ڕۆڵی فەڕەنساو ئیتاڵیاو یۆنان لە جێبەجێنەکردنی پەیمانی سیڤەر

د. شێرکۆ کرمانج

بەشی سێیەم

ئەو هاوپەیمانییەی پێش‌و کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی لەنێوان بەریتانیاو فەڕەنساو ئیتاڵیا دروستببوو، بەکۆتایی شەڕو نەمانی دوژمنە هاوبەشەکان، ئەڵمانیاو عوسمانییەکان، لەلایەک‌و ململانێ لەسەر پاشماوەی عوسمانییەکان‌و ئەڵمانەکان بەنافەرمی هەڵوەشایەوە. بەریتانیا، بەهێزترینی هاوپەیمانەکان، تا ڕادەیەکی زۆر دیدو قازانجەکانی خۆی سەپاند‌و بەرژەوەندی‌و تێگەیشتنەکانی فەڕەنساو ئیتاڵیای بە هەند وەرنەدەگرت. ئەمەش دوودڵی فەڕەنساو ئیتاڵیای لە مانەوە لەو ناوچانەی کە لە تورکیا داگیریان کردبوو لەگەڵ ئەوانەش کە کەوتبووە ژێر نفوزیان لێکەوتەوە. هاوکات، پێشیانوابوو کە مەرجە سەپێنراوەکان بەسەر تورکیا زۆر توندن‌و جێبەجێکردنیان لەگەڵ بەهێزبوونی کەمالیستەکان ڕۆژ بە ڕۆژ سەختر دەبێت. هاوپەیمانەکان گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە بۆ سەپاندنی سیڤەر پێویستیان بە ٢٧ فرقەی (division) سەربازی هەیە. ئەو ناوچانەی کە بەر بەریتانییەکان کەوتبوو دەیان هێندەی فەڕەنسییەکان‌‌و ئیتاڵییەکان بوو، ئیدی غروری بەریتانییەکان‌و حەسودی فەڕەنسی‌و ئیتاڵییەکان بەریەککەوتبوون. فەڕەنساو ئیتاڵیا، بەریتانیاش تا ڕادەیەک، پێیانوابوو بۆ دروستکردنی ئەرمینیاو کوردستان دەبێت جارێکی دیکە لەگەڵ تورکیا بچنەوە شەڕ، هیچ کامیشیان ئەو ئامادەییەیان لە ڕووی سەربازی‌و ئابوری تێدا نەبوو.

بێجگە لەمە، لەکاتێکدا فەڕەنسییەکان لە ئەوڕوپا دەیانویست ئەڵمانیا وردوخاش بکەن‌، نەرمیان دەنواند لەبەرابەر تورکیا چونکە ئەڵمانیایان بە هەڕەشەیەکی وجودی دەدیت‌و تورکیایان وەک هێزێکی لاوەکی‌و دوورو بێ کاریگەر لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دەهاتەبەرچاو. لەبەرابەردا بەریتانیەکان، لانیکەم لەسەرەتادا، پێیانباشبوو تورکیا هەپڕون بە هەپڕون بکەن‌ چونکە لە شەڕی گەلیپۆلی زەرەری گیانی زۆریان لێکەوتبوون. بەریتانییەکان دەیانویست تورکیا بە ڕادەیەک لاوزبکەن کە توانای ڕاستبوونەوەی نەبێت‌و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانیان لە میزۆپۆتامیاو دنیای ئیسلامی‌و هیند نەکات بەڵام توند نەبوون لەبەرابەر ئەڵمانییەکان. فەڕەنسا ئامادەبوو لە کەرکوک خۆشبێت‌و ویلایەتی موسڵ بەر بەریتانیا کەوێت بەڵام بەریتانیا دوای زامنکردنی پشتیوانی ئەمریکا ئەڵمانیای بۆ فەڕەنسا پەلپەل نەکردو نەیهێشت ناوچەی ڕاینلاند (Rhineland) ی پێببڕێت، ئەمەش درزێکی دیکەی خستە نێوان بەریتانیاو فەڕەنسا. بەپێی سایکس-پیکۆ دەبا فەڕەنسا بەشی شێری لە پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی بەرکەوێت بەڵام تەماحەکانی بەریتانیا لە ویلایەتی موسڵ ئەو خەونەی فەڕەنسییەکانی زڕاند، ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە فەڕەنسا هیچ هاندەری جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر نەبێت.

بەپێی عورفە نێودەوڵەتیەکان، هەر پەیمانێک دوای واژۆکردن لەلایەن حکومەتەکانەوە، دەبێت پەرلەمانی وڵاتەکانیان پەسندی بکات تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. جگە لە پەرلەمانی ئیتالیا هیچ دەوڵەتێکی دیکەی ئەندام لە پەیمانەکە پەرلەمانەکانیان پەسندیان نەکرد، بەمەش لە ڕووی یاساییەوە نەچووە بواری جێبەجێکردن.

دوای ئەوەی سیڤەر پێگەیەکی گرنگی بە یۆنانییەکان بەخشی لە ئەزمیرو سرەیس، ئیدی لە سەرەتای ١٩٢١ دا هێزەکانیان لە ئەزمیرو بۆرسەوە پێشڕەویان کردو کشان بۆ قوڵایی تورکیاو لە ئەنقەرە نزیکبوونەوە بەڵام لە سێپتێمبەری هەمان ساڵ دا کەمالیستەکان توانیان شکستیان پێبێنن‌و لە دەوروبەری ئەزمیر تەنگیان پێهەڵبچنن، دوای ساڵێکیش هەم لە ئەزمیر هەم لە سرەیس وەدەریان بنێن. سەرکەوتنی کەمالیستەکان هێندەی دیکە درزی نێوان بەریتانی‌و فەڕەنسییەکانی گەورەتر کرد. هاوکات بوو بە هاندەرێک بۆ فەڕەنسییەکان‌و ئیتاڵییەکان کە ڕیزبەندی بشکێنن‌و هەر یەکە بە جیا لەگەڵ کەمالیستەکان ڕێکەوتن مۆربکەن. فەڕەنسییەکان لە ئۆکتۆبەری ١٩٢١ دا ڕێککەوتنی ئەنقەرەیان لەگەڵ کەمالیستەکان مۆرکرد، ئەمەش بەفەرمی ناساندنی سەروەریی حکومەتەکەی ئەنقەرەی بەسەر تورکیادا لێکەوتەوە، کە هەر لە بنەڕەتدا پەیمانی سیڤەری ڕەتکردبۆوە. ڕێکەتنەکە پاشەکشەی فەڕەنسییەکانیشی لە ناوچەکانی نفوزیان لە تورکیاو لە بنکەو بارەگاکانیان لە سیسیلیا بەدوای خۆیدا هێنا. ئەسکەندەرۆنەی لێدەرچێت، فەڕەنسییەکان تا سنوری ئێستای سوریاو تورکیا کشانەوەو هەردوولا دانیان بە سنوری نێوانیاندا هێنا. ئەو هێزانەی کەمالیستەکان کە لەو دەڤەرەبوون بۆ شەڕی ڕزگاری لە دژی یۆنانییەکان بردران. فەڕەنسییەکان دەستیان بە ناردنی چەک‌و کۆمەکی سەربازیش کرد چونکە یۆنانییەکان وەک هاوپەیمانی بەریتانییەکان ناسرابوون.

عەبدولرەحمان بەدرخان سکاڵاو گلەییەکانی کوردی گەیاندە فەڕەنسییەکان بەڵام بەسەر گوێی کەڕدا کەوتن چونکە ناسیونالیستە کوردەکان بەگشتیی لە بەریتانییەکان نزیکبوون، فەڕەنسییەکان بە گومانەوە دەیانڕوانیە ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە، یان ئۆتۆنۆمییەی، کە بەریتانیەکان پێشنیاریان کردبوو لە سیڤەر. ناسیونالیستە کوردەکان داوای یارمەتیان لە بەریتانیا کرد. یۆنانیەکانیش لەلای خۆیان هەم بەڵێنی یارمەتیاندا هەم داوایان لە بەریتانیەکان کرد کە یارمەتی کوردەکان بدەن بەڵام بەریتانیەکانیش ئامادەنەبوون کارێکی لەو جۆرە بکەن چونکە پێیانوابوو سەرکێشییە.

دوای نزیکەی شەش مانگ لە ڕاوەستانی شەڕی یەکەمی جیهانی، هێزەکانی ئیتاڵیا لە باشوری تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست بارەگایان لە ئەنتالیا داناو تا قوڵایی تورکیایان خستبووە ژێر نفوزی خۆیان. بەڵام پێش ئەوەی فەڕەنسییەکان لەگەڵ کەمالیستەکان پێکبێن، ئیتاڵییەکان پێکهاتنێکی سەرپێیان لە مارچی ١٩٢١ لەگەڵ کەمالیستەکان ئەنجامداو بێ شەڕ خاکی تورکیایان بەجێهێشت. بەمە تاکە هێز کە وەک داگیرکەر لەلایەن کەمالیستەکانەوە دەبینرا یونانییەکان بوو. بۆیە تورکەکان هەموو هێزی خۆیان خستە بەرەی شەڕ لە دژی یۆنانییەکان‌و لە سێپتێمبەری ١٩٢٢ لە شاری ئەزمریش دەریان پەڕاندن، بەمەش تاکە هێزی نەیار لە گۆڕەپانەکە مابێتەوە لەبەرابەر کەمالیستەکان کوردەکان‌و بەریتانییەکان بوون.

لە بەشی داهاتو باس لە ڕۆڵی کورد خۆی دەکەم لە جێبەجێنەکرانی پەیمانی سیڤەر


04/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر