گردی زەرگەتە هیی کێیە ؟

هۆشیار عەبدوڵا
((ئەوەی وایکرد لەسەر ئەو باسە بێمە دەنگ ئەو حەملەیەیە کە بەهۆی گردەکەوە دەکرێتە سەر پێگە مەعنەویەکەی کاک نەوشیروان ، نەدەکرا ئەو قسانە نەکەم ، بێ گوێدانە ئەوەی کێ بە دڵیەتی یان دژە)).

نەوشیروان مستەفا پێی وابو ، بە تاپۆکردنی ئەو گردە لە سەر خۆی پاراستویەتی لە داگیرکردن نەک داگیری کردبێت .

بۆمێژو، کاتێک نەوشیروان مستەفا مەتر بە مەتری ئەو گردەی لە تاپۆ خستە سەرخۆی بەرپرسێکی یەکێتی دەمێک بو چاوی لەسەری بو گۆچانێکیشی لێ دانابو کە داگیری بکات ، دوایی لە دەستی دەرچو .

نەوشیروان مستەفا و کێشەی گردەکە ؛

هەر لەگەڵ دامەزراندنی کۆمپانیای وشە، گردەکە بو بەسەرهێشە بۆ کاک نەوشیروان بەو پێیەی هەبون پێیان وابو کۆمپانیاکە دەکاتە پشک و دابەشی دەکات بەسەریاندا و لەگردەکە دەبنە شەریک ، کە ئەوەی زانی مەبەستی بو چارەسەرێکی بکات هەندێک پێشنیاری خستە ڕوو ؛ 
یەک ؛ وتی دەشێ بیکەمە وەقفی حکومی و دوای مردنی خۆم بگەڕیتەوە بۆ حکومەت ، هەر زو لەوە پەشیمانکرایەوە چونکە وتیان حزب و حکومەت یەکێکە و یەکێتی بە زویی داگیری دەکاتەوە بۆ خۆی و کۆمپانیاکانی دەیکەن بە پرۆژە.
دو: هەوڵیدا بیکا بە میدیا ستی ( شاری راگەیاندنەکان) و تێکرای ناوەندەکانی میدیا بباتە ئەوێ ، یا زانکۆ و نەخۆشخانەی تێدا بکرێتەوە ، ئەوەشیان مەیسەر نەبو .

کاک نەوشیروان مەتر بە مەتری لە تاپۆ کڕی وو خستیە سەرخۆی بۆ ئەوەی دەسەلات نەتوانێ بە قانونی لێیبسەنێتەوە و داگیری بکات و هەوڵی زۆریشیاندا ، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا تاکە یەک لەحزەش نەوشیروان مستەفا ئەو گردەی وەک موڵکی تایبەت سەیر نەکردوە بەلکو بە مولکی گشتیی و بە موڵکی شاری سلێمانی زانیوە و لە لوتکەی بێ پارەیی گۆڕاندا کە وەخت بو یەکێتی و پارتی دەیانخنکاندین و پارەمان نەبو کەی ئێن ئێن بەردەوامی پێ بدەین ، ئامادە بو بەو هەمو کبریایەوە تەکلیف لە ئەم و ئەو بکات بەڵام ، ئامادە نەبو بستێکی گردەکە بفرۆشێ .

نمونەیەکی زیندووتر :

کە بوم بە مودیری کەی ئێن ئێن ئەمویست ستۆدێۆیەک لە تەنیشت بینای ئێستای کەی ئێن ئێن دروست بکەین ، پێویستی بە موافەقەی کاک نەوشیروان بو ، بەیانیەک باسەکەم لەگەڵ کردەوە گوتی ، دەبێ چەندین سنەوبەر ببریتەوە ، نابێت لێی گەڕێ ، تۆزێ ئیلحاحم کرد کە زەرورین، گوتی وازی لێبینە ئەو گردە هیی من نیە تا بە ئارەزوی خۆم داری ببڕمەوە و چیم بوێ تیای بکەم ، ئەوە ئەمانەتە و رۆژێ دێت دەبێ کەی ئێن ئێنەکەشتان ببەنە دەرەوەی ئەم گردە ، ئەوە موڵکی گشتیە ، تایبەت نیە .

کە بەیاننامەکەی ۲۹ی۱ی ۲٠۱۱ی نوسیی ، ناردی بەشوێنما ، کە چوم بەیاننامە حەوت خاڵیەکەی خستە بەردەمم وتی رات چیە ، خۆت ئامادە بکە بۆ بەرنامەیەکی روبەرو لەسەری ؟ ، وتم بەیانەکە زۆر باشە ، و زۆریش پوختە ( بە چاپکراوی یەک ئەی فۆڕ بو) ، پێکەنی وتی ؛ بمدایەتە دەست فڵان و فڵان ( دو ناوی هێنا پێم باش نیە بیان نوسم ) بۆ ئەو حەوت خاڵە حەوت لاپەرەیان ئەنوسی ، پرسیاری کرد ئایا دەتوانین لە ئیعلام دیفاعی لێ بکەین و حەملەی بۆ بکەین ؟، وتم ؛بەڵی ،بەڵام گرفتێک هەیە ، وتی چیە ؟ وتم خاڵیکیان باسی دەستبەجێ گێرانەوەی مولک و ماڵی گشتی دەکات ، ئێمەش ئەم گردەمان لایە و باسیی دەکەن ، وتیی هەر زۆر باشە با باسی بکەن ئێمە ئینکاری ناکەین کە ئەم گردە مولک و ماڵی گشتی نیە ، هەر کات ئامادەبون ئەو موڵک و ماڵ و زەویانە بگێرنەوە بۆ حکومەت و دڵنیابوین داگیری ناکەن پێش هەمو کەس گردەکە دەگێرینەوە.

کاک نەوشیروان لەگەڵ نەخۆشکەوتنیی کەوت بەسەر ململانێیەکی سەختدا لەگەڵ پارتیی ، پاشان سەرقاڵی زۆری بۆ دروستبو بە رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەگەر نا بریاری هەبو ئیستیقالە بدات لە رێکخەری گشتی ، هەر بۆ مێژو کە سەفەری یەکەمجاری ئەڵمانیای کرد ئیستیقالەکەی نوسی بو لە لاپتۆپەکەیدا بو دەیویست تەفەروغ بکات بۆ ئەوەی زۆر شت یەکلا بکاتەوە بەڵام خۆپیشاندانەکانی ئەوێ رۆژێ کە بۆ بزرکردنی کێشەی سەرۆکی هەرێم پارتی و یەکێتی گۆرانیان تۆمەتبار کرد و کودەتاکەی پارتی لە حکومەتدا و گێرانەوەی سەرۆکی پەرلەمان وایکرد کاک نەوشیروان ئیستیقالەکەی دوا بخات ( ئەمەی لە زیاد لە جارێک لە مەجلسی جیا جیا بۆ باسکردوین).

موڵکی خەڵکن نەک حزب؛

دەبێ خەڵکی هەرێم ؛ هاوینە هەوارەکانی سەری رەش و دوکان و قەلاچوالان و دەباشان بە موڵکی حزب و بنەمالەکان نەزانێت ، دەبێ دامێنی گۆیژە بە هی بازرگانێک نەزانێت ، بیگومان دەبێت گردی زەرگەتەش بە هی گۆڕان یا هیچ کەسێک نەزانێت .

گردەکانی سلێمانی :

هەمو ئەو گردانەی لە سلێمانی هەن وەک (سی) شارەکە وان بۆ هەناسەدان، هەوای شار پاک دەکەنەوە لە تەپوتۆز ، نابێ ئاسان دەستبەردایان بین بۆ هیچ کەس و لایەنێک و دەبێ بگەرێندرێنەوە بۆ خەڵکی شارەکە ، سلێمانی لەهەرچی حزب هەیە گرنگترە ، حزب وەسیلەی خزمەتی شارەکەیە ، خوا ئەزانێ گۆڕان وەک حزب سبەی چی بەسەر دێت بەڵام سلێمانی دەمێنێت ، ئەوەی ئەصڵ و نەگۆڕە شارە، ئەوەی گۆڕاو نا جێگیرە حزبە، گۆڕان وەسیلەیە ، خزمەتی شار و خەلک و ژینگەکەی ئامانجە.

بەڵام سەیرە لەوەدایە هەمو ئەو گردانەی داگیرکراون و کراونەتە ماڵ و تەلاری شەخصی و ئیشی تایبەتیان تیا ئەکرێ ودابەش ئەکرێن بەسەر دەستوپێوەندی بەرپرساندا وخانویان تێدا دروستدەکرێن و شوێنی نیشتەجێبونی خێزانین ، کەس باسیان ناکات بەڵام گردی زەرگەتە کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکە بۆ گۆرانکاری لە بەرژەوەندی گشتی و بستێکی نەفرۆشراوە هەمو باسی دەکەن .

بە رای من لە رێکخەری گشتیەوە بۆ کورەکانی کاک نەوشیروان بۆ هەمو هەڵسوراوێک دەبێت بڵێن؛

(( ئەم گردە هی خەڵکە ، مولکی گشتیە ، مولکی کەس نیە ، هەر کات نیزامێکی سیاسیی عادل هاتە سەر حوکم دەگەرێندرێتەوە و تا ئەو کاتەش بۆ بەرژەوەندی شەخصی بەکار ناهێنرێت و نافرۆشرێت و مامەلەی پێوە ناکرێت ))، تایبەت زۆر گرنگە کوڕەکانی کاک نەوشیروان خۆیان ئەوانە هەمو بڵێن چونکە دەیانجار لێم بیستون کە ئەوان ئەو گردە بە موڵکی گشتی دەزانن و هەر لە بەرژەوەندی گشتیشا بەکار دەهێنن نەک بۆ بەرژەوەندی شەخصیی، کاتیە

17/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر