قەیرانی دیموکراسی لە هەرێم و لە دونیادا

د. شێرکۆ کرمانج

بابەتێکی زۆر چاکی ھاوڕێم سەردار عەزیز Sardar Aziz کە نەک ھەر شایستەی خوێندنەوەیە بەڵکو پێویستە بکرێت بە دەروازەیەک و میتۆدێک بۆ تێگەیشتن لە پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن لە کوردستان، ھەروەھا ئەستەنگەکانی پێش پڕۆسەکە لەگەڵ ئەگەر و ھیواکانی ھەنگاونان و گەیشتن بە دیموکراسی. فەرموون لەگەڵ بابەتەکە.

دوا راپۆرتی فریدەم-هاوس پێمان دەڵێت کە دیموکراسی لە دونیادا لە قەیراندایە. دوا دەرئەنجامی هەڵبژاردنی هەرێم بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە دیموکراسی لە هەرێم لە قەیراندایە. دەکرێت ئەم ڕوداوە بە چاوی چۆلەکە ببینین و هەروەها بە چاوی خوداش. هەردوکیان پێویستە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی وورد و باشمان هەبێت.
دیارە بێگومان دیموکراسی تەنها یەک قەیرانی نیە و تەنها لە یەک جێگای دونیادا لە قەیراندا نیە. هەندێک قەیرانی دیموکراسی بۆ دونیای ئێمە بە سودە و هەندێکی تری پەیوەندی ڕاستەوخۆی نیە. لە ئەمریکا دیموکراسی لە قەیراندایە بەڵام قەیرانەکە لە ئەنجامی پەیوەندەی نیوان بازاڕ و دەوڵەتدا دروست بوە، نەک بە هۆکاری ڕاستەوخۆ تایبەت بە دیموکراسی. هەرچەندە نوخبەی بڕیاردەر لە ئەمریکا تەنها ٠.٠٢٪ ە.

ئەوەی هاوشێوەیەی هەیە لە گەڵ کوردستاندا ئەوروپای ڕۆژهەڵاتە. گەلانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بە گوڕ و تینەوە بەرەو ڕووی دیموکراسی ڕۆشتن، لە پرۆسەی شۆک-پیرەپیدا لە پڕ لە شەو و ڕۆژێکدا باوەشیان بۆ دونیا کردەوە، نەک بە پرۆسەی هەنگاو بە هەنگاو. ئەم دوو پرۆسەیە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لێرەدا نا.
بڕەو پێدەرانی دیموکراسی، لە واشنتون و شوێنەکانی تر بە هەمانشێوە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بە نزیک لەیەکەوە بینی. ئەمە لە هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق بە باشی ڕەنگی دایەوە. بەڵام ئەو سەردەمە ئەوروپای ڕۆژهەڵات هێشتا دژە دیموکراسی هێندە تیایدا بەهێز نەبوو.
لە کوردستان و عێراق و وڵاتانی وەک هەنگاریا، پۆڵۆنیا، دەبینین خەڵکی و هیزی سیاسی دێنە ئاراوە کە دژ بە دیموکراسین و شەعبیەتیان هەیە.
دوو چەمک لێرەدا گرنگە، یەکەم، خێرایی، دووەم، هیوا.

خەڵكی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بڕوایان وەهابوو یان هیوایان وەهابوو کە بە خێرایی گۆڕانکاری ڕوودەدات و لە ئەنجامدا ئەوانیش وەک ئەوروپای ڕۆژئاوایان لێدێت. ئەمە لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتیش بە هەمانشێوەبوو بەڵام بە هەندێک خەسڵەتی جیاوازەوە.
برەوپێدەرانی دیموکراسی لە دونیادا هانی ئەم خەڵک و کۆمەڵگایانەیان ئەدا کە وەها بیربکەنەوە، بە تایبەتی دیموکراسی لە بەرگی سەرمایەداریدا زۆر بە ڕەونەقە. بە جۆرێک زوو فریوت دەدات کە بەهەشتە. بە دڵنیایەوە ژیان لە هەموو ئاستێکدا لە رۆژئاوا باشتربوو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا براوەبوو لە یاریەکەدا، براوە خاوەن سەرکەوتن و دەسەڵاتە بۆیە قۆزیشە.
بەڵام گۆڕانکارییەکان بەم خێراییە بەرەو پێش نەڕۆشتن لە جێگاکانی تری دەرەوەی ڕۆژئاوا. ئەگەر بە شێوازی لۆنگ دیورەی بیربکەینەوە ئەوا دیموکراسی لە ناوەوەی ئەوروپا، کات و بنەما و دەزگا و ئاگایی و ئابوری و بونیادی و کەلتوری هەبوو کە لە جێگای تر نەبوو.
ئەمڕۆ خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەست دەکەن کە توشی نائومیدی بوون لەوەی بتوانن ئەوەی وێنایان دەکرد بە دەستی بهێنن یان بەو خێراییە بۆیان فەراهەم بێت. ئەمەش هەمان دۆخە لە کوردستان. بیرتان دێت کابرایەک هەبوو لە سەروبەری هاتنی ئەمریکاییەکاندا هاواری دەکرد وێنک دیموقراگیە؟
لە کوردستان چەند پرۆسەیەک روویدا لە میانەی دیموکراتیزەکردن: یەکەم، بە ئاگابونەوە، هەمیشە گەلان و وڵاتان کاتی زۆریان دەوێت هەتا بە ئاگابنەوە. وڵاتی ئایرلەندا پاش سەربەخۆیی،ئابوری خراپ بوو، بەڵام هەتا ساڵی پەنجاکان بە ئاگانەبوەوە کە خراپە، دیارە هۆکاری ئالۆزتر هەیەم ئەگەر بە چاوی چۆلەکە ببینین. کوردستان هەتا هاتنی بزوتنەوەی گۆرانی ویست بە ئاگابێتەوە لە قەیرانی نەبوونی دیموکراسی و بنەماکانی. هێزە ئیسلامیەکان کە هەبوون هێزی دیموکراسی نەبوون بەشێک بوون لە شەپۆلی سەحوەی ئیسلامی کە هۆکاری زۆرە.
دووەم، هەنگاوی دیموکراتیزەکردن خەونی گۆرانکاری بوو. ئەم خەونە هێندە بە گوڕهات کە لە گەڵیدا خەونێکی زۆری هێنا کە گۆرانکاری دێت. بەڵام کوردستان جێگایەک نەبوو کە تۆ بێیت نوخبەی سیاسی بگۆڕیت و گۆڕانکاری بێتە ئاراوە، یان رەفتاری نوخبەی سیاسی بگۆڕیت و گۆرانکاری بێتە ئاراوە. بەڵکو پیویستی بە بونیادنانی هەموو بنەماکانی گۆڕانکارییە، وەک سوپا، ئابوری، پەرلەمان، حکومەت و دیپلۆماسی. کەواتە پرۆسەی گۆرانکاری هەر لە سەرەتاوە کێشەی ئەوەبوو کە ئامرازی گۆڕانکاری نیە، یەڵکو ئەوەی هەیە ناگونجێت بۆ گۆڕانکاری. بۆیە کار لە سەر خواستی گۆڕانکاری کرا بەبێ هیچ هەنگاوێک لە سەر بونیادی گۆڕانکاری. لە ئەنجامدا خواست رووبەروی بنەمابوەوە. ئەمە ئاسان نەبوو لە خەڵكی بگەیەنەیت، نە لە کوردستان و نە لە ئەروپای ڕۆژهەڵات.
هەنگاوی سێیەم، خاوبونەوە. کاتێک خەڵک بۆیان دەرکەوت کە دیموکراسی بە ئاسانی نایەت، بنەماکان لە ئارادانین، ئەکتەرەکان لە ئاستیدانین، ئەوا خێرا نا ئومێدبوون. لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات زۆرێک پەنایان بردە بەر گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆریەت و شەخسی بەهێز. لە کوردستان پەرشو بڵاوبوو. بە گشتی کەس نایەوێت و ناتوانێت هەموو ئاڵۆزیەکان ببینێت. هەموو کەس دەیەوێت پێی بڵێی کە ئاسانە. ئەمە قەیرانێکی ئاگایی سەختە، بە تایبەت هێشتا لە کوردستان خەڵك بڕوای وەهایە کە کێشەکە ئەوەیە کە کەسەکان باش نین، ئەگەر بێتوو کەسەکان باش بن ئەوا دۆخەکە دەگۆڕێت. بەڵام کێشە لە کەسەکاندا نیە، هەرگیز هیچ سیستەمێک نایەتە ئاراوە تەنها لە سەر باش و خراپی کەسەکان، ئەوە بنەما و بونیادەکەیە. گەڕان بە دوای کوڕی باشدا، هێشتا خەونی ئەوانەیە کە دەخوازن گۆڕانکاری بێتە ئاراوە. ئەمە ڕەگی لە ئاگایی دینیدا هەیە کە رزگارکەرێک دێت و تاکە کەسی هەیە کە گۆڕانکاری دروست دەکات، دەبینین لە کوردستان زۆر باس لە گاندی و کەسانی وەها دەکرێت.
دەرئەنجامی ئەمە براوە هیزە تەقلیدیەکانە، چونکە بنەمایان هەیە. هەروەها پەیوەندی ئەندامەکانیان لە سەر بنەمای نەگۆرانە نەک گۆڕانکاری. هەمیشە نەگۆڕان ئاسانترە لە گۆڕان.
ئێستا زۆرینەی خەڵك لە دەرەوەی پرۆسەی دیموکراسیە. ئەم پشو کورتیە لە سودی نەیارانی گۆڕانکارییە، بەڵام چاوەڕوانکراوبوو. ئایا هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت:
هێشتا خەڵکێک هەن بڕوایان وەهایە کە میدیا و دەنگە دەنگ دەتوانێت گۆرانکاری بهێنێتە ئاراوە. یان ئەوەی لە پارە پەیداکردندا سەرکەوتوبێت ئەوا لە حوکمداریشدا سەرکەوتوو دەبێت. ئەمە دوا قۆناغی قەیرانی دیموکراسیە. ئیتالییەکان پێش هەموان ئەم هەنگاوەیان تاقیکردەوە لە کەسایەتی بیرلسکۆنیدا، بەڵام نەک گۆڕانکاری بەڵکو هێندەی تر خراپی کرد، ئەمرۆ ئەمریکا ئەم دۆخە تاقیدەکاتەوە ئەمریکا لە خراپترین و ئاڵۆزترین دۆخیدایە. هاتنی ئەهلی فلوس کۆتایی مەعریفە و ئەخلاق وبەتەنگەوەهاتن و تێگەیشتن و زانستە لە حوکمدارییدا.
ئایا قەیرانی هەرێم دەبێتە هۆکاری کۆتایی دیموکراسی و باڵادەستی نادیموکراسی و دیماگۆجیەت یان دەبێتە هۆکاری تێرامان لە پرۆسەکە کە پیویستی بە بونیادنان و وەرچەرخان و دروستکردن هەیە و پڕ پڕە لە ئاڵۆزی و هەوراز.

21/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر