پەیامەکەی ئەمڕۆی بارزانی، ۲۳ی حوزەیران‌و شتی تریش

هۆشیار عەبدولآ
ئەمڕۆ یادی ساڵێک لەمەوبەری ئەو دانیشتنەی پەرلەمانە کە تیایدا پارتی لە هەموو کاتێک زیاتر هەستی بەوەکرد کە لە پەرلەماندا کەمینەیە ؛ هەر لەو رۆژەوە ئیدی پەرلەمان و پرۆسەی دیموکراسی و یاسا لای ئەو حزبە بە تەواوەتی خەتێکی راست و چەپی بەسەردا هێنرا و ئیدی پارتی پەنای برد بۆ بیرکرنەوە و پاشان ئەنجامدانی کودەتا و پەکخستنی پەرلەمان ، ۲۳ ی حوزەیران لە زاکیرەی پارتیدا بە گشتی و بارزانیدا بەتایبەتی برینیکە وا ئاسان ساڕیژ نابێت ،کە لە راستیدا دەیانتوای زۆر ئاسایی و تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەو رۆژە  و ئەو دانیشتنەی پەرلەماندا بکەن.

بە بۆچونی من تاکە ئامانجی ئەو پەیامەی ئەمڕۆی بارزانی ئەوەیە ، مێژوی ئەم رێکەوتە لەو برینەوە بگۆرێ بۆ  مبادەرە و دەستپێشخەری لەسەر ریفراندۆم ، لە رۆژێکەوە کە یادی ئەوەیە پارتی تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت تەنها و وەتەق کەوتوە بگۆڕێ بۆ رۆژێک کە سبەی ۲۳ حوزەیران وەک یادی مبادەرەی بارزانی بۆ کۆبونەوە لەسەر ریفراندۆم باسبکرێت ،ریفراندۆمێک کە خەریکە بە هۆی دروشمبازیەوە وەک زۆر پرسی تر لە ناوەرۆکەکەی خاڵی دەکرێتەوە.

هەڵبەتە ئامانجی تریش هەن لە پشتی ئەم پەیامەوە لەوانە هەولدان بۆ شەرعیەتدان بە دیوان و کورسیەکەی بارزانی و ئیحراجکردنی لایەنەکان بە تایبەت کەبانگهێشتەکە تایبەتە بە پرسێکی نەتەوەییەوە کە بێگومان هەمو حزبەکان جێگەی بایەخیانە بەڵام ئەوە بەکارهێنانیەتی نەک کاربۆکردنی راستەقینە بۆ ریفراندۆم.

هەموو لەگەڵ ریفراندۆم و مافی چارەنوسین بەڵام ئەوەی جێگەی پێکەنینە ئەوەیە بارزانی ئەویەوێت بڵێ رێک لە یادی ئەو رۆژەدا کە ئێمە زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانمان بە کارەسات زانی و بە هۆشیەوە دۆخی سیاسیمان بەمرۆ گەیاند ، دروست لەو رۆژەدا هاتوم پێتان ئەڵێم با حزبەکان لە چەتری مندا کۆببنەوە بۆ ڕاپرسی .!؟

بۆ پرسی ریفراندۆم پەرلەمان شەرعیترین لایەنوشوێنە کە پیش لایەنە سیاسیەکانیش قسەی لە بارەوە بکات ، چەند کۆمیدیە پەرلەمانت نەبێت باسی ریفراندۆم بکەیت .؟! 

بیهێننە بەرچاوی خۆتان لەمڕۆدا و مبادەرەکەی بارزانی بۆ  ئەوە بوایە پەرلمان لە پێناو پرسی ریفراندۆم کۆببێتەوە ، ئەوکاتە باوەڕمان ئەکرد کە فعلەن بارزانی باوەری وایە نابێت ململانێی ناوخۆیی پرسە نەتەوەییە باڵاکانمان لە بیر بەرێتەوە، ئاخر ئەوەی هۆکار و لایەنی هەرە سەرەکی ئەو ململانێیەیە سیاسەتی ناواقعیی و هەڵەی حزبەکەی بارزانی و کورسیەکەی بارزانیە ؟! 

24/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر