کوردایەتی، ئەو موزایەدە و مەزادە ئاشکرایەیە کە بە هۆیەوە ، نیشتیمان و هاونیشتیمانیەکانی، شاخ و فیداکاریەکانی ، مێژوو و قوربانیەکانی بەلاڕێردا بردران ، فرۆشران و هەتا ئێستاش دەفرۆشرێن.
کوردایەتی، ئەو لێفەیەیە کە تاوان و ناشیرینیاکانیانی داپۆشیوە ، ماکیاژێکە ئەیدەن لە ڕوخساری هەموو بەدکاریەکانیان تا وەک دڵسۆزی وتێکۆشان نیشانیی خەڵکی بدەن.
باسیی مافی چارەنوس دەکەن ،کەچی مرۆڤیی ئەم نیشتیمانەیان لە هەرچیی مافی ئاسایی و سادە هەیە بێبەش کردوە ، هەرچیی سەروەت و سامانیان هەیە دەیبەن ، هەرچیی خزمەتگوزای و هۆکاری خۆشگوزەرانیە بۆ خۆیان فەراهمە و بۆ خەڵک قاتییە ، ئەوەی بنەمایی سەربەخۆیی ئیداری و سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی و کولتوری و هونەریە وێرانیان کردوە ، کەچیی ڕویان دێت ناوی بنێن (ئەزمون).
ئاخر کەسێک شتێکی نەبێت چۆن ئەتوانێ بیبەخشێت ، ئێوە کەی دەوڵەتمەداربون تا ئەهلیی دروستکردنی دەوڵەت بن ، دەوڵەت لەحزەی پێگەیشتنی باڵایە لە هەمو ئاستەکاندا ، ئێوە مێژوی نیو سەدە زیاتر لە ناکامڵیی و شکستن، ئێوە چوارچێوەیەکتان بۆ حزب دەوێت ناوی بنێن دەوڵەت، نەک دامەزراوەیەکی پێگەیشتویی پڕ ماف و خزمەت بۆ هاوڵاتیان کە بە فعلیی دوڵەتێکی سەرکەوتوو بێت، دەوڵەتێکتان دەوێت هیی حزب بێت نەک هاوڵاتیان.
ئێوە تەنانەت سەر بە مۆدێلی دروستکردنی دەوڵەتی حزبیش نین لەوەش وێرانترن ، خۆ سەدام حسێنی دیکتاتۆر عێراقی کردبوو بە دەوڵەتی حزبی بەعس ، دەوڵەتێکی حزبیی بوو کە لە هەموو ئاستەکان سیاقاتی ئیداری و ئابوری دەوڵەتیی تێدابوو،بێسەروبەری ئێوە لە هیچ شتێک ناچێت و مۆدێلێکە تایبەت بە خۆتان و بەس .
ئەم بازرگانە سیاسیانە وایان کردوە ،لەم هەرێمەدا جگە لە بەدبەختیەکانیی هیچ شتێکی تری پەیوەندی بە خەڵکی ئاساییەوە نەبێت ، وێرانەیەکیان خوڵقاندوە ، نە خزمەتگوزاری تێدایە نە ژیانێک شایستەی ژین بێت، خەڵکانێکی زۆر نائومێدانە لێی ڕادەکەن و بازرگانەکانیش هەرچیی سامانی سەر زەوی و ژێر زەویەکەی هەیە دەیبەن و تاڵانیی دەکەن، ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر ئێستا و ئایندەی وێران و خاپور دەکەن و کەچیی هێشتا ڕویان دێت باسیی دروستکردنی (دەوڵەت) بکەن.
ئەوەی لە ماوەی دوای ڕاپەڕین گروپێکی زۆر بچوکی خاوەن دەسەڵات کردیان خزمەت و خەبات نەبوو ، داگیرکاری بوو ، دڵسۆزی و تێکۆشان و خۆین و فیداکاری و قوربانیدانی هەزاران ڕۆڵە و خێزان و خەڵکی دڵسۆزیان بە ناوی کوردایەتیەوە بۆ خۆیان داگیرکرد ،ماندوبونی هەزاران پێشمەرگە و گیانفیدایان قۆرغکرد و بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشێگێریەوە بونە بەڵا و مۆتەکە بەسەر شانیی خەڵکەوە، لە کاتێکا شۆڕشگێری ڕاستەقینە وێنەی ئەو پێشمەرگە جوامێرەیە (حەزناکەم ناوەکەی بنوسم) کاتێک لە شاخ هاتنەوە شار هەر ساڵانی ۱۹۹۱ و ۹۲ڕۆشت لە ژێر پردەکەی سلێمانیدا دەستی کرد بە حەماڵیی ، ئەوەیە شۆڕشگێری ڕاستەقینە ، نەک ئەو بازرگانانەی ڕۆژانە و بۆ ماوەی زیاتر لە ۲٦ ساڵە ، منەتی خەبات و شاخیان کردۆتە کاسپیەکی چەور و هێشتاش خەڵک بەقەرزاری خۆیان ئەزانن.
ئێستاکێ خۆ هەڵواسین بەو دروشمانەوە تەنێ هەر بازرگانیکردن نیە لە ناو حزبێکا بەڵکو باشترین پاساویشە بۆ ئەمبەراوبەر کردن، هەر کەسێک خۆی خزاندە پاڵ خەبات و خوێنی ڕابردو و پرسیی دەوڵەت و دروشمەکانیی تر و خۆی لێکردین بە دێوانەی سەربەخۆیی و دەروێشی ئەو ڕێگایە ، ئەوا بە دەستێکی تەواو کەشف خەریکی یاریەکی پڕ لە بازرگانی و بەرژەوەندیخوازییە.
ئەوەی هەر زۆر جێگەی سەر سوڕمانە ئەوەیە ، لە کاتێکدا کوردایەتی وەک شانۆگەریەک ، لە سەر دەستی ئەکتەر و پاڵەوانە سەرەکیەکانی لە هەموو کات زیاتر ڕوی شکستخواردو و وێرانی خۆی نیشانی کۆمەڵگەی کوردستانیی داوە ، لە کاتێکا خەڵک لە هەموو کات زیاتر لە ناوەرۆک و دەموچاوی پاڵەوان و دێوەکانی بێزار بوە ، لەوەها لەحزەیەکدا تازە بە تازە هەن دەیانەوێت وەک کۆمبارس ڕۆڵ لە شانۆگەریەکەی کوردایەتیدا وەربگرن .