لەبری نان پەیام لەسەر سفرەی خەڵکە

ئاشتی عەبدولآ
دووساڵ زیاترە سەرکردەو حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەپەیام زیاتر هیچیان لەدەست نەهاتووە بۆ چارەسەری قەیرانە سیاسی و ئابووریەکان، لەهەر پەیامێکیشیاندا هێندەی تر کێشەکان قووڵتر ئەکەنەوە، هەر لەدەستپێکی وتارەكانیاندا كە پڕە لەهەرەشە و یەکتر قبووڵ نەکردن، هەروەک ئەوەی حزبی کوردی بۆ کێشە و گرفت خوڵقابێت ناتوانن کەمێک نەفس درێژو دووربین بن، ناتوانن باری سەرشانی میللەت کەمێک سووک بکەن، بەپێچەوانەوە حزبی کوردی بۆتە گەورەترین گرفت بۆ هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە.
 پێ ئەچێت حزبی کوردی کەباس لەماف و دیموکراسی ئەکات رووئیایەکی تری هەبێت بۆ ماف و مۆدێلێکی تری لەدیموکراسی داهێنابێت کەبەپێی بەرژەوەندی و خواستی خۆیان بەکاریبێنن، چونکە ئاشکرایە کەپراکتیزەکردنی ماف و دیموکراسی لەبنەڕەتدا بەم جۆرە نییە کەئێستا لەم هەرێمەدا ئەگوزەرێت.
 سەرنج بدەن نیوەی ئەم میللەتەی کەناوی کوردی باشوورە لەهەموو مافێک بێبەشەو لەشارێک لەبرسا رۆژانە هاووڵاتیەكانی لەسەر شەقامەکانن و داوای نان ئەکەن، لەشارێکیتریش بێ دەنگ و کش و مات بێجگە لەهاواركردن بۆ نان ناتوانن داوای ئازادیش بکەن، هەر شارێک ئەگریت لەم هەرێمەدا بەجۆرێک لەجۆرەکان هاووڵاتیانی ماندوون .. شارێك بەهاوارکردن و شارێك بەبێ دەنگی، لەهیچ کام لەم حاڵەتانەشدا دەسەڵات باکی پێیان نییەو بەردەوامە لەسەر یەکترقبووڵ نەکردن و چاوسوورکردنەوە لەنەیارەکانی.
 لەدیدێکی ترەوە ئەوەی لەپەیامەکانی دەسەڵاتدارانی حزبدا بەدی ئەکرێت بێ باکیانە بەرامبەر هەموو ئەو مەترسیانەی کە روو لەم هەرێمە ئەکات، لای ئەوان پێوەرێک نییە تا کەمێک هێورببنەوە و هەوڵی خۆرێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد بدەن ، چ رووئیایەکی حزبی بەرتەسکە کەئەو هەموو خاڵ و فاکتەرە هەبێت بۆ دوورکەوتنەوەو نەگونجاندن و زیاتر ماڵوێرانی لەم هەرێمەدا، بەڵام تەنها یەک تێروانین نییە، کە ئیرادە هەبێت بۆ گەڕان و دۆزینەوەی خاڵێكی هاوبەش تا کۆیان بکاتەوە، لەکاتێکدا خاڵی هاوبەش زۆر بەزەقی لەنێو کایەی سیاسی لەم هەرێمەدا بۆتە قوربانی ئەویش میللەتە کە ئەتوانرێت بیکەن خاڵی هاوبەش بۆ دەستپێکی کۆکردنەوەیان و هەنگاونان بەرەو ئاشتەوایی و چارەسەری قەیرانەکان.

 ئەو پرسیارەی ئەبێت لەحزبەکان بکرێت لەئێستادا ئەوەیە، کە بۆ ئەبێت ئەوەندە گران بێت کەکەمێک سازش بۆیەکدی بکەن و لەپەیامەکانیاندا نەرمی بنوێنن ؟ بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەم میللەتە برسیە. حزبی کوردی تەواو بێ باکە لەئاست بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاووڵاتیەکانی لەکاتێکدا ئەبینین، کە چەند ئاسانە لایان پێیەک لەتورکیاو ئێران و پێیەک لەبەغدا بن.. بۆ ناکرێت پێیەک بنێنە نێو ماڵی یەکدی ئەم چەق بەستنە سیاسیەی کە هەیە بەرەو ئاڕاستەی ئاشتەوایی بجوڵێن. وەڵامێکی ئەو میللەتە بدەنەوە کەئەوانیان کردە دەسەڵاتدارو دەسەڵاتیش بێ باکانەو لەدوورەوە لەبرسێتی میللەت ئەڕوانێَ. لەبری دابین کردنی نان رۆژانە پەیامی ماڵوێرانەکەر دەرخواردی میللەت ئەدەن.

17/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر