کورد و لێدانی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە

د. شێرکۆ کرمانج
لە چەند سەعاتی داھاتو ئەگەری لێدانێکی جەرگبڕ ھەیە لە ھێزەکانی سوریا. ئەم چەند خاڵە وەک سەرنجی سەرەتایی نوسراون:
یەکەم، ئەگەر لە ھەمانکات دەست لەو ھێزانەی ئێرانیش بوەشێندرێت کە بنکەو بارەگایان لە سوریا داناوە ئەوە شەڕو قەیرانی سوریا ئاڵۆزتر دەبێت و وەرچەرخانێکیش ڕوودەدات ئەویش بەرەنگاربوونەوەی ڕۆژئاواو ئێرانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکاو ڕوسیا هێشتان زۆر کەمە.
دووەم، ئەمریکا دەیەوێت لانیکەم فەڕەنساو بەریتانیاش بەشداربن لە ھێرشەکان تاوەکو ئێران نەتوانێت درزەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا لە قازانجی خۆی بەکاربێنێت.
سێیەم، لێدانەکە تۆزێک تاخیربووە ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لێکدانەوەو ھەڵسەنگاندنی بەرخوردی ئێران و ڕوسیا لەبەرابەر ھەڵمەتەکە.
چوارەم، ئەم لێدانە لەوانەیە سەرەتای بەچڕی ھاتنەناوەوەی فەڕەنسا بێت بۆ ناو قەیرانی سوریا.
پێنجەم، ئیسرائیل زۆر بە وردی چاودێری دەرکەوتەکان دەکات‌و ئەگەری زۆری هەیە هاوکات دەست لە بنکە ئێرانییەکان لە سوریا بوەشێنێت وەک ئەوەی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا کردی بەڵام خۆی لێ بێ بەری کردوە تا ئێستا. ئەگەرێکی لاوازیش هەیە کە هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناوخۆی ئێران، بەڵام ئەگەرێکی کەم.
شەشەم، لەمیانی لێدانەکە ئەمریکا دەیەوێت جارێکی دیکە بێڕکابەری خۆی‌و توانای هێزەکانی خۆی بە دنیا بەگشتی‌و بەتایبەتی بە ئێران‌و ڕوسیا بسەلمێنێت.
حەوتەم، ئەمریکاو ڕۆژئاوا دەیانەوێت پەیامی ئەوە بگەیەنن کە ئەوە هەر ڕۆژئاوای دیموکراسی‌و بازاڕی ئازادە کە سەپێنەری یاسا نێودەوڵەتییەکانە. بۆ زانین، بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی قەدەغەکراوەو ئەمریکاو ڕۆژئاوا دەیانەوێت بڵێن کە یاسا نێودەوڵەتییەکان ناکرێت بێ نرخ بکرێن بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بێنینەوە بیر کە ئەمریکا لە ١٩٤٧ ‌ـەوە خۆی بە پۆلیسی جیهان دادەنێت.
هەشتەم، کورد لەم هاوکێشانە سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لاوازە بەڵام تا کێشەی نێوان ڕوسیاو ئەمریکا، ئێران‌و ئەمریکا لە سوریا قوڵبێتەوە پێگەی کورد بەهێز دەبێت. هاوکات لەوانەی کوردانی ڕۆژئاوا ئیدی بەناچاری بێت یان بەخۆشی بەرەیەک لەم دوو بەرەیە هەڵبژێرن. هەڵبژاردنی بەرەی ئێران-ڕوسیا-سوریا زۆر زەرەرمەند دەبێت. ئەوە بەو مانایە نیە کە هەڵبژاردنی بەرەکەی دیکە بێ مەترسییە.
نۆیەم، ڕوسیا هەڕەشەی وەڵام دانەوە دەکات بەڵام ئەگەری زۆر کەمە کە هەڵوێستێکی ڕاستەوخۆ بەرابەر ئەمریکا نیشانبدات مەگەر خستنەخوارەوەی هەندێک لە موشەکەکان نەبێت کە ئەگەریان هەیەو نیە.
بۆیە من پێموایە ئاڵۆزبوونی کێشەکان ئەگەرچی ئەگەری قوربانی زۆرتری هەیە بەڵام لەوانەیە لە قازانجی کورد بێت.

11/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر