ فەریكە بەڵێن و ووردە مژدە نەهاتووكانی داهاتوو نەهێشتۆتەوە!
گەلۆ ئێمە شتێكی نوێ ناڵێین و خیانەت و بەهانە هێناوەش نیە، خۆ ئەگەر بڵێین كە دۆخی ئابووری و كێشەی گوزەرانی خەڵك لای خەڵك خۆیان ئەمڕۆ ئەولەویەتی هەموو كێشەكانە ئیدی ئەستەمەو رووشی گەرەكە داوا لەخەڵك بكرێت دەستبەرداری ئەو ئەولەویەتە بێت و پلەی خوارتر بەو كێشەیە بدات لە چاو پڕسەكانی تر بە گەلپرسی و پرسە نەتەوەیەكانیشەوە، چونكی ئەم داوایە لە كاتێكدا دەكرێت و ئاسان قەبوڵكراو دەبێت كە جیاوازی چیانیەتی نەگەیشتبێتە كەشكەلانی فەلەك و زۆرینەی گەلبرسی بەچاوی سەر ئەوە نەبینێت كە كەمینەیەكی پڕو ژیان شاهانەی حاڵ و گوزەران خۆش لەسەر حسابی ئەوانی كەمینە ژمارە حسابی بانكەكانیان رۆژ دوای رۆژ لە هەڵكشاندا نەبێت.
ئاخر نیكۆلا ماكیاڤیلی پێنج سەدە لەمەوبەر كە ئامۆژگاری میرەكانی كرد گوتی هەرچی دەیكەن بیكەن تەنها دەست بۆ سامان و قوتی خەڵك مەبەن، چونكی خەڵك ئەتوانێت لە هەموو ئەتوارەكانتان خۆش بێت لەوە خۆش نابێت كە دەستدرێژی بكەنە سەرسامانەكەی.
دەی ئەز بە زمانێكی سادەی بێگرێ كە زمانی گەلبرسی خۆیەتی لە نوخبەی سیاسی حكومڕانی كوردی
ئەپرسم
چۆن دەتوانن داوا لە خاوەن پێداویستیەكی تایبەت بكەن كە موچەكەی سەدو پەنجا هەزار بووە ئێوە كردووتانە بە هەشتاو دوو هەزار بڵێن راپرسی گرنگترە لە تۆی برسی؟!
ئایە دەتوانن بە خێزانی شەهیدێك بڵێن كە موچەی مانگی ئازار لە تەمووز وەردەگرێت راپرسی گرنگترە لە قوتی منداڵەكانت؟!
دەتوانن بە پێشمەرگەیەكی دێرین بڵێن كە ژیانی تۆ بایەخی نیە راپرسی ئەولەویتە؟!
دەتوانن بڕوا بە فەرمانبەرە موچە بڕدراو قوت خوراوەكان بێنن كە ژیانی ئەوان هیچ بایەخێكی نیە لەكاتێكدا موچەی هەر یەكێك لەو توێژانە ناكاتە رۆژانەی منداڵەكانی ئێوە! هەڵبەت دواجار كێشەی گەلبرسی و پرسی گەلپرسی لە ئێستا دا پەیوەندیەكی تەنگاو تەنگ چیانایەتیە.
 بەو مانایەی بەڵێی گشتپرسی و نەخێری گشتبرسی دروست وابەستەیە بە تێرو برسیەكانەوە،
 هەمیشە ئەوانەی تێرن بەڵێیان زیاترە لە نەخێری برسیەكان.


22/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر