کۆمپیوتەری شەفاعەت!

هادی حەمەرەشید
پاش وەفاتی سەرکردەکان گفتوگۆی نهێنییەکانی ژیانیان و دیوە پەنهانەکانی تەمەنیان وردە وردە ڕووناکییان ئەخرێتە سەر، تەنانەت بەشێك لە کاڵا و کەرەستەکانی ڕۆژانەیان ئەبێتە جێگای بایەخی میدیاکار و شوێنکەوتووانیان، هەموو ئەمانەش ئاسایی و بەشێکن لە ڕۆتیناتی پاش مەرگ.
نەوشیروان مستەفا وەك سەرکردەیەکی دیاری پەنجا ساڵی ناو ژیانی ئێمە، لەپاش مەرگی ڕووبەڕووی هەمان بەرخوردی هەوادار و میدیاکار و ئەوانیدیش بووەوە، بەڵام چونکە ئەو زاتە بە تەنیشت کارە سیاسییەکانییەوە سەرقاڵی پڕۆژەیەکی گرنگی مەعریفیی و نووسینی بنکۆڵکاریی بوو، زۆر ئاساییە خەڵکان هەواڵی پڕۆژە چاپ نەکراوەکانی و دەستنووس و ئارشیفە دەوڵەمەندەکەی بپرسن، بەڵام ئەوەی نەکردەنی و دوورە لە عورفی سیاسییەوە و لادانی ئەخلاقییە ئەوەیە کە هەڵوێستی لەسەر دیاردەکانی ڕۆژ و ڕووداوەکان بەزیندوویی چەندجار بەرکەوتنی لەگەڵیدا هەبووە، بدرێتە دەست قەدەری برادەرێك و مەتەڵی کۆمپیوتەرەکەی!
چەندە خەڵکی بەگشتیی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پەیبردنن بە نهێنی سەرکردە سیاسییەکان، واوەتر دەست و پێوەند و پەراوێزی میراتەکەی و زۆرێك لە هاوڕێکانی دەستکراوەن بۆ ئاوەژووکردنەوەی ڕاستییەکان و هەڵگێڕانەوەی زانیارییەکان بەو جۆرەی کە دڵخوازی خۆیانە، تا ئەو ڕادەیەی کە کەم سەرکردە لە دنیادا بۆی هەڵکەوتووە و دەوروبەرەکەی مەودایان داوە دواپەیام و وەسیەتنامەی خۆی بە شەفافانە بۆ ڕای گشتیی و شوێنکەوتووانی بەیان بکات.
(لە بەهاری ١٩٢٢ لینین- سەرۆك و دامەزرێنەری یەکێتی سۆڤێت کەوتە بارێکی ناجێگیر و لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا دکتۆرەکانی فیشەکێکی جێماویان دەرکرد کە لەساڵی ١٩١٨ هەوڵی کوشتنی درابوو، هەرچەندە نەشتەرگەریەکەی سەرکەوتوو بوو و بەخێرایی چاك بووەوە، بەڵام پاش مانگێك توشی نەخۆشی ئیفلیجیی بوو و توانای قسەکردنی لە دەست دا، چیتر نەیتوانی یەکێتی سۆڤیەت بەڕێوە ببات و دەست بەرداری پۆستەکەی بوو. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەستی لە وتارنوسین هەڵنەگرتووە و وتارەکانی بە سکرتێرەکەیدا بڵاو کردۆتەوە و لەوتارێکدا ترسی خۆی نیشان دەدات و دەترسێت دوای خۆی کێشە بکەوێتە نێوان دوو کەسایەتی گەورە کە ترۆتسکی و ستالینن)
ستالین ئەم بارودۆخە ئەقۆزێتەوە و ئەوەی خۆی مەبەستی بووبێت، تێکەڵ بە ئەندێشە و دنیابینییەکانی لینین ئەکات و هەنگاو بەهەنگاو نەیار و ڕکابەرەکانی دوور ئەخاتەوە لەساڵی ۱۹۳٤ بەدواوە لەپرۆسەی بەرفراوانی(پاکتاوی گەورە)دا هەزاران کەس بەناوی جیاجیاوە و لەژێر تایتڵی ڕێبازی لینین و وتار و ئەرشیفە ساختەکراوەکەیدا لەناو ئەبات و ئەوەی لینین وەك سەرمایەی ڕەمزیی بۆ مارکسیەت و بەلشەفیەت و یەکێتی سۆڤێت بەدەستی هێنابوو ئەم ڕەشی کردەوە و وڵاتەکەی بەرەو سەربازگە و یەکەیەکی ئەمنیی ترسناك برد!
خۆی کرد بە یەکێك لە هاوەڵانی عیسا پێغەمبەر و لە تابلۆی بەناوبانگی(کۆتا خوان)ـدا وێنەی خۆی خستە ناو هاوەڵان(حواریون)ـی عیساوە!
لادان لە هێڵی ڕاست لە یەك خاڵی زۆر بچووکەوە دەست پێئەکات بەڵام بەدرێژایی هێڵەکە ئەگەری دروستبوونی بازنەیەکی تەواو لارەوەبووی لێئەکرێت و هیچ ئەگەرێك بۆ ڕاست هەنگاونان نامێنێت!
کۆمپیوتەرەکەی کاك نەوشیروان دڵنیاین کە پڕە لە ووشەی سەنگین و لێکۆڵینەوەی پڕ بەها لەبارەی مێژووی سیاسیی و ئەدەبیی و ڕۆژنامەگەریی ئێمەوە، بەڵام بەنووسینی بەڵگەنامەیی کە لە گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتە ئەلیکترۆنییەکاندا بە بوونی فیزیکییانەی خۆی بڵاوکراوەتەوە، بە ڤیدیۆ و بەرنامەی تۆمارکراوی ڕادیۆیی، لای برادەرەکانی هێڵە گشتییەکان و وردینەی تێڕوانینی لەسەر پرسە سەرەکییە پڕ لە کێشەکانی کوردستان، جیاوازییەکانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی ڕوون و بێ ڕتووش کردووە و هیچ بەلاڕێدا بردن و خستنە خزمەتی پڕۆژەی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە دەستەمۆکان هەڵناگرێت!
کۆمپیوتەرەکەی ئەو(قسە لەسەر وەسیەتنامەیەکی لەبارەی هاوڕێکانییەوە ئەکرێت لە کۆمپیوتەری هاوڕێیەکی دێرینیشیدا) خەریکە ئەکرێت بە کراسەکەی عوسمان و لەژێریدا ڕەنگە سەدان سەودا و مامەڵە ئامادەکرابێت، کە پێبزانرێت یان نا، بەر لەوەی لێدان بێت لە نەیار و ناجۆر بە سیاسەتی ئێستای بازنەی دەسەڵات لەگردەکە، بە توندی لە ڕابردوو و تێڕوانینە جدییەکانی خودی کاك نەوشیروان ئەدات و ئەیکات بە خەرابات!
یاداشتی ڕۆژانی خەباتی خۆی کە زنجیرەیەك کتێبە و بە (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) دەست پێئەکات و بە(لە هاوخەباتییەوە بۆ تەخوین) تا خۆی مابوو کۆتایی دێت(نازانم دەستنووسی چاپ نەکراویتری مابێت) لەناو ئەم کتێبانەدا هەم گلەیی لە هاوڕێکانی ئەکات و هەم پەسن و پیاهەڵدانیشیان بۆ ئەکات، بۆچی ئەبێت ئێستا نووسراوی ناو کۆمپیوتەری دۆستێکی بکرێت بە لوغز و هەزاران ئەگەری بۆ ڕیز بکرێت؟!
ئەگەر وەسیەت و سەرنجەکانی لەسەر هاوڕێکانی لەدەستێکی ئەمیندا بێت(کە ڕەنگە وابێت) یان بەپێچەوانەوە خوانەخواستە لە دەستێکی نائەمیندا بێت، کەواتە کۆمپیوتەر شەفاعەت بۆ کەس ناکات و لەم کاتە گرنگتر بۆ قەزاوەتی ئەو بابەتەش نیە، بازنەی دەسەڵاتی گردەکە خۆیان پێ ئەمین و ئەمەکدار و ئەهلی متمانەی کاك نەوشیروانە و هاوڕێکانیتری و زۆرینەی ڕەهای پشتیوان و دەنگدەرانی بزووتنەوەکەش بەلادەریان ئەزانێت، کەواتە ئەو هاوڕێ دێرینەی کاك نەوشیروان لەسەرچی وەستاوە؟!
چاوەڕێیە جڵەولەدەستانی گردەکە کە بەشێکیان ناوەڕۆکی وەسیەتەکەیان بیستووە و لێی نیگەرانن، کۆمپیوتەرەکەی هاك بکەن و هەموو شوێنەوارێك بسڕنەوە؟!
تێبینی/ کۆمپیوتەری ناو وێنەکە چیرۆکێکی هەیە، هەمان ئەو کۆمپیوتەرە نیە کە ئێستا کار ئەکات.


21/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر