سەرەتاکانی حوکمی بنەماڵەو سەپاندنی لەسیستمی حکومڕانیدا

پەیمان عێزەدین
سەرەتای ئاماژەکانی بە بنەماڵەیی بون لە دەستاودەستنەکردنی دەسەڵات لە ناو حیزبدا دەستپێدەکات، ئەنجام نەدانی کۆنگرە و نەبونی ڕکابەری کەسی یەکەمی حیزب، تەرویج کردنی موریدەکانی بنەماڵە بۆ بیوێنەیی و بێهاوتایی سەرۆک،هاتنە ناوەوەی ژن و کوڕ و کەسوکاری سەرۆک بۆ خانەی سەری سەرەوە ، هەما ئەمانە نیشانەکانی پەتای بە بنەماڵەیی بونن لە حیزبدا.

ئەگەر لەو نیشانانەوە بڕوانینە پارتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بزانین ئەو نیشانانە تا چەند بونیان هەیە و سیستمی حکومڕانی ئێمە بەرەو کوێ ئەڕوا ، ئەبێ لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەست پێبکەین کە  سەرمەشقی پەیڕەوکردنی حوکمی بنەماڵەیی بو لەناو خۆیدا  و ئەم مەیلی شێوازی حوکمڕانیە یەکێک بو لە خاڵی جیاکەرەوەی پارتی دیموکرات و پارتەکانی تر لە کوردوستاندا. تا ئەو جێیەی کە بە هۆیەوە پارتی وەک پارتێکی عەشایەر وێنا دەکرا و لەبەرامبەریدا حیزبی شیوعی و یەکێتی نیشتمانی  وەک نمونەی پارتی پێشکەوتوخواز ئەبینران.

ساڵ هات و ڕۆشت ، پارتی زیاتر لە بنەماڵەیی دەچوە پێشەوە و موریدەکانی حوکمی بنەماڵە بانگەشەیان بۆ مۆدێلی حوکمی مەلەکی و سودەکانی دەکرد ، سەرکەوتویی مۆدێلی حیزبایەتی و حکومڕنی میرنشینە عەرەبیەکان بوبوە نمونەیەکی جوان و خۆشگوزەران لەلایان. لەملاشەوە یەکێتی نیشتمانی حوکمی بنەماڵەییان وەک خاڵی لاوازی پارتی و مەترسی ئەو بۆچونەیان لەسەر ئایندەی حوکمڕانی دەرخواردی گەل دەدا.

ئەم هەڵوێستەی یەکێتی تا هەڵکشانی تەمەنی مام جەلال و گەورەبونی کوڕەکانی بەردەوام بو ، لەوێ بەدواوە پاشەکشەی خودی مام جەلال و بەدواشیدا موریدە یەکێتیەکانی حوکمی بنەماڵە زوو ڕەخنەکانیان لە بنەماڵەیی بونی پارتی قڕوقەپ پێکردو کەوتنە پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی ماڵی مام . کوڕی مام، ژنی مام، برازای مام .

ئەوەی موریدەکانی بنەماڵەی بارزانی لەموریدەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی جیائەکردەوە ، ئەوەی یەکەمیان موریدی ڕاستگۆ بون ، بە ڕون و ئاشکرا دان بە بڕوابونیان بە حوکمی بنەماڵەی بارزانی ئەنێن و پەنا بۆ هیج رتوش و درۆیەک نابەن کە بە ناڕاستەوخۆ حوکمی بنەماڵەی پێ بەهێز بکەن ، بەڵام موریدەکانی دووەم لە ژێر ناوی پێشکەوتنخوازی و مەدەنی بونیانەوە بە هەمو هێزیان خەریکی بەشان و باڵ هەڵدانی ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانین.

لەم نزیکبونەوە نەوعی و ناوەڕۆکیەی پارتی و یەکێتی و بە ڕونی سەپاندن و جێگیربونی حوکمی بنەماڵە لەناو یەکێتیدا ، هێزێکی تربە پێشڕەوی نەوشیروان مستەفا بە توندی دژی حوکمی بنەماڵە ونادادپەروەری بوە پێشەنگی ناڕەزایەتیەکان بە ڕوی ئەو شێوازی حوکمڕانیە چەقبەستوەدا. لێرەوەبڕیار بو بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە نمونەی شێوازێکی نوێی حیزبایەتی، نمونەیەک کە بتوانێ دەنگی خەڵک بێ بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی بە جۆرێک کە لە هەڕشەی حوکمی بنەماڵەیی دەربازی بکات ، هەر بۆیە لەیەکەم بەشداریەوە لە پەرلەماندا هەوڵی گۆڕینی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی دا، لە خولی چوارەمی پەرلەمانیشدا هەمان پرۆژەی بۆ هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی پێشکەشکرد.

مکوڕبونی گۆڕان لەسەر هەموارکردنی ئەو یاسایەش گەیشتە ئاستی ناکۆکیەکی وا کە پەرلەمانی لەسەر پەک خرا، تا ئێرە پەیامی گۆڕان بۆ سیستمی حوکمڕانی تەواو ڕۆشن بو، بەڵام نەخۆشکەوتنی نەوشیروان مستەفا و دڵنیا بون لە چاکنەبونەوەی ، خاڵی پاشەکشەی خودی نەوشیروان مستەفا و موریدە گۆڕانەکانی حوکمی بنەماڵە بو. سەرەتا بە نەقڵردنی کۆمپانیای وشە دەستی پێکرد بۆسەر کوڕەکانی کاک نەوشیروان و دواتر بە وەسێتکردنی بۆ ناشتنی تەرمەکەی لەناو گردی زەرگەتە و دوای مردنیشی نەقڵبونی گردەکە و هەمو پشکە داراییەکانی گۆڕان بۆ کورەکان کۆتایی پێهات، لەدوای ئەوە ڕۆڵی موریدەکان دەستیپێکرد ، خاڵی جیاکەرەوەی ئەمانیش لە موریدە یەکێتیەکان ، پەنا بردنە بۆ شاردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی سیاسی کوڕەکان لە بڕیارەکانی گۆڕاندا ، ئەگەر یەکێتیەکان لە ڕێی پیا هەڵدان و بە شێر و پاڵەوانکردنی کوڕانی مام ، کەسوکاری مامدا دەسەڵاتی بنەماڵەییان چەسپاندوە ، ئەوا گۆڕانەکان بە پەنا بردن بۆ شاردنەوەی ڕۆڵ و نەبونی پێگەی سیاسی کوڕانی کاک نەوشیروان سەرەتاکانی حوکمی بنەماڵەییان لە تارمایدا چەسپاندوە ، ئەوانەی ڕەخنەگری جدی حوکمی بنەماڵەیی بون ، ئەمڕۆ هەم بێدەنگیەکی مەترسیداریان لەسەر خراپی ئاڕاستەی بە بنەماڵەییبون هەڵبژاردوە و هەم بەهەمو هێزیانەوە لە هەوڵی بەهێزکردنی ڕۆڵی سیاسی ئەو کوڕانەن و ڕەوایەتی دەدەن بە خاوەندارێتیان بۆ دەسەڵات و موڵکداریەتیەک کە جگە لە میراتی سیاسی هیچی تر نیە.

ئەم وەرچەرخانەی گۆڕان بەتەنیا بنەماڵەی سێیەمی دروست نەکردوە ، بەڵکو حوکمی بنەماڵەیی لە یاسادا چەسپاند.

شانازیکردنی گۆڕان بە سەرکەوتنی لە چەسپاندنی بنەمای دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێوان مام و برازادا. قایلبون بە مانەوەی دەسەڵاتێکی فراوانی سەرۆکی هەرێم ،  سوێندخواردنی بارزانیەک وەک سەرۆکی هەرێم و ڕاسپاردنی بارزانیەکی تروەک سەرۆکی حکومەت و مانەوەی بارزانی گەورە بە سەرۆک و کردنی بە مەرجەع یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی سیستمی بنەماڵەیی داکوترا .

لە دەرەوەی ئەو سێ پارتەش نیشانە سەرەتاییەکانی دەستاودەستنەکردنی دەسەڵاتی حیزبی و بە بنەماڵەیی بون لە پارتەکانی تری کوردوستاندا هەیە، دەستاودەست نەکردنی دەسەڵات و تاک سەرۆکی بۆ چەندین هەڵبژاردنی یەک لەدوایەک بۆ هەریەک لە یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ، هەوڵدانی یەکگرتو بۆ دەربازبون لەو حاڵەتە و سەرنەکەوتنیان تیایدا ، دەرکەوتنی خوشکی سەرۆکی نەوەی نوێ لە سەرەتاکانی کارکردنیاندا و لە ئاستێکی بەرزی دەسەڵاتدا، مەترسین لەسەر بەرەو بنەماڵەیی ڕۆشتن بەتایبەت کە بێدەنگیەکی ترسناک لەسەر حوکمی بنەماڵە دروست بوە، ئەم بێدەنگی و زیادبونی مۆدێلی بنەماڵانە بێهیوایی و بێمتمانەییەکی گەورە دروست دەکات بە هەر پارتێکی تر کەلەم هەرێمەدا هەیە یان دروست دەبێت ، ئەم بێهیواییەش لەکۆتایدا دەبێتە تەسلیم بون بە سیستمێک کە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ خەمی نان و دابینکردنی بژێوی و ملکەچی ، جێگای خەونی عەدالەت و ئازادی ڕادەربڕین و بنەماکانی دیموکراسیەت و کەرامەتی تاک دەگرێتەوە .
   
 



14/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر