فاڵگرتنەوە بۆ نەوشیروان مستەفا

شوان بورهان
لەماوەی ٧ مانگی ڕابوردودا زۆرترین فاڵگیرایەوە بۆ نەوشیروان مستەفا، فاڵگرەوەکان چونکە لەڕوی هزر و سیاسەتەوە سەربە قوتابخانەکەی میللیگەرای سەرەتایی کورد بوون، فاڵەکەیان جگە لە موجامەلە و موبالەغە شتیکیتر نەبوو. هەندێکی تریش لەو فاڵانە زیاتر لە تەنز نزیک بوون. 

نمونەیەکی یەکێک لەو فاڵانە ئەوەبوو کە کاک نەوشیروان لە بەریتانیا بەدواداچونی بۆ سەروەت و سامانی حکومەتی هەرێم و پارەی نەوت کردوە لەگەڵ بانکی ئێچ ئێس بی سی! وە بەڵێنی لێوەرگرتون کە سەرجەم ئەو پارانە بگێڕنەوە بۆ وەزیری دارایی پشکی بزوتنەوەی گۆڕان! دواتر لەوڕێگەیەوە قەیرانی دارایی باشور چارەسەر بکرێن. هەڵبەتە فاڵێکیتر ئەوەبوو کە کاک نەوشیروان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا چاوپێکەوتنی کردوە و هاکا بەڕەکەی لەژێر پێی ی ن ک و پ د ک دەرهێنا! ئەمە لەکاتێک دا کە هەمو ئەوانەی ئەوفاڵانەیان دەگرتەوە بەگوێرەی ئەوەی کە لە ئەوروپا دەژین لەهەرکەس باشتر دەیانزانی بانک هەرگیز لە پۆڵەسی خۆیدا ئەوەی کە پێی دەوترێت (پرایڤەسی) کە زانیاری و دیتێڵی کەسی بانکەر هەرگیز لەگەڵ کەسێکیتر باس ناکات و بەڵکو نایاساییشە! هەروەک چۆن کە کاک نەوشیروان جگە لە ڕێبەری حیزبیکی باشور هیچ پلە و پۆستێکی لەحکومەتدا نی یە، خۆ ئەگەر پێشوازیشی لێبکرێت لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە لە قوژبنێکی ڕاگەیاندنەکانی ئەموڵاتەدا باسی دەکرا! کە نەشکراوە.

لەسەرەتای کودەتاکەی پ د ک بەسەر پەرلەماندا تا دەرکەوتنی ئەمڕۆی لەگەڵ تاڵەبانی نەوشیروان مستەفا هەڵویستێکی فەرمی دەرنەبڕیوە، بەڵام لێکنزیکبونەوەی ئەو لەگەڵ تاڵەبانی لەئیستادا چەندە باش بیت ئەوەندەش بەواتای ئەوەدێت کە لە سیاسەتی ڕابوردویدا گۆڕان و کاک نەوشیروان شکستیان هێنا! ئەگەر گۆڕان دواتاکتیکی تاڵەبانی نەبوبیت بۆ لاواز کردنی پ د ک ئەوا مسۆگەر نەوشیروان مستەفا کە نەیتوانی دەست بەسەر ی ن ک دا بگڕیت و وەک کۆمەڵەی رەنجدەران بڕیار لەچارەنوسی بدات بە جیابونەوەی لە ی ن ک دیسان نەیتوانی کۆتایی بە ی ن ک بهێنێت. ناکرێت باوەڕمان وابیت کە لەپارچە بون و جیابونەوە لە ی ن ک کاک نەوشیروان نەیزانیوە کە سود مەندی یەکەم پ د ک دەبێت! هەروەها بەهێز دەبێت، بەڵام دیارە بیرۆکەی جیابونەوە لە ی ن ک و دامەزراندنی گۆڕان دو ئامانج دەپێکێت، یەکەمیان ی ن ک دەکاتە حیزبیکی بچوک و زۆرینەی لەگۆڕاندا لەگەڵ خۆیدا کۆدەکاتەوە، لەهەمان کاتدا ئەوبەشەیتری کۆمەڵگای باشوری کوردستان کە لەودەسەڵاتە ناڕازین و بەسەر حیزب و لایەن و بیلایەن دا دابەش بون دیسان لەخۆی کۆدەکاتەوە بەوجۆرەش دەتوانیت ببێتە حیزبیک شان لەشانی پ د ک بدات! بەڵام ڕوداوەکان بەپێچەوانەی تەخمینەکانی کاک نەوشیروان شکانەوە بۆیە ئەمجارە ڕێبازێکی تری تاقی کردەوە ئەویش کەوتنە ناوسیستەمێک بوکە پێشتر ڕەخنەی دەکرد! گۆڕان بوچونە ناو حکومەت بەردیکی زلی هەڵگرت و سەرەنجام نەیتوانی بیهاوێژێت .

گەرانەوە بۆ گردەکەی دەباشان هەنگاویکی بوێرانەیە، هەرچەندە گۆڕانخوازەکان تاڵەبانی یان سەرزەنشت دەکرد و وەک هۆکاری سەرەکی بەهێزبونی هەژمونی پ د ک تاوانباریان دەکرد، بانگەشەیان دەکرد تاڵەبانی بۆ کورسیەکەی بەغدا کوردستانی رادەستی پ د ک و بارزانی کرد. بەڵام دیسانەوە ی ن ک و گۆڕان جگە لەڕێکەوتن بژاریکی تریان نی یە. ئەمسەردانەی گردی دەباشانیش ئەو بۆچونە پشتڕاست دەکاتەوە کە گۆڕان و ی ن ک لەودابەشبونەی ئیستایاندا لاواز بوون و دەییت هەرچی زووە خۆیان کۆبکەنەوە. منیش دەمەوێت فاڵیک بۆ کاک نەوشیروان بگرمەوە، بەڵام هەوڵ دەدم لە لۆژیک نزیکتر بێت وەک لە خەیاڵ پڵاو! ی ن ک وەک ماگنێتی شکاوی لێهاتووە، سروشتی ماگنێت بەوجۆرەیە کە پارچە دەبیت یەکناگرێتەوە کەواتە ئەوەی دەتوانێت جەمسەرە سالب و موجەبەکانی ناو ی ن ک و گۆڕان