دەوڵەتەکەی پارتی!

رابون مەعروف
تێبینی: ئەم وتارە لە (٦ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦) نوسراوە. دوای ڕاوێژ لەگەڵ چەند هاوڕێیەك، بەباش زانرا، کە ئەو کات، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاو نەکرێتەوە و تەنها بۆ گفتوگۆ بخرێتە بەردەم بەشێك لە سەرکردە و هەڵسوڕاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. بۆ ڕوناکی خستنە سەر ناوەڕۆکی ئەجێنداکانی پارتی، ئێستا بە کاتێکی گونجاو دەزانم بۆ بڵاو کردنەوەی.
***
دوای داڕمانی ئمپراتۆریەتی عوسمانی و سەرهەڵدانی بزوتنەوە ناسیونالیستە جۆراوجۆرەکان و کۆمەڵێك دەوڵەتی نەتەوە لە سەر خاکی ئەو ئیمپراتۆریەتە، گەلی کوردستان بەبێ دەوڵەتی نەتەوەیی مایەوە. کاتێك گەلی کورد خۆی لە ناوەڕاستی چوار دەوڵەتی هاوچەرخ و، مەحروم لە مافە بنەڕەتیە گەردونیەکان، بینیەوە، دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خەونی بزوتنەوە سیاسیە جۆراوجۆرە کوردستانیەکانی داگیرکرد. خولیای دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی گەیشتە ئاستێك کە دیدی باو بۆ دەوڵەت، کە ئامرازێكی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریە، بوە ئامانج لە خۆیدا. ئەو دیدە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی گەشەیکرد بۆ تێزێك کە؛ بۆ کورد، ژیان لە خراپترین و فاشیترین دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستانیدا، باشترە لە ژیان لە دەوڵەتێکی ناکوردستانی، ئەگەر چاکترین و دیموکراتیترین دەوڵەتیش بێت!
دەوڵەت، لە بنەڕەتا، ئامرازە! دەوڵەتی چاك، ئامرازی رێکخستنی دەسەڵاتە بۆ چەسپاندنی مافە مادی و مەعنەویەکان. مافە مادیەکان؛ دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانی وڵات. مافە مەعنەویەکان؛ جێخستنی ئازادیە جۆراوجۆرەکان (ئازادی نیشتیمانی خۆبەڕێوەبەری، ئازادی سیاسی، ئازادیە تایبەتی و مەدەنیەکان) و پەرەدان بە ژیانی کولتوری. کاتێك دەوڵەتی نەتەوە لە ئامرازەوە دەبێتە ئامانج، ئیتر بابەتی دادپەروەری و ئازادیەکان و ژیانی کولتوری پەراوێز دەخرێن و لەبیردەچنەوە. لە رەوشیكی ئاواشدا، دەوڵەتی نەتەوە تەنها دەتوانێت یەك ئامانج بەدەسبهێنێت؛ ئازادی نیشتیمانی خۆبەڕێوەبەری! واتە ئەوانەی دەوڵەت و وڵات بەڕێوەدەبەن هاوزمان و هاوڵاتیین. بەڵام، دەکرێت، ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە ببێتە زیندانێکی گەورە بۆ زۆرینەی خەڵك و ئامرازی بە کۆیلەکردن. جیهانی هاوچەرخ، لە خۆرهەڵاتی ئاسیاوە، بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا تا ئەمەریکای لاتین، پڕە لە نمونەی ئەو جۆرە دەوڵەتە.
جیۆپۆلەتیکی زۆنی زەرد و رەوش و سروشتی حیزبەکە، فاکتەرە سەرەکیەکانی پێکهێنانی دۆخێکن کە فرسەتی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان رەخساندوە، لە ئێستادا، سەرکردایەتی کامپی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان بکات. دیدی سیاسی پارتی رونە؛ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە تێیدا هەمو جومگە سەرەکیەکانی لە ژێر هەژمون و کۆنترۆڵی پارتیدا بن. پارتی سەرکردایەتی کەمپێکی سیاسی دەکات کە دەوڵەتی نەتەوەیی وەك ئامانج دەبینێت نەك ئامراز. دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و ئازادیە سیاسی و مەدەنی و تایبەتیەکان و گەشەی ژیانی کولتوری بەشێك نین لە ئامانجەکانی ئەو دەوڵەتەی کە دید و خەیاڵی پارتی داگیر کردوە. بە دڵنیاییەوە، دەوڵەتێك کە لەسەر بنەمای ئەو دیدگایە دابمەزرێت، بە خێرایی دەبێت بە زیندانی نەتەوەیی و ئامرازی ستەم و سەرکوتکردن.
لە بەرامبەر پارتی، حیزبە سیاسیەکانی هەرێم ئەجێندا و دیدگایەکی رۆشنیان نیە. لەلایەکەوە، ئەو حیزبانە خۆیان بە توندی لەژێر کاریگەری تێز و دیدگای پارتین بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی؛ دەوڵەتێك بۆ کورد دروست بکە و ناوەڕۆکی دەوڵەتەکە گرفت نیە! ئەمەش بە کردەوە واتە؛ کۆیلەتی بەمەرجی دامەزراندنی دەوڵەت. لەلایەکیترەوە، حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکانی دەرەوەی کامپی پارتی ئەوەندە کارا و پێگەیشتو نین کە ئەجێندا و بەرنامەی ئەلتەرناتیڤ پێشبخەن. ئەمەش هەموانی لە رەوشێکدا راگرتوە کە لەبری رەتکردنەوە و رەخنەگرتن لە ئەجێندا و فۆرمەکەی پارتی بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پارتی لەگەڵ بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەت راستگۆ نیە. ئەمەش دۆخێکی پێکهێناوە کە ئەو حیزبانە دورستکەری 'فعل' ی سیاسی نین، بەڵکو چالاکیەکانیان لە 'رد فعل' بۆ روداوەکان کورت بۆتەوە.
پارتی بە جدی سەرقاڵی ئامادەکاریە بۆ دەوڵەتەکەی و بە ئاشکراو نهێنی بنەماکانی دادەمەزرێنێت. لە دۆخێکی ئەوتۆدا، لە نەبونی دیدگایەکی سیاسی رۆشن، حیزبەکانیتر سەیری هەنگاوەکانی پارتی دەکەن. ئەمەش رەوشێکی مەترسیدارە! مەترسی راستەقینە ئەوەیە کە کاروانی دور و درێژی تێکۆشانی گەلی کوردستان بە دەوڵەتێکی ستەمکار کۆتایی بێت. دەوڵەتێك کە دەزگاکانی لەبری ئەوەی ببنە ئامرازی چەسپاندنی لانی کەمی دادپەروەری و ئازادی و مافە مەدەنی و کولتوریەکان، ببنە نیری ستەمکاری و بە کۆیلەکردنی خەڵك.


17/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر