بۆچی تەنیا «ئاواتی شێخ جەناب»؟!

هادی حەمەرەشید

سەیرە کۆمەڵگای ئێمە ماندوو نابێت لەم گەمەیە، کەسێك لێدوانێك ئەدات و پاش پێنج خولەك لە سۆشیالمیدیا سەروپۆتی ئەکوترێتەوە، دەیان نوکتەی لەسەر دروست ئەکرێت، وێنەکەی بەکاریکاتێر ئەکرێت، جنێوبارانی خۆی و کەسوکار و حیزبەکەی ئەکرێت و ئاو بێنە و دەست بشۆ!

دەی ئەمە لای کارەکتەری سیاسیی کورد و حیزبەکانی ئاسایی بووەتەوە، هاوپەیمانی نیشتیمانیی لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا سێ لەسەر چواری سەرکردایەتیی و ئەنجوومەنی سیاسییەکەی دەستیان لەکارکێشایەوە، کەچی سەرۆکەکەی جوان و شیك خۆی گۆڕی و وتی: حاڵەتەکە زۆر ئاساییە و هاودیدان دڵنیابن چەند ڕۆژێکیتر ئەوەی ئەمڕۆ ئەبێت بە مێژوو!

حیزبی کوردیی شەیدای ئەم جۆرە فشارە لاوەکیانەیە، ئاخر کە تاك بە تاکی کورد ئەزانێت (وەزیری دارایی) تەنیا ژمێریارێکە و موچەکەی بەرزکراوەتەوە، دەی بۆ ئەبێت لەهەموو گرفتێکی داراییدا ئامبازی بین؟!

لە «سەرکیز ئاغاجان»ـەوە بۆ ئەم شێخ ئاواتە، کامیان سەربەست بوون لە بڕیارداندا؟

 
لە بنەڕەتدا کامیان زانیویانە بڕی داهات چەندە تا بتوانێت خەرجییە گشتییەکانی لەگەڵ هاوسەنگی بکات؟!

 
هەموومان لەو گۆشەیەوە لە بەرپرسانی کورد توڕە و بێزارین کە (ئەزانن بێدەسەڵاتن و قەبوڵیانە) بەڵام کێشەی بونیادیی لە جێگایەکیترە.

وەرن هەموومان تا ساڵێك بەبێ ماندوو بوون با سەرکۆنەی هەڵوێستەکانی یەك بەرپرس بکەین و سوکایەتی بێ ئەندازەی پێبکەین، ناچاریشی بکەین دەست لەکاربکێشێتەوە، ئێ دوای ئەوە؟!

 
بێگومان دوای ئەوە حیزب ڕیسوا و ڕیسایکڵی ئەکات و کەسێکی لەو گوێڕایەڵتر ئەخاتە ئەو جێگایە و یاری بە باری دەروونیی خەڵکیی ئەکات، تا دواجار تۆ کۆڵ بدەیت لە ئەوەی ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم بێت!

ئاواتی شێخ جەناب و گۆڕانیش لەهەموو خەڵکی کوردستان باشتر ئەیانزانی کە پارتیی کێی ئەوێت هاوبەشە کابینە و هاوپەیمانی سیاسیی بێت لەگەڵی، حیزب و وەزیرێکیان ئەوێت کە وەك ئەوان بەرگریی لە حکومەت بکات، بەرگریی لۆژیکیی نا، بەڵکو بەرگریی لە چەتەگەرییەکانیان، پارتیی بۆ پشتاوپشتی وەزیری دارایی وەرناگرێت، بەڵکو خۆی فەزاحەت ئەکات و وەزیری داراییش ئەخاتە سەر شاشەکان پینەپەڕۆی بۆ بکات!

کەواتە گرفتەکە لە کوێیە؟!

 
گرفت لەو جێگایەدا نیە کە هەندێ کەس گلەیی ئەکەن و ئەڵێن:((کەی کاری شێخ ئاواتە ئەم قسانە بکات!)) نا ئەو ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵکو پرسیارەکە ئەمەیە؛ ئەمە چ جۆرە شەراکەتێکە کە گۆڕان کردیی؟!

گۆڕان بڕیاربوو «بەدیل» بێت نەك هاوبەشێك بەتامی پاشکۆ؟!
پێشتر زۆرمان وت لەسەر خەڵکیتر کە «ڕەگەڵکەوتوو، مەسینەهەڵگر، پاشکۆ..تاد) ئێستا کاتی ئەوەیە شوێن و مەوقیعی گۆڕان بزانین؟!

پارتیی هێزێکی ناوەندگەرا«مرکزی»ـیە، لە حیزب و حکومەتیشدا ئەمە ڕەنگیداوەتەوە، کاتێك هەر بەرپرسێکیان پرسێك ئەوروژێنێت بێهودە و بێ مەبەست نیە، بەتایبەت ئەگەر ئەو بابەتە زیان لە بەرژەوەندییەکانی پارتی بدات، هەر زوو بێدەنگی ئەکەن.
«هێڤیدار ئەحمەد» ئەندامی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان (کە بەم دواییانە ئەرکی زۆری پێسپێردراوە و لێدوان و نووسینەکانی هیچیان بێ بزوێنەر نیە) لە وتارێکدا باسی لەو دابەشکارییە داراییە کردووە کە ساڵانێکە پەیڕەو ئەکرێت لە کوردستاندا.

لە وتارەکەیدا«دادپەروەریی لە کوردستان نیە» گلەیی لە دابەشکارییە کلاسیکییەکەی نێوان پارتیی و یەکێتیی ئەکات و پێیوایە؛ سەدی ٥٧ بە ٤٣ ستەمە لە ئیدارەی ئەولا، ٥٧% بۆ هەولێر و دهۆك، ٤٣% بۆ سلێمانیی و هەڵەبجە، گوایە پارتیی مەغدورە!!

ئەمە بۆ من گرنگ نیە، چونکە دڵنیام ستەمکاری ڕاستەقینە هەموویانن کە پێکهێنەری حکومەتن بە نیسبە و تەناسوب، بەڵکو ئەگەر تا ئێستاش ئەم دابەشکارییە پەیڕەو بکرێت، کەواتە ئیتر چی بۆ هیچ حیزبێکیتر ماوەتەوە کە هاوبەشی ئەمان بن؟!

بۆچی حیزب لەکوردستاندا بە ڕادیکاڵیی دەست پێدەکات و لە کۆتاییدا چاو دائەخات لەهەموو دروشمەکانی و گوێی کڵۆم ئەدات تا حەقیقەتەکان نەبیستێت؟!

گرفتەکە بونیادییە، وەزیر هیچ کارەیە تیایدا.


28/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر