قەڵادزێ شارە ئازا و زەرەرمەندەکە

د. شێرکۆ کرمانج

هەموو ساڵی لە ٢٤ی نیسان ساڵڕۆژی بۆردومانی شاری قەڵادزێ کۆمەڵێک شتم بەبیردێتەوەو دنیایەک خەفەت دەخۆم‌و هەندێک هەناسەی ساردیش هەڵدەکێشم.
لە ١٩٧٤ ئەوکات من تەمەنم دە ساڵان بوو هەموو شەوان لەگەڵ بابم‌و خاوخێزان بە ڕادیۆ شڕەکەمان گوێمان لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق دەگرت. تەشویش دەهات‌و بابم دەبوایە جێی ڕادیۆکە بگۆڕێت‌و منیش ئارێلەکەی دەستکاری بکەم. هەموو ئەو ڕووداو و چالاکیانەی کە ڕادیۆکە ڕوماڵی دەکردن باشم بەبیرنایەن بەڵام چاکم بەبیردێت ئەو شەوەی کە ڕادیۆکە باسی بۆردمانی شاری قەڵادزێی کرد، بەتایبەتی ئەو زەرەرو زیانەی لە خوێندکاران‌و زانکۆی سلێمانی دابوو، کە دوای دەستپێکی شەڕ لە کوردستان لە ئازاری ١٩٧٤ دا گوێزرابۆوە بۆ قەڵادزێ. تا ماوەیەک زەرەرو زیانەکان، قوربانیەکان‌و شەهیدەکان ببون بە قسەوباسی خەڵکی گوندەکەمان، گابەرەکە، کە ئەوکات من لەوێ قوتابی پۆلی شەشی سەرەتایی بووم. یەکێک لەو شتانەی کە لەبیرم ناچێت هاوخەمی خەڵکی گوندەکەمان بوو بۆ خەڵکی قەڵادزێ‌و خوێندکارەکانی زانکۆی سلێمانی. هاوخەمی کۆیاد دروستدەکات، کۆیادیش نەتەوە دروستدەکات. 
بەسەرهاتێکی دیکە کە لەم پەیوەندە لەبیرم ناچێت ئەوەیە کە دوای چەند ساڵێک لە جێهێشتنی گابەرەکەو چوونم بۆ هەولێر بۆ خوێندن بەبیرم دێت جارێکیان لەڕێگەی چوون بۆ قوتابخانەی ئامادەیی ئازادی لە گەڕەکی ئازادی، ئێمە بەخۆمان دانیشتوی گەڕەکی کوران بووین، بەڕێکەوت لەگەڵ قوتابییەکی دیکە پێکەوە دەڕۆیشتین بۆ قوتابخانە. باشم لەبیرنیە کە چۆن واڕێکەوت لەگەڵ ئەو قوتابییە بەیەکەوە بڕۆین بەڵام باشم لەبیرە کە قوتابیەکە ناوی بەختیار بوو و خەڵکی قەڵادزێ بوو بە ئەسڵ. کاک بەختیار بەدەم ڕێگەوە سەربوردەی ڕۆژی بۆردومانی قەڵادزێی بۆ گێڕامەوە. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر لەزاکیرەم چەقیوە پرسی خۆی‌و کتێبەکانی بوو. کاک بەختیار گوتی ئەو ڕۆژە منیش وەک قوتابییەکانی دیکە دەچوومە قوتابخانە، وادیارە ئەوکات ئەویش لە قوتابخانەی سەرەتایی بووە، لەڕێگە هەستمکرد کە دەنگی تەیارەی هات. ئەو گوتی هەر ئەوەندەم زانی بوو بە ڕمب‌و هۆڕ، ئیدی هەر خەڵک بەملاو ئەولا ڕایاندەکردو، ئەو هاواری دەکردو ئەوی دیکە دەگریا. بەختیار گوتی منیش یەکسەر بەغاردان گەڕامەوە بۆ ماڵەوە. گوتی کاتێک گەیشتمە ماڵەوە دەستم هێشتا هەر لەسەر نێکم بوو، وەک چۆن قوتابیانی ئەوکات بێ جانتا دەچوون بۆ قوتابخانەو بە دەستەکانیان کتێبەکانیان بەتەنیشتەوە هەڵدەگرت. ئەو گۆتی بەڵام کاتێک تەماشامکرد هیچ کتێبم پێ نەمابوو. تومەز هەر لەگەڵ هەڵاتن‌و بەولاو ئەملادا هاتن کتێبەکانی لێکەوتبوون بەڵام هەستی پێنەکردبوون. ئەو گێڕانەوەیەی کاک بەختیارم هەمیشە لە یادە.
دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی بیرم نایەت کاک بەختیارم دیبێتەوە بەڵام دواتر لەوکاتەی کە لە ئێران، لە ئۆردوگای خۆئی ئاوارە بووم، برایەکی کاک بەختیار بەناوی عەبدوڵام لە ئۆردوگا دیت. دیارە کاک عەبدوڵام پێشتریش لەدوورەوە تۆزێک دەناسی چونکە ئەو لە کۆلێجی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین لە هەمان بەش دەیخوێند کە من لێم دەخوێند بەڵام ئەو ساڵێک دوای من بوو. لە کاک عەبدوڵاوە زانیم کە کاک بەختیار دوای ئەنفالەکان چووبوو بۆ پاکستان‌و دوای چەند ساڵێک ئاوارەیی لەوێ گەیشتبووە ئەمریکا. ئەمە تەنیا چیرۆکی کاک بەختیار نیە بەڵکو چیرۆکی زۆربەی قوتابیانی ئەوکاتی قەڵادزێیە، بگرە هەندێکیان لەوانەیە لەو ڕۆژە شەهید یان بریندار بووبن.
شتێکی دیکە کە بەردەوام لەو ڕۆژە بەبیرم دێتەوە، خۆپیشاندانەکانی بەهاری ١٩٨٢ ـە. خەڵکی قەڵادزێ بەگشتی خەڵكێکی چاونەترس‌و ئازابوون‌و لە خەبات‌و تێکۆشان لەدژی داگیرکەران، وەک پێشە بەگەرمی‌و بەچڕی لەو مەیدانانە ئامادەییان هەبووە. خۆپیشاندانەکانی ئەو ڕۆژی، واتە ٢٤-٤-١٩٨٢، کە بەشێکیش بوون لە یادکردنەوەی بۆردومانەکەی ١٩٧٤، بوون بە بڵێسەی خۆپیشاندان لە سەرتاسەری کوردستان لەدژی بەعسی داگیرکەر. ئەوەبوو لە کەرکوک، لە سلێمانی، لە هەولێر و لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان خۆپیشاندان دوای خۆپیشاندانەکانی قەڵادزێ ئەنجامداران. ئەوەی ئەوکات‌و ئێستاش بۆ من هەم جێگەی سەرنجە هەم ڕێز ئەوەبوو کە لە خۆپیشاندانەکانی ١٩٨٢ لە قەڵادزێ ژنان لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکان بوون‌، تەنانەت ئەگەر زاکیرەم بەهەڵەمدانەبات لەنێو ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکان شەهید بوون دووانیان ژن بوون، یەکێکیان ناوی دایکە ئامینە بوو ئەوی دیکە پێموایە ناوی سنۆبەر بوو. ئەمەش خسڵەتێکی دیکەی جوان‌و پێشەکەوتوی ئەو شارەیە.
تازە ھاوڕێیەکی زانکۆم ئەم بیرەوەرییەی بۆ نوسیم و بەبیر ھێنامەوە کە لە ساڵی ١٩٨٣ لە کۆلێجی ئەندازیاری داوایان لێکردین ببین بە جەیشی شەعبی، ئەوکات خوێندکارێکی کۆلێجەکەمان بەناوی ئاراسی هەڵبجەیی گووتی "بۆچی تگوع بکەم مەگەر قەسفەکەی قەڵادزێ و هەڵەبجەم لە بیر چووە."
خاڵێکی دیکەش کە دەمەوێ هەڵوەستەی لەسەر بکەین ئەوەیە کە ڕاستە ڕاپەڕین لە ڕانیە لە ڕۆژی ٥-٣-١٩٩١ دەستیپێکرد بەڵام پێش ئەو ڕۆژە بە دوو ڕۆژ خەڵکی قەڵادزە لە ئۆردۆگاکانیان لە کەڵەک، چونکە دوای تێکدان‌و ڕمانی قەڵادزێ بۆ ئەوێ ڕاگوێزرابوون، ڕاپەڕین‌و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد. ئەم دوو ڕووداوە دەیسەلمێنن کە خەڵکی قەڵادزێ لە دژی داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە پێشەنگ بوون.
ئەوە چەند ساڵێکە لەیادی بۆردومانی قەڵادزێ بێجگە لەو چەند یادەوەرییە تاڵانە چەند شتێکی دیکەشم بەردەوام بە خەیاڵ دادێت، لەوانە: سەرەڕای ئەو هەموو قوربانی‌و پێشەنگییە کەچی شاری قەڵادزێ یەکێک لە شارە هەرە پشتگوێخراوەکانی کوردستانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکێتیی‌و پارتیەوە، هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ. 
لەڕاستیدا من لە کوردستان زۆر خەفەت بۆ دوو شار، دیار بۆ خەڵکەکەشیان، دەخۆم ئەوانیش قەڵادزە و کۆیەن. ئەم دوو شارە زەرەمەندترین دوو شاری کوردستانن لە ئەزمونی دوای ڕاپەڕین. زۆربەی هەرە زۆری شارو شارۆچکەکانی کوردستان کەم تا زۆر گەشەیان کردوە، بۆنمونە ڕانیەو کەلارو سۆران بەبەراورد بە کۆیە و قەڵادزێ شارۆچکەی زۆر بچوک بوون پێش ڕاپەڕین بەڵام لە دوای ڕاپەڕین بوون بە سەنتەری ناوچەکانیان. تاکە دوو شار کە نەبووبن بە سەنتەری ناوچەکانیان شاری کۆیە و قەڵادزێن.

25/04/2019



وتارەکانی تری نوسەر