لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و چەند قسەیەکی ڕاشکاو

هۆشیار عەبدولآ

ئەو لیژنەیە بە سەرۆکایەتی شیخ هومام حەمودی جێگری یەکەمی سەرۆک و 5 ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و 5 ئەندامی لیژنەی دارایی و منیش وەک خاوەنی داواکاری و پڕۆژەکە پیکهاتوە.

ئەو لیژنەیە یەک مانگ کاتی لەبەردەستدایە تا ڕاپۆرتێک بخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەرلەمان کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە بۆ حکومەتی ئیتحادی دەربکات.

ئەوەی گرنگە ڕون بێت دوو خاڵە :

یەک : وەک ئەندامی ئەو لیژنەیە لەگەڵ هاوڕێکانما ئەوەی بە شیاو و خێرای بزانین بۆ چارەسەری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەنجامی ئەدەین و کاری بۆ دەکەین بێ ئەوەی سڵ لە هیچ دیعایە و تۆمەتبارکردنێک بکەینەوە کە ڕوو بەڕومان دەبێتەوە .

دوو: من ناڵێم ئەم لیژنەیە ئەنجامی نابێت ، ناشڵێم وا بزانن کێشەکە چارەسەر بوە ئەوەی دەمەوێت وەک نوێنەرێکی خەڵک دور لە هەموو ئینتمایەکی سیاسی بیڵێم ئەوەیە چاوتان لە ئیرادە و ناڕەزایی و هێزی خۆتان بێت لەپاڵ ئەم هەوڵانەدا زۆر گرنگە ، گرنگە خەڵک فشارێک بخاتە سەر ئەو کاستە سیاسیە بێ خەمەی کە حزبە سیاسیەکانی ناو حکومەت بەڕێوە دەبەن .

دەبێت خەڵک و لایەنگر و دەنگدەرانی ئەو حزبانە بپرسن ئایا لەبری سەرقاڵی شەو ڕۆژی ئەو حزب و باڵ و زۆینە و کەمینە و مەکتەب سیاسیە کۆنانە بەکۆبونەوەی بێئەنجامی نێوانیان ، باشتر نیە کە فشار دروست بکەن تا حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە ئیتفاقی نەوتیەوە، یا ئەگەر هیچ سەنگێکیان نیە لە حکومەت بکشێنەوە لانیکەم ، ئاخر با زۆر ڕون بێت تا چارەی دزینی  هەرنا بەشێکی نەوت نەکرێ  و لەڕێگەی سۆمۆوە نەفرۆشرێ ، موچەی خەڵک بە تەواوی دابین نابێت.

ئاخر ساڵێکی تر ئەو حزبانە بە چ چاوڕویەکەوە داوای دەنگ لە خەڵک دەکەن، خەڵکێک کە دوو ساڵە بێ موچەیە ؟ ئەڵێن خەتای پارتی بوو وتەواو ئاو بێنەودەست بشۆ ؟ ئاخر خەڵک هۆشیارە و دەپرسێت و هەر وائاسان لەو حزبانە خۆش نابێت،  خەڵک و هەموو دونیا ئەزانن مەلەفی نەوت پارتی قۆرغی کردوە بەڵام زۆرێنەی خەڵک دەنگی داوە بەو چوار حزبە تا داکۆکیان لێ بکەن، ئەگەر نەتوانن پارتی ڕا بگرن یا زوو زووش لەدوایەوە بڕۆن ئیدی خەڵک مافی خۆیەتی دەنگ نەدا بە حزبهایەک کە نەتوانن داکۆکی لە ئیردەیان بکەن ؟!

ئەو چوار حزبە جگە لە پارتی ئەگەر هیچیان لەو بارەیەوە بەرامبەر پارتی پێ ناکرێت ئەی بۆ بەشدارن ؟ بۆ ناکشێنەوە ؟ بۆ ڕاشکاو و ئازا بۆ ڕزگارکردنی میللەتەکەمان لەو مەینەتیە  هەموو گوتار و بایەخی سیاسیان تەرخان ناکەن بۆ کێشەی نەوت و موچە ؟  بۆ فشار ناکەن لە پارتی کە دەبێت پابەندی ڕێکەوتن بن ، ئایا نەوت لە ڕێگەی بەغداوە بفرۆشرێت و پارەکەی بکرێتە موچە باشترە و نیشتمانیتر و کوردانەترە یا حزبێک و دوان و عائیلەیەک و دوان بۆخۆیانی ببەن ؟ 

لەو لیژنەیەی پەرلەماندا خەڵک و موچەکانیان ئامانجی سەرەتا و  کۆتایمان دەبێت ، دڵنیاشم  لەوەی ئەگەر هەموان بەیەکەوە فشار بکەین دەتوانین ئەنجامی باش بۆ چارەسەری خێرا بەدیبهێنین.

هۆشیار عەبدوڵا
بەغداد


07/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر