بۆ ئەوەی چیتر پەنجەكان یەكتر نەشكێنن

هادی حەمەرەشید
بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی ، بە بوونی زیاد لە هۆكارێك مەحكومن یان بە ئەنجامدانی ڕێككەوتنی سیاسی یان خواردنی گۆشت و شكاندنی ئێسقانی یەكتر ، هەڵبەت ڕێككەوتن نەك تەنیا لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ئەنجوومەنەكەی (كە خەریكە ئەبێتە حەكایەتی مێش و جەدەلێكی بنبەستی لێكەوتووەتەوە) بەڵكو ڕووداوەكانی چەند مانگی ڕابردوو و شێوازی بەرخوردی ئەم دوو هێزە پێكەوە و بەرخوردی هێزە سیاسییەكانیش لەگەڵ كێشەكانی نێوان ئەماندا پێی ووتین ؛ هەردوولا پێویستیان بە دۆزینەوەی زمانێكە كە گرنتی پێكەوەژیانی سیاسییانە و هاوبەش كاركردن هەیە ، كە تیایدا كەمترین مافی دەنگدەران بخورێت و زۆرترین خواستەكانی هاوڵاتیان دابین بكرێت ، بەكورتی پێویستە بیر لە ڕێككەوتننامەی هەمەلایەن بكەنەوە تا مەترسی لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی نەمێنێت و مانا بدرێتەوە بە ململانێی سیاسی لەچوارچێوەیەكی لۆژیكی و دوور لەهەر تۆمەت بەخشینەوە و هەڵڵای میدیاییدا. 
ئەگەر بڕیار بێت ئەمان لێبووردەییەك بەخەرج بدەن ، ئەوا كەی پێویستیان بە نێوانگیر و كەسی سێیەم هەیە؟! مرۆڤەكان لەنێوان خۆیاندا هەزار و یەك ڕێگایان بۆ گوزارشت لە لێبووردەیی هەیە !
بەشێكی زۆری ئەم دوو هێزە یەك یاداوەری هاوبەشیان هەیە و لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە بەتەواوی لێكئاڵاون و لەهەمووی گرنگتر لەجوگرافیایەكدا هاوبەشن كە بنكەی جەماوەریی بەرچاوی هەردوولای تێدایە ، تەنانەت دەنگدەرێكی بێشومار هەیە كە تا نزیك بەڕۆژی هەڵبژاردن دوودڵە كە دەنگ بەكامیان بدات ، هەروەك دەنگدەرێكی بەرچاویش هەیە زۆر شادومانە بەسەركەوتنی ئەم دوو هێزە لەسەر حسابی لایەنەكانیتر. 

لەسۆنگەی گرفتەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین ؛ لەكردەی (دان)و(ستان)دا ئەگەر بڕیار بێت ئەم دوو هێزە بۆ خۆیان باج بدەن و پاشتر هێزە (تەماشاچییەكان) ببنە هاوبەشی كێكی دەسەڵات ، كەواتە بۆچی خۆبەخۆ سازان نەكەن و ئیدارەی خۆجێیش بەدەردی حكومەتی بنكەفراوان نەبەن ، كە تیایدا بەرپرسیارێتی ون كراوە و هاوڵاتیان باجی نەبوونی ئۆپۆزسیۆن دەدەن و خزمەتگوزارییەكان بە ئەستەم دەگاتە لای هاوڵاتیان و ڕووگەیەك نییە تا ڕووی سكاڵایانی لێبكەن!

بزووتنەوەی گۆڕان لەچوارساڵی ڕابردوودا ، لەگەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵ لەبەرەیەكدا كۆبوونەوە و لیژنەی هەماهەنگییان هەبوو ، پێكەوە پاكێجی چاكسازییان نووسی و لەكەمپەینی هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013و 30/4/2014شدا بەڵێنی جێبەجێكردنی هەرچی زۆرتری ئەو خاڵ و پرۆژانەیاندا ، بەڵام لەیەكەم هەنگاوی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیدا (كە بەشێكی زۆری ئەو چاكسازییانەی كە بەڵێنیان دابوو ئەكرا لەوێدا جێبەجێی بكەن) پشتیان لەگۆڕان كرد و بەپاساوی لاواز بەتەنیا لە مەیدانەكەدا هێشتیانەوە ، ئێستا ئیتر بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەستەبەركردنی لانی زۆری خەونەكانی نابێت هەر لەبیری گۆڕانكاری ڕادیكاڵیانەدا بێت و ئەم دۆخەی ئێستا نادیدە بگرێت ، خۆ ئەگەر باسەكە ببرێتەوە بۆ كردەی ساختەكاری و گۆڕانكاری لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا ، ئەوا هەر ئەو دیفاكتۆیەی كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێ سەلماند ، ڕەنگە ئێستا زیاتریش زەمینەی هەبێت.
هەرچی یەكێتی نیشتیمانییە ، ئێستا هەموو پەنجەكانی كار نەكردن بە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕووی لەوانە ، و تادێت هاونیشتیمانیان بێ‌ ئومێدتر ئەكرێن لە هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی ، بەڵكو جۆرێك لەڕق و كینە لەناو دەنگدەرانە بڵاوكراوەتەوە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر جێگیری ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی ناوچەكە دەبێت ، پاشان خۆ لەنێوان ئەم دوو هێزەدا لەو هەمووە بەریەككەوتنانەی كەمپەینی هەڵبژاردن و سەروەختی ڕووداوەكانی 17ی شوباتدا ، گرژییەك بەناوی شەڕی بەرەیی و چەكدارانە لەنێوانیاندا ڕووی نەداوە و خوێن نەڕژاوە ، لەكاتێكدا لە نێوان یەكێتی و پارتە چەكدارەكانیتردا هەزاران قوربانی بوونی هەیە و ئاسەوارەكەشی تا ئێستا هەر ماوە !
نەكردەنی نییە كە پێكەوە دانیشن و سەرەڕای باسی تاقەتپڕوكێنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ، بیر لەڕێككەوتنێك بكەنەوە كە تیایدا زۆرترین خزمەت بە هاونیشتیمانیان بكەن و پانتایی ئازادییەكان فراوان بكەن لەڕووی كاری ڕۆژنامەنووسی و مافە مەدەنییەكانی تاك و ئیدارەیەكی ڕوون و دادگایەكی بێلایەنكراو و بازاڕێكی قۆرخ نەكراو و زانكۆ و خوێندنێكی باڵای مۆدێرن و شارێكی پێشكەوتوو و...
ئێستا بەبۆنەی كێشەكانی نێوان ئێوەوە ، پارتی بێ‌ باكانە و (زۆر بەرتەسك)خەریكی ئیدارەدانی بەرفراوانترین ناوچەی كوردستانە بەناوی حكومەتی بنكە فراوانەوە! ، زۆرێك لە وەزارەتەكانی لەڕووی ستاف و وتەبێژ و بەڕێوەبەری دیوانەوە قۆرخ كردووە و جێگر (ڕێگر)ی زۆرێك لەوەزارەت و فەرمانگە و دەستەكانی بۆ خۆی بردووە ...
بۆیە ئەكرێت بە گونجان و ڕێككەوتنی نێوانتان سنوورێك بۆ ئەو بە پارتی كردنەی كوردستان دابنێن ، بەمەرجێك كۆترەكانی هەردوولا بچنە دانوستانەوە نەك هەڵۆكان!.  


05/09/2014



وتارەکانی تری نوسەر