برینەکە کۆنە ئەزیزم خیانەتەکە پێشینەی هەیە!

هادی حەمەرەشید



من وەك تۆ نامەوێت هەر کەسێك چۆن ویستی بمهێنێتە جۆش، ئیتر تێکەیشتم؛ بە دانانی وێنەیەك، هاشتاگێك، هەواڵێکی شۆکهێنەر هیچ ئیزافەیەك ناخەمە سەر ڕووداوەکان!


تێگەیشتم بۆ گیرانی هەر «هێمن»ـێك، بیرەوەریی چەندین «سەردەشت» زیندوو بکەمەوە، «کاوە» و «سۆران» و«وەدات» بهێنمە بەرچاوی خۆم!


نە پارتیی و نە یەکێتیی ناتوانن من بکەن بە بەردەباز بۆ بەڕێکخستنی (هەڵمەتی ڕیسواکردنی یەکدی)بەڵێ نابمە بڵندگۆی دروشمە بۆش و پاتاڵەکانتان!
کوشتن، خیانەت، خۆسەپاندن، دزیی و گەندەڵیی، یاساشکێنیی کاری ئێوەیە، بەڵام هەڵماڵینی تاوان و ڕسواییتان دانێن بۆ ئێمە، لێگەڕێن باخەڵکیتر حەیاتان بتکێنێت!!
ئاخر پێمبڵێن ئێوە لە چ ڕەگەزێکن کە ئەوەندە ڕوودار و پێست ئەستوورن، وا ئەمڕۆ یەکێکتان تاوان و خیانەتی دوێنێی خۆتان لەبیر ئەکەن و باسی بێ ئابڕوویی ئێستای ئەویترتان ئەکەن، هەر سبەی ئەویش ئێستای بیر ئەچێت و خۆیمان لێئەکات بە فریشتە و لەڕێگای دەیان بەکرێگیراو و ڕانتخۆری وەك «جەوانمەردیی»ـیـەوە ئابڕوی ئەویترتان هەڕڕاج ئەکات؟!!


نا نا، شەڕەکە مەبەنە جێگایەك کە ئیتر جێگای ئێمە نەبێتەوە دوو تف لە ڕووی دزێوتان بکەین، تاوان و خیانەت لە سەری سەرەوەی هەمووتانەوە ئاوی بۆ ڕژێنرا!


هەواڵی ڕادەست کردنەوەی«مستەفا سەلیمی» لە خراپترین ئەگەردا( ئاسایشی سلێمانیی تەسلیمی کردبێت) نابێت بۆ ئێمە هەواڵێکی نامۆ بێت، بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش شۆکهێنەر نەبێت، چونکە پێشینەی ئەم کارە زۆر کۆنە و ئەنجامدەرانیشی تا ئێستا لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە گوڵباران کراون!


پارتیی لە١٥/٥/١٩٦٨دا پۆلێك لە سەرکردەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی دەستگیرکرد و ڕادەستی ساواکی کرد و لەسێدارە دران
(سلێمانی موعینی، خەلیل شەوباش، سەدیقی ئەنجیری، ئەسعەدی خودایاری، سالح لاجانی، مەلا ئاوارە، سمایلی شەریفیی) لەکاتێکدا کە سلێمانی موعینیی هێندە نزیك بوو لە خودی مەلا مستەفاوە کە بەشێکی زۆری ڕۆژنامەی«دیسان بارزانی» بەقەڵەمی ئەو ئەنووسرێت!


دیسان پارتیی هەردوو ڕابەری پارتی دیموکراتی کورد لە تورکیا(سەعید ئاڵچیی و د.شڤان) بە بڕیاری میتی تورکیی تیرۆر ئەکات!


لەسەروەختی شۆڕشی گەلانی ئێرانیشدا بێشەرمانە؛
لە ژێر فەرمانی سوپای قودس و قەرارگای حەمزە و ڕەمەزاندا پێشمەرگەی دیموکرات و کۆمەڵەیان قەتڵ و عام ئەکرد و ورمێ، شنۆ، خانێ و مەریوانیان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران پاکسازی ئەکرد!


لە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراقدا هەرزانترین خوێن لەلای سەرانی کوردی باشوور(لە زۆربەی حیزبەکان) خوێنی پێشمەرگەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بوو!


لەپاش ڕاپەڕین ئاسانترین کەسابەت، بریتیی بوو لە بەدیاری بردنی سەر و گیانی نەیارانی ئێران و تورکیا بۆ بەردەم مەقسەلەی ملپەڕاندن، زۆربەی حیزبەکان(کە خەڵکی کوردستان چیرۆکەکانیان لەبەرە) کەیسی گەورە گەورەیان لەو بوارەدا هەیە، یەکێتیی پاسداری ئەهێنایە سەر بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات و پارتییش کوردستانی کرد بە شوێنی تەراتێنی میت و ژیتەم و بە کۆستەر کوڕ و کچی گەنجی پەکەکەی ڕادەستی تورکیا ئەکرد!!
ئیییییست ئێوە زەرفییەتی ئەوەتان نیە باسی خیانەتی یەکترمان بۆ بکەن، زارتان ببەستن مێژووی خیانەتەکانتان دەیان نەوەیتری کورد تووشی لادان ئەکەن!


کامە حیزبەتان مەفرەزەیەکی چەکدارتان هەبوو، بە چەپ و ناسیۆنالیزم و ئیسلامییتانەوە چەکتان لەئێران وەرنەگرت و تیرۆری ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتتان نەکرد؟!
ئیتر ئێستا بۆ هەمووان واقتان وڕماوە لەم خیانەتە؟!


پێویستە ئەوەش بڵێین؛ مژدەبێت لە سەرانی یەکێتیی، کە زۆر بێ خەم بن پاش چەند ساڵێکیتر خەڵکی سەقز نەك ئەمڕۆیان بیرئەچێت، بەڵکو هەموویان ئەبن بە تەرەفدار و هەواداری ئێوە، بۆ چما مەهابادی زێدی سلێمانی موعینیی یەك پارچە تەرەفدار و دەروێشی پارتیی و بارزانیی نین؟!


ئێوەش ئەی ئەوانەی لەدوێنێوە لەسەر ئەم بابەتە هاتوونەتە هەلەکەسەما، بفەرموون ئەگەر کوڕوکاڵی بنەماڵە سیاسییەکان هاتنە بازاڕەوە سێڵفییان لەگەڵ مەچرکێنن، یان لایەنی کەم پاڵەپەستۆ دروست مەکەن، هەموو شتێك بە سەرەیە!!

12/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر