با (نەخێر) کۆمانبکاتەوە

هۆشیار عەبدولآ
نەخێر بۆ ڕیفراندۆم هی هەر کەس و لایەک بێ ، نەخێرە . ئەوانەی لەسەرەتاوە نەخێریان وتوە ، جا حزبەکان بن یا کەسایەتیە سەربەخۆکان ، ئەبێ دڵخۆشبن ئەوەی بەرەکەیان فراوان بوە .

 لۆژیک و بەرژەوەندی نیشتیمانی لێمان ئەخوازێ دەستخۆشی و پشتیوانیمان بۆ هەمو ئەوانە هەبێ کە ئەڵێن نەخێر بۆ ئەم ڕیفراندۆمە .
 
گرنگە ڕون بێ ، دژایەتیکردنی ئەوانەی نەخێر ئەڵین بۆ ڕیفراندۆم ، ڕاستەوخۆ ئاو کردنە ئاشی بەرەی بەڵێ و دەسەڵاتە کە بە پلان کار لەسەر پەرتکردنی دەنگیی نەخێر ئەکا ، تۆ کە دڵسۆزی بۆ نیشتیمانەکەت و لە خەمی هاونیشتیمانیەکانیدایت و مەبەستتە ئەو ڕیفراندۆمە دوا بخرێ تکایە لە ژێر هیچ پاساوێکا دژایەتی دەنگی نەخێر یا ئەو دەنگانە مەکە کە ئەلێن با ڕیفراندۆم دوابخرێ . 

ململانێی سیاسی لەگەڵ ئەو کاستە سیاسیە دەسەڵاتدارەی هەرێم هەر تەنها ئازایەتی ناوێ ، بەڵکو هۆشیاریەکی قوڵیشی پێویستە ، چونکە ئەو گروپە شکستخواردوەی دەسەڵات لە هەمو شتێکا شکستخواردون لە شتێکا سەرکەوتون کە پەرتکردنی کۆمەڵگەی کوردستانیە ، هەر بەو پەرتکردن و دابەشکردنەش توانیویانه درێژە بە تەمەنی حومکڕانیەکەیان بدەن ، تکایە با هاوکاری بازرگانەکانی کوردایەتی نەکەین .

با نەخێر ، کۆمانبکاتەوە نەک پەرتمان بکا . 

08/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر