كەركوكیەكان چیان دەوێ‌؟

سیروان رەشید
ئاڵای كوردستان؛ نیشانەی هێمای نەتەوەیی كوردە. هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بەفەرمی لە كەركوك، مانایەكی سیمبولی نەتەوەیی هەیەو بۆ هەموو تاكێكی كورد جێگای دڵخۆشیە.
لە ماوەوی 14 ساڵی روخانی رژێمی بەعس تائێستا، دەسەڵاتی سیاسی كوردی لە كەركوك ئەوەندەی ئیشی لەسەر شتی روكەش كردووە، كاری لەسەر مەسەلە ستراتیژییە چارەنوسسازەكانی كورد لەكەركوك و ناوچە دابراوەكان نەكردووە!
چۆن؟
# لە 14 ساڵی رزگاركردنی كەركوك دا تا ئەمڕۆ، تەنها 20%ی قۆناغی یەكەمی مادەی 140 جێبەجێكراوە.
# هێشتا یەك ملیۆن و دوو سەدو پەنجا هەزار دۆنم زەوی كورد لەسنوری پارێزگای كەركوك نەگەرێنراوەتەوە بۆخاوەنە كوردەكانیان.
# هێشتا ناجێگیری سیاسی و بۆشاییەكی ئەمنی گەورە لەكەركوكدا هەیەو، هێشتا هەندێك گروپی توندرەوو گروپی تیرۆریستی داعش مەترسیە لەسەر دروستكردنی نائارامی لە كەركوك.
# هێشتا شەراكەتی راستەقینە لەكەركوكدا دروستنەكراوە لەنێوان كوردو توركمان و عەرەب و دەسەڵاتی سیاسی لەو پارێزگایە نەیتوانیوە سۆزی خەڵكی غەیرە كورد بۆ پشتیوانی ئیدارەكەی رابكێشێ!
# كورد لەكەركوك خاوەن یەك گوتار نیەو گوتاری حیزبی زاڵە بەسەر گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانیمان دا.
 # هێشتا دوو ئیدارەی و دوو دەسەڵاتیەكی حیزبی ناشرین لە بونی دوو ئاسایش و دوو پۆلیس و دوو پەروەردەو چەندین بواری تر رۆژانە حزوریان هەیەو وێنەی كوردی لای نەتەوەكانی تر ناشرین كردووە.
# لە پاش روخانی رژیمی بەعس هەمو كورد بە تەما بون ناوچە جێناكۆكەكان، بە تایبەتی كەركوك، بە ئاشتی و بە رێگەی سیاسی و قانونی، بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان. هەر بەو تەمایەوە مادەی 53 و مادەی 58 ی قانونی ئیدارەی دەوڵەت و مادەی 140 ی دەستوری عیراق دانران،بەڵام نە حكومەتی عیراق ویستی و نە بڕیار بەدەستانی كورد توانی یاریكەرێكی باش بێ‌ و لە كاتی دیاریكراودا جێبەجێی بكا و كە هێشتا نەتوانراوە ناسنامەی كوردستانیەتی كەركوك بچەسپێنرێ و بڕیار بەدەستانی كوردیش هیچ ئەجێنداو نەخشەرێگایەكیان لەم رووەوە نیە و كەیسەكەیان بەقەدەر سپار دووە، نەك وەك بەشێك لەفایلی دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا!
# هێشتا كەركوكیەكان لەكاتێكدا خاكەكەیان سامانێكی سروشتی دەوڵەمەندی هەیە لە نەوت. بەڵام بەشی زۆری دانیشتوانەكەی ژیانێكی شایستە بەم سەردەمە ناژین و مەحرومن لە پێداویستیەكانی ژیانی رۆژانەو نەبونی خزمەتگوزاریەكانی شارەوانی. لەم لاشەوە گروپی مافیای نەوتی هەرێم، هێندەی تر باری ژیانی خەڵكی پارێزگاكەی قورستر كردووە، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی نەوتەكەی و نەگەرانەوەی داهاتەكەی بۆ خەڵكی كەركوك.
ئاڵا گرنگە. بەڵام لەئاڵا گرنگتر چارەنوسی ئەرزی كەركوك و ژیانی خەڵكی كەركوكە.


28/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر