ڕوو لە وەزیرەکانمان ..

هۆشیار عەبدولآ


وا مانگی یەکەمیی ساڵی نوێ تێپەڕی و حکومەتی هەرێم سورە لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی کە پابەند نەبونە بە یاسای موازنەی ساڵی ۲۰۱۷ ، خەڵکی هەرێمیش بێ موچە و بەدیار چارەگە موچەوە ناخۆشترین ڕۆژەکانی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان تێدەپەڕێنن ، نەوتی هەرێم و داهاتی ناوخۆش بۆ بەرژەوەندی گروپێکی تایبەت تاڵاندەکرێت.

سەرۆکایەتی ئەو بەناو حکومەتە ، سەرۆکە پارتی و جێگرە یەکێتیەکەی تەنات وەڵامیی ئەو پەرلەمانتارانەی عێراقیشیان نەدایەوە کە چون لە هەولێر لەگەڵیان کۆبونەوە و بڕیار بوو ئەگەر دەرکەوت فرۆشتنی نەوت لە ڕێی سۆمۆوە دولارێک زیاتریان دەستدەخات بڕیارەکەیان دەگۆڕن، دەستبەرداری سیاسەتی ئێستایان دەبن و یاساکە جێبەجێدەکەن ، بەڵام لەو بارەیەوە دەنگیان نەبوو.

جیا لەوە بەرپرسانی ئەم حکومەتی هەرێمە ، بۆ چاوبەستەکێ و خۆڵکردنە چاوی خەڵک لەگەڵ ئەو فشار و باس و خواسانەی لەسەروەختی بودجەدا دروست بون ، چەند باڵۆنێکی وەعد و بەڵێنیان بەرز کردەوە کە گوایە دەستکاری بڕیاری پاشەکەوتی موچە ئەکەن و کار گەیشتە ئەوەی هەواڵی وا دزە پێبکەن بڵێن پاشەکەوت نامێنێ و موچە ئاسایی دەبێتەوە ، بەڵام چونکە بۆ مژینی توڕەیی خەڵک بوو بە هۆی بڕیارەکەیان لەسەر موازەنە ، دوایی خاوبونەوەی فشارەکان و بێدەنگیی حزبەکان لەو هەڵوێستە خراپەی حکومەت ، وا ئێستا زۆر بێمنەتانە ئەڵێن کەی دۆخەکە چاکبوو و پارەمان هەبوو موچە ئاسایی ئەکەینەوە .

پرسیارەکەم بۆ وەزیرەکانی هەولێری یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵە کە ئەوان فراکسێۆنەکانیان لە بەغداد دەنگیان بە یاساکە داوە ، فشارێک ، قسەیەک ، هەڵوێستیان لەو بارەیەوە چیە ؟

ڕو لە وەزیرە کوردەکانی حکومەتەکەی عبادیش کە لە پشکی یەکێتی و گۆڕانن ، هەڵوێستی ئەوان لە جێبەجێنەکردنی یاساکە چیە ؟! قسە و هەڵوێست وداوایان لە العبادی و حکومەتەکەی چی بوە؟ ئایا دەکرێ العبادی تەنها بەوە لە کوڵ خۆی بکاتەوە مادام هەرێم ئیلتیزام نەکات بە دو لێدوانیی میدیایی ئیکتیفا بکات ، یان بەرپرسیارێتی ئیتحادیی لێی دەخوازێت کە پلانیی عەمەلیی هەبێت بۆ ئەو مەلەفە گرنگە .

ئاخر گرنگە ڕون بێت ، ئێمە وەک پەرلەمانتار کارمان تەشریع و رقابەیە ، جێبەجێکردن کاری حکومەت و وەزیرەکانە ، هەنگاوی یەکەم ئێمە وەک تەشریع یاسای موازەنەمان پەسەندکرد ، خۆ دەبێت وەزیرەکان ڕوڵ و قسە وهەوڵیان دیار بێت و بۆ جێبەجێکردنی بجوڵێن ، خۆ ناکرێ هەرچی گلەیی و گازەندە و داوا و چاوەڕوانیە تەنها لە پەرلەمانتار بێت و ئەرک و وەزیفەی وەزیرەکان وجهەی تنفیذیش بکرێتە بەرپرسیارێتی پەرلەمانتاران؟!

ئەرکی وەزیرەکانە بۆ جێبەجێکردنی یاسای موازەنەی ساڵی ۲۰۱۷ ، هەوڵی خۆیان بدەن، چونکە کاتێک نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێ بەو پارەی لە بەغدادەوە دێت ، لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ (نەک هەموی) ئەوە جگە لە زیادەی نەوت دەتوانرێ موچە زۆر بە ئاسانی بدرێت ، دەبێت ئەو بەڕێزانە لە کۆبونەوەکانی هەردوو حکومەتەکە داوای جێبەجێکردنی یاساکە بکەن و بە شیوازی جۆراوجۆر فشار بکەن ، وەگەرنا بێدەنگیان بەشداریانە لەو تاوانە کە هێشتنەوەی خەڵکە بێ موچە لە لایەک و تاڵانکردنی نەوتی هەرێمە لە لایەکی ترەوە .

زۆرینەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە بەغداد ، دوای بەجێهێنانی ئەرکی تەشریع بۆ یاسای موازەنە، ڕقابە و چاودێریمان دەمێنێ ، بۆ هەنگاوی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای موازەنەی ساڵی ۲۰۱۷ کە بە هۆی جێبەجێنەکردنیەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێدەنگی حکومەتی ناوەندیەوە لەو مەلەفە هەستیارە،خەڵکی کوردستان زەرەرمەندبون و بێ موچەن ، وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان کێشەکە دەبەینە دادگا و شکات لەهەردو حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر العبادی دەکەین .

پێش دەستکردن بە هەنگاوی ڕۆیشتن بەرەو دادگا کە نزیکە و لەبەردەمماندایە ، دەکرێ وەزیری ئەو حزبانە لە هەردوو حکومەت ڕوڵ و هەوڵیی خۆیان هەبێت ،کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ، قسەیەکی ڕاشکاویان لەو بارەیەوە هەبێت ، ئەگەرنا کاتێک فەرمانبەرانی بێ موچە و نوێنەرانی خەڵک شکات لەو دوو حکومەتە دەکەن ، لۆمە و داواکە شانی ئەوانیش دەگرێتەوە نەک هەر سەرۆک و جێگرەکەی .



بەغداد

۲۹ یەنایەری ۲۰۱۷


29/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر