ی ن ک هەڵەیەکی گەورەی کردو تەڤگەری ئازادی‌و گۆڕان وردەکارتر بوون

شوان بورهان
 پ د ک ، یەکگرتو، کۆمەڵ، ی ن ک ئەمڕۆ بەشداری کۆنگرەی ئاک پارتی بوون لە ئەنقەرە، هەڵبەتە دەرهەق بە پ د ک شوێنێک بۆ ڕەخنە نەماوە، چونکە شتیک نەماوە لە باشور هەوڵی نەدابێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ نەیخستبێتە خزمەت سیاسەتەکانی ئەردۆغان و ئاک پارتی یەوە. 

لە کۆنگرەی پێشووی ئاک پارتی دا بەڕێز بارزانی وتی ئێمە دەبینین کە فەرزە لەسەر هەمو پارتێکی سیاسی کورد کە سیاسەتەکانی بەڕێز ئەردۆغان و ئاک پارتی بەرز بنرخێنن!. لەهەمان کاتدا یەکگرتوی ئیسلامی کە لەژێر فشاری شەقامدا ملی بۆ هەندیک گۆڕانکاری دا، بەڵام وابەستەیی ئەم حیزب و ڕێکخستنە بە تورکیاوە دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی لێ کردە موقەست! سەرەنجام کردی بە دوکەرتی یەکسانەوە!. بەبڕوای من یەکگرتوو لەم کۆنگرەیەی ئاک پارتی جگە لەگەڕان بە دوای چەسپی دو قلوب دا بۆ گڕێدانەوەی سەرکردەکانی سۆران بە بادینانەوە جاریکیتر شتێکیتری نی یە وەک ئامانج، بۆیە ئاساییە بەلایەوە کە ئەو بێحورمەتیانەی ئەردۆغان و ئاک پارتی بەرامبەر بە گەلی کورد دەیکات بخاتە خانەی خۆ لەگێلی دانەوە. ئەوان ئەمە یەکەمجار نی یە ئەوکارانە دەکەن ئەوجۆرە هەڵوێستانەشیان هەمیشە لێ چاوەڕوان کراو بووە. هەرچی کۆمەڵی ئیسلامی یە سیاسەتی لەگەڵ مەڕ شین دەکات و لەگەڵ گورگ گۆشت دەخوات پیادە دەکات، کۆمەڵ زیاتر لە دامەزراوەیەکی بازرگانی دەچێت بەدەست ئەمیرەکەیەوە کە عەلی باپیرە، دەنا باوەڕدەکەم کە پەرلەمانتارەکانی و هەندێک لەجەماوەرەکەشی لەو سیاسەتی لەکویوە بابێت لەوێوە شەن کردنەی عەلی باپیر ڕازی نین. ی ن ک ئەو حیزبەی لەناوخۆدا بەداخەوە لە ڕەوشی گەڕە لاوژێدایە! لەگەڵ ئەوەی زۆر جار هەر کەسە و لە ئاوازێک دەخوێنێت، هەروەها لە پرسی دیموکراتیزە کردنی کۆمەڵگای باشوری کوردستان دا هەرچەندە هەوڵی باشی داوە بەڵام پێشێلکاری گەورەشی لەسایەی هەندێک لە سەرکردەکانی دا کردوە لە پرسی ئازادی بیروڕادا، لەناو ی ن ک دا شتی سەرنج ڕاکێش دەبینین کە وا بانگەشە دەکرێت ئەمە بەشێکە لە پرسی ئازادی بیروڕا و دیموکراسیەت لەناو ئەوحیزبەدا، بەڵام من باوەڕ دەکەم کە ئەو بانگەشەیە لەگەڵ ئەوەی لەجێی خۆیدا نی یە پاساوێکی کرچ و کاڵیشە. ئەوەی لە ناو ی ن ک دا ڕودەدات گوزارە لە تێکچونی پرەنسیپ و دیسپلنی ڕێکخستنی دەکات نەوەک ئازادی بیروڕا! ئەمە تەنها وەک سەرنجێک دەڵیم، بەڵام ی ن ک لە ماوەی ڕابوردوودا کەوتە بەرەی نەتەوەیی و دیموکراتی یەوە، لەو مەیدانەدا کاری باشی کرد، پشتیوانی کردنی ڕۆژئاوا