هەقم بە سیاسەت نیە !

د. شێرکۆ کرمانج

هەندێک کەس ئەم قسەیە زۆر بە سادەیی و سەرپێیانە دەردەبڕن، جارجار دووبارەو سەدبارەی دەکەنەوە، وەک ئەوەی کە ڕاستییەکی ڕەهایەو دەتوانن ئەم کارە بکەن. ئەم قسەیە بەسادەیی خۆدزینەوەیە لە سیاسەت نەک دەرچوون لێی. 

من پێموایە هیچ شتێک نیە لە دەرەوەی سیاسەت، هیچ ژیانێک نیە لە دەرەوەی سیاسەت، سیاسەت ئەو کایەیە کە ژیانی هەموومان ڕێکدەخات. مرۆڤ تەنیا لە یەک حالەت لەوانەیە بێ سیاسەت، بە مانا تەقلیدییەکەی، بژی ئەویش کە بە تەنیا لە دوورگەیەک ژیان بەسەر ببات. لێرەش نەبوونی سیاسەت دەکرێت بخرێتەژێر پرسیار چونکە پەیوندی مرۆڤ بە ژینگەش ڕەهەندێکی سیاسی هەیە. مرۆڤ لە ژینگەدا دەژی، جا پرسیاری ئەوە دێتەگۆڕێ کامیان گرنگترن، چۆن مامەڵە لەگەڵ ژینگەدا دەبێت بکات، داخۆ لەو دوورگەیەی، کە گریمانمان کرد،کە بە تەنیا لەگەڵ دارو دەرختدا دەژیت دەتوانێت هەموو دارەکان ببڕێتەوە، دەتوانێت دارستانەکە بسوتێنێت. ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە وا دەکات بڵێین مرۆڤ لە تەنیایشدا مەگەر هیچ شتێکی دیکە لە دەورەبەری نەبێت ئەگینا بێ سیاسەت نیە. نەبوونی هیچ شتێکیش لە ئەسڵاد بوونی نیە چونکە ئەوکات بوون بوونی نامێنێت.

هەر کاتێک دوو مرۆڤ پێکەوەبوون، جا دوو برا بن، باوک‌و کچ بن، ژن‌و مێرد بن، هاوڕێ بن، تەنانەت یەکدیش نەناسن‌و لە دوو نەتەوەو دینی جیابن، دوژمن بن یان دۆست، پێویستیی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوانیان دێتەگۆڕێ. ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانیش، هەر چییەک بن‌و بێت، لەڕێی سیاسەتەوە ڕێکدەخرێت، چ بە نوسراو بێت چ بە زارەکی، چ دەربڕابێت چ لە خەیاڵ.
تەحەدا دەکەم یەک کەس یەک شتم بۆ بێنێتەوە لە ژیان کە لە دەرەوەی سیاسەت بێت یان خاڵی بێت لە سیاسەت.


27/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر