غافڵ بوون، لەقەزیە گەورەکەی میللەتێک

ئاشتی عەبدولآ
هەر رۆژەی باسێک ئەبێتە هەواڵ و زۆرینەی تاک لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان  و شوێنە گشتیەکاندا سەرقاڵ ئەکات، ئەم باسە هەر رۆژەی لەسەر پرسێکە یان کەسێک یان تەوەرێکە، جار هەیه ئەو باسەی ئەبێتە هەواڵ و ئەو پانتایە زۆرە، قەرەباڵغ ئەکات، بایەخێکی ئەوتۆی نییە ، یان پەیوەندیدار نییە، بە ژیانی خەڵکەوە و یان بەڕای گشتی، بەڵام دواجار لەپرسە سەرەکیەکان بۆ ماوەیەک غافڵمان ئەکات. 

پرسی سەرەکی کەبەهۆی ئەم باسانەوە لەبیرئەکرێت پرسی نەبوونی یاسایە و بەنایاسایی بەڕێوەچوونی هەرێمەکە و سیستمێکی سیاسی ناتەندروستە و پرسی لەکارخستنی پەرلەمان و پرسی قووتی هاووڵاتی و بەهەدەردان و بردنی سامانی وڵاتێکە پرسی برسیبوونی مناڵێک و پرسی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی بەهۆی خراپی باری ئابووری و سەرهەڵدانی کێشه کۆمەڵایەتیەکانە، پرسی رفاندنی رۆژنامەنووس و هاووڵاتی و مامۆستای ئاینی دواتر تیرۆر کردنی. پرسی کوشتنی ژنە، کە لەسایەیی ئەم سیستمە سیاسیە و نەبوونی یاسا بەردەوامیان هەیە، دەیان کێشەیتر کەپرسی گرنگن و ناکرێت بەهۆی باسێکی بێ بایەخەوە بۆ ساتێکیش فەرامۆش بکرێت، دەست لەکارکێشانەوەی کەسێک لەحزبێک و چوونی بۆ ناو حزبێکیتر، کەی پرسێکی گشتیە و پەیوەندیدارە بەژیانی خەڵکەوە ئەوە پرسێکی تەواو تایبەت و حزبیە و ئەم کێشەیە پێویستە لەناو بارەگا حزبیەکاندا تاوتوێ بکرێت، نەک هێندە گەورەبکرێت و بکرێتە هەواڵ و جێ بەپرسە گرنگەکان چۆڵ بکات، جا لەوەش گرنگتر ئەو کەسەی دەست لەکارئەکێشێتەوە لەحزبێک یان سەنگەر ئەگوازێتەوە، جگە لەباسی شەرعیەتی شۆرشگێری کە بۆتە سەرماییەی شاردنەوەی هەموو گەندەڵی و بردەو بێنەکانیان، چ قورسایی و کاریگەری هەبووە لەسەر ژیانی خەڵک یان بەدیوێکترا چی کردوە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک، جگە لەوەی لەماوەی کارکردنی لەو حزبە خۆی و بازنەیەک لەچوردەوری سوودمەندبوون و تەخشان و پەخشانی پۆست و پارەی کردوە، لەپاڵ ئەوەشدا دەیان کادری حزبی دڵسۆزی وەدەرناوە و جێگاکەی بەکەسانی نزیک لەخۆی پڕکردۆتەوە، کەوابوو ئەم باسە تایبەتە بەحزبێک و دواتر تەنها خۆی ، ئەم خۆسەرقاڵ کردنە بەم باسانەوە، خۆغافڵ کردنە لەسەر پرسە گرنگەکان و خۆسەرقاڵ کردن بەباسێکی وا، بەڕای ئێمە بێ بایەخەو ئەچێتە چوارچێوەی درک نەکردنمان بەو مەترسیانەی کەهەیە، ئەم حاڵەتە نوێ نیە و زۆرن ئەوانەی لەم حزب و بۆ ئەو حزب تەراتێنیانە و ئەوەش نۆرماڵە مافی تاکە، تا ئەو کاتەی ئەو سەنگەر گواستنەوەیە بۆ حزبێکی نیشتمانیتر و ئایدۆلۆژیاکی ئەقڵانیتر و لەرووی مێژوو و خەباتیشەوە پاکتر، بەڵام ئەم حاڵەتە تەواو پێچەوانەیە ئەم تەراتێنە بۆ حزبێکی تەواو پێچەوانەیە، ئەم مەبادیئانە نایگرێتەوە، کەوابوو بێ بایەخە باسەکە و شایەنی گەورەکردن نییە، وەلێ گرنگ نییە، وەک ئاماژەمان پێدا و نوێش نییە و بەردەوامیش ئەبێت،  وەکو مەسەلەی سەربەخۆی دەوڵەتەکەی لێدێت، کەلەگەڵ نزیک بوونەوەی نەورۆزو بەهار سەرهەڵئەداتەوە و سەرقاڵمان ئەکات، با چیتر ئەم جۆرە باسانە غافڵمان نەکات ئێمە قەزییەکی گەورەترمان لەپێشە کەشایەنی بوون بەهەواڵە و هەق وایە هەموو رۆژ لەمانشێتەکاندا هەواڵی سەرەکی بێت و باسێکی سەرەکی ناو خەڵک و رای گشتی بێت، ئەویش قەزیەی میللەتێکە، کەدەرگیری سیستەمێکی سیاسیە کەسەروەت و سامان و دەسەڵاتی قۆرغ کردوە.

14/02/2017



وتارەکانی تری نوسەر