هێلکە لەئەرجەنتین‌و فیتپەمپ لە کوردستان

ئاشتی عەبدولآ
بازرگان و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان لەووڵاتی ئەرجەنتین، رێککەوتن لەسەرئەوەی کە نرخی هێلکە زیاد بکەن . هەر واشیان کرد . بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئاستی گوزەرانی هاووڵاتییەکانن،‌ تەنها بیریان لەقازاجی زیاترو گیرفانیان کردوە. لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا، هاووڵاتیانی ئەرجەنتین بڕیاریاندا کە هێلکە نەکڕن . تا وای لێ هات خاوەن دوکان و مۆڵەکان هێلکەکانیان گەڕاندەوە بۆ کوگاکان و خراپ دەبوون.

بازرگانەکان وتیان ئەمە کاتییە، ناچارن بیکرن ئارامیان گرت، بەڵام بێسوود بوو هاووڵاتیان هەر یەک هەلوێست بوون نەیان کری. دواتر بازرگان و خاوەن کێڵگەکان ناچار نرخەکەیان دابەزاند، وەک پێشوویان لێ کردوە . ئەم جارەش سوودی نەبوو ، هاووڵاتیان هەر هێلکەیان نەکری . نرخی هێلکە زیاتر دابەزی، هەر سودی نەبوو، تا بازرگانەکان تووشی زەرەری زۆربوون، بۆ جارێکیتر لەگەڵ دابەزاندنی نرخی هێلکە بازرگانەکان لەبەیانامەیەکدا بەفەرمی، داوای لێبوردنیان له هاووڵاتیانی خۆیان کرد .

هاووڵاتیان بەم هەڵوێستەیان ویستیان وانەیەک فێری بازرگانەکان بکەن، پێیان بڵێن کە ناکرێت و ناتوانن بەئارەزووی خۆیان، بۆ گیرفان پڕکردن یاری بە قووتی خەڵک بکەن .

گێڕانەوەی ئەم باسە لەکاتێکدایە کە لەهەرێمی کوردستان هەموو رۆژێ بەئارەزووی بازرگان و دەسەڵاتداران، یاری بەقووتی خەڵک دەکرێت و ئێمەی هاووڵاتیش جگە لە مینەتی و قبوڵ کردنی هەموو بڕیارەکانیان هیچمان پێ ناکرێت و یەک هەڵوێست نین بەرامبەر هەموو قەیرانەکان.

تازەترین کێشە رووی لەهاووڵاتی ئەم هەرێمە کردبێت، کێشەی فیول پەمپە (فیتپەمپە)، بەهۆی خراپی کوالیتی بەنزینەوە، ئەم کێشەیە رۆژانە دەبینرێت،‌ هەر ئوتومبیلەو پەکی کەووتوە لەسەر شەقام . هەریەکەمان لەبەر خۆیەوە کەمێک جنێو دەدەین و فیول پەمپ (فیتپەمپ) دەگوڕین و ئیتر دەڵێی نەبامان بینیوە نەبۆران. ئاخر هۆکاری ئەم کێشەیە بازرگانه یان دەسەڵات؟ ئەمە یاریی کردنە بە خەڵک، دروستکردنی قەیرانێکی ترە، لە قەیرانە زۆر و زەوەندەکانیان . ئەمە بەنزینەکەی لای ئێمە و هەڵوێستمان . هێلکەی ئەرجەنتین و هەڵوێستی هاووڵاتیانی . کەواتە ئێمەی هاووڵاتیش بەشێکین لەقەیرانەکان.

21/05/2015



وتارەکانی تری نوسەر