گۆڕان و هاوپەیمانەكانی!

هادی حەمەرەشید
 پەیامێك لە جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئەگشتێنرێت بۆ تێكڕای هەڵسواڕاو و پشتیوانان ، تیایدا جەخت لەیەكڕیزیی گۆڕان و هاوپەیمانەكانی ئەكاتەوە و بەپێویستی ئەزانێت كە خۆمان لە گفتوگۆیەك بپارێزین كە خزمەت بە دۆخەكە ناكات و ئەبێتە هۆی پەرتەوازەیی چوار لایەنەكە و دوورمان ئەخاتەوە لەهەماهەنگی و تەركیزمان لەسەر پڕۆژە هاوبەشەكەمان ناهێڵێت.

ئەمە بۆ هێزێك كە خەمی گشتی هەبێت و دوور بڕوانێت و ستراتیژیانە بیر لە گۆڕانكاریی پێبەپێ و بەكاوەخۆ بكاتەوە ، ئەركێكی زێدە گرنگە و باشترین بژاردەیە ، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەمەیە ؛ چما گۆڕان لە ئێستا و ڕابردوودا شتێكی هەبووە بەناوی (هاوپەیمان)ـەوە؟! بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو بژاردەی ناتەبا هەن ، بەڵام بژاردەی ئارگیۆمێنتكراو ئەوەیە كە نەخێر گۆڕان لەناو هیچ هاوپەیمانێتییەكدا بوونی نیە ، بەڵكو گۆڕان هاوپەیمانێتییەكی ڕانەگەیەنراوی ئەخلاقی لەگەڵ جەماوەری ئەو حیزبانەدا هەیە و بارگاویی كردوون بە گوتارە سیاسییەكەی خۆی ، هەر جەماوەرەكەشیان لایەنەكانیان ناچاركردووە كە دووركەونەوە لە سیاسەت و دنیابینی پارتی (وەك پڕۆژە و دنیابینی پێچەوانە) ، ئیتر بەشێكی زۆر (نەك بەڕەهایی) لە سەركردایەتی ئەم لایەنانە لە پراكتیكدا لەخزمەتی پڕۆژەی (بە پارتییكردن)دان و لەڕووكاریشدا موغازەلەی جەماوەرەكەیان ئەكەن ، كە دڵنیان ئەو جەماوەرە لەگەڵ پڕۆژەكەی گۆڕاندا لە دڵدارییەكی قوڵدان!

ناچمە سەر وردینەی نەبوونی پڕۆتۆكۆڵ و ڕێككەتننامەی نووسراو و بەڵێننامەی شەرەف لەنێوان ئەم چوار لایەنەدا ، بەڵام هەرلە ڕووی مەیدانیشەوە لە چوارساڵەی ئۆپۆزسیۆن و ئێستاش لە قۆناغی (چوار كۆ یەك)دا ، هەمیشە ئەم لایەنانە گوتاریان بۆ جەماوەر تایپێكی جیاوازترە وەك لە گوتاریان بەرامبەر پارتی! ، لای جەماوەر پڕۆژەی نووسراوی هاوبەشیان هەیە و ئاوازی قسەكردنیان بە هەزار و یەك بەرگی ڕەخنەی توند بەرامبەر پارتی پێچراوەتەوە ، كە زەمینەش بۆ تەرجەمەكردنی ئەم گوتارە بۆ واقیع ئەكرێت ، خێرا ئەوان پاشەكشەی ترسناك ئەكەن و ڕۆڵیان لە جەمسەربەندییەكەدا ئەگۆڕێت بۆ (ناوبژیكار!) ، هەر سەركردە و كادیرە باڵاكانی ئەم هێزانە هەمان پاساوی پارتی ئەخەنە زەینی خەڵكەوە و پرسە گەورە و گرنگەكان كورت ئەكەنەوە بۆ ناكۆكی مێژوویی نەوشیروان مستەفا و بارزانی !.

بەكورتی ؛ پێویستە گۆڕان هۆشیارانە هەنگاو هەڵگرێت و خۆی بۆ خراپترین ئەگەرەكان ئامادە بكات (كە خەریكە سیماكانی وەدیارئەكەوێت) ، كە خۆی لە تۆڵەكردنەوەی چەند لایەنێكدا ئەبینێتەوە لە گۆڕان ، بەداخەوە هەر هێزێك و پەیوەستە بە ڕیزبەندییەكی هەرێمایەتییەوە و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییە دارایی و ئابوورییەكانیان ئەكەن.

لەهەمووی گرنگتر پێویستە گۆڕان زۆر بێ‌ منەت بێت لە چوونەوە ناو حكومەت و مەرجی قورس بۆ ڕكابەرەكەی و گرنتی تەواویش لە (هاوپەیمانەكانی!) داوا بكات ، تا چیتر هاونیشتیمانیان لە چاوەڕوانیدا نەهێڵێتەوە ، بەخت یاوەریەتی كە ڕیزەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان (تاڕادەیەكی باش) یەكگرتوو و تەبان و بووە بە خاڵی بەهێز بۆی ، دیسان بەخت یاوەریەتی (ئەگەر تەنیاش بێت) لەبەرەی دژی زوڵم و ستەم و تاكڕەویدا بمێنێتەوە ، بەڵام یەكلابێتەوە و پشت بە وەهمی پشتگیریی و هاوئاهەنگی بەناو هاوپەیمانەكانی نەبەستێت!

  


14/10/2015



وتارەکانی تری نوسەر