و هەروەها هەدەپە لەباکور لە سەروبەندی هێرشەکانی داعش و هەوەها هەڵبژاردنەکانی باکوردا سەنگ و قورسایی ی ن ک ی تادەهات گرانتر دەکرد. بۆیە دەبوو ی ن ک لە مژاری ناردنی شاندیک دا بۆ بەشداری کردن لە کۆنگرەی ئاک پارتی دا وردەکارانەتر هەڵسەنگاندنی بکردابایە، هەروەها ژیرانەتر بڕیاری بدایە، داخۆ ئەردۆغانێک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا توشی شکستی یەک لەدوای یەک هاتوە و سیاسەتی حیزبەکەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەوڵەت هەیە و تێیدا ئەردۆغان بە ئاشکرا بانگەشەی سوڵتانیەت دەکات و تەنانەت نزیکترین هاوڕێکانی خۆی ناخوێنێتەوە جگە لە سەودا کردن بە ئەولایەنانەوە کە لەسەر ناوی کورد بەشداری کۆنگرەی ئاکەپە بوون چ ئامانجێکیتری هەیە؟، ئەمە لەکاتێک دا نزیکترین هاوڕێکانی ئەردۆغان کە بولەند ئارینج و عەبدوڵا گوڵ کە دوکەسێتی کاریگەرن و ڕۆڵی گەورەیان گێڕاوە لە دامەزراندنی ئەو حیزبەدا ڕای دەگەیەنن کە ئەوان بەشداری کۆنگرە نابن! تەنانەت بولند ئارینج کە جێگری ئەردۆغانە دەڵیت بەڵکو کۆنگرە بڕمێت بەسەریاندا! نەوەک ئەوەندە بەڵکو دەڵیت جاران دەوترا ئێمە ئێستا دەڵین (من) کە مەبەستی ئەردۆغانە. داخۆ ی ن ک بیری جۆتەوە یان بیری خۆی بردۆتەوە کە ئەردۆغان چۆن هاواری دەکرد کۆبانی دەکەوێت و ی ن ک هەوڵی دەدا نەکەوێت؟! داخۆ ی ن ک نەیدەزانی کە هەمو جیهان ئەمڕۆ ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک وەک پشتیوانی ڕاستەوخۆی تیرۆری (داعش) ناوزەند دەکەن؟ داخۆ ی ن ک ئاگای لەوە نی یە کە لەمیدیاکانی خۆشیدا بڵاو دەکرانەوە دەربارەی کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی سڤیل لە جزرە؟ داخۆ ی ن ک کۆمەڵکوژی زارگەلی قەندیلی بیرچۆوە؟ بەبروای من ی ن ک هەڵەیەکی گەوری کرد بە بەشدار بونی لە کۆنگرەی ئاک پارتی دا، ی ن ک دەبوو دەستبخاتە ناودەستی ئەو تێکۆشانە نەتەوەیی و دیموکراتیانەیە کە لەگەڵ پ ک ک، هەدەپە، گۆڕان، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان پێکەوە کاریان لەسەر دەکرد، نەوەک دەست بە پشتێنەکەیانەوە بگرێت!. تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، وەک ڕیکخستنێکی گەنج لەباشوری کوردستان دا ڕۆڵێکی بەرچاوکاریگەری هەیە لە گۆڕەپانی سیاسەتی باشوری کوردستان دا، ئەم تەڤگەرە سیاسەتێکی نەتەوەیی و دیموکراتیانەی ڕادیکاڵ بەڕێوە دەبات. لەئاستی هەمو قەیران و پرسە نەتەوەیی و دیموکراتیەکاندا خاوەنی پرۆژە و دەستپێشخەری و چارەسەری گرنگە. تەڤگەری ئازادی خاوەنی پارادیمێکی تایبەتە کە مۆدێرنیتەی دیموکراتی سەنتێزەکەیەتی و بەڕێز ئۆجەلان هزرمەندەکەیەتی. ئەم تەڤگەرە ئاوا کردنی کۆمەڵگای دیموکراتی بە چارەسەری بنەڕەتی پرسەکانی تاک و کۆمەڵگای باشوری کوردستان و دەرباز کردنی قۆناغی کائیوس دەزانێت، لە ئاستی نەتەوەییشدا سەنگ و قورساییەکی تەواوی خستۆتە سەر تێکۆشانی شۆڕشگێڕی گەلەکەمان لە باکور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژ ئاوا، شتیک کە تەڤگەری ئازادی لە هێزەکانیتر جیا دەکاتەوە لە پرسی نەتەوەیی دا هەڵوێستە ڕادیکاڵەکانیتی دەربارەی چارەسەری پرسی کورد لە باکور، ڕۆژهەڵات ، ڕۆژ ئاوابۆ ئەو مەبەستەش هەرگیز هەنگاویکی نەناوە بە ئاراستەیەک دا کە خزمەت بە سیاسەتی دەوڵەتانی سەردەست بکات، هەمیشەش لەهەوڵی ئەوەدا بووە کە هەرنزیکایەتیەکیش لەگەڵ دەوڵەتانی سەردەست دا بوبێت لەسەر بنەمای پاراستن و سەرخستن و فروانکردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دابێت. حیزبی گۆڕان، وێڕای ئەوەی لەسەرەتاوە ئەم حیزبە لەدۆخێکی خراپی سیاسی و فکری دا بوو، بەڵام ئەم هەڵوێستانەی ئیستای گۆڕان کەم تازۆر لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان نزیکتری دەخاتەوە لەڕوی هەڵوێست وەرگرتن لە پرسی نەتەوەیی و دیموکراتی دا، لەگەڵ ئەوەی گۆڕان هەوڵی دا پەرلەمانی کوردستان بکاتە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردان و ڕۆڵێکی گرنگی لەو پرسەدا گێڕالەهەمان کاتدا واپێدەچێت لە ی ن ک باشتر ڕەوشی سیاسی ناوچەکە بەگشتی و بەتایئبەتی تورکیای لێکدابێتەوە. بەشداری نەکردنی گۆڕان بەوەفدێک لە کۆنگرەی ئاک پارتی دا بەبڕوای من وەڵامدانەوەی هەمو ئەوپرسیارانەن کە بەرەوڕوی ی ن ک بونەتەوە. لەوەدەچێت گۆڕان باشتر لەوڕاستیە تێگەیشتبێت کە دەوڵەتی تورک جگە لە هێزیکی داگیرکەر و دراوسێیەکی بێ بەرهەم و هەڕەشە بۆ گەلی کورد زیاتر شتێکیتر نەبێت بۆ ئەوەش داعش نمونەی زیندووە، لەهەمان کات دا هەڵبژاردنی ڕۆژی واژو کردنی پەیمان نامەی لۆزان بۆ هێرش کردنە سەرگەلی کورد هەروەها ساڵوەگەری کودەتای ئەیلول لە تورکیا بەسەرئیرادەی ئازادی گەلانی تورکیا دا، باشتر نیەتی ئەردۆغان ئاشکرا دەکات کە نەک ڕاستگۆ نی یە لە پرسی چارەسەری و ئاشتیانەی پرسی کورد دا بەڵکو دەیەوێت بە هەمان نەفەسی لۆزان مامەڵەی لەگەڵ بکات، لەهەمان کات دا سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراتی تورکیا بە کودەتایەکیتر لە بەرامبەر ئیرادەی گەلانی تورکیادا بکاتە وەڵام باشترین نمونەش ئەو ڕەوشەیە کە دوای شکستی ئەردۆغان و حیزبەکەی بەفەرمانی ڕاستەوخۆی ئاک پارتی و ئەردۆغان هاتۆتە ئاراوە.


12/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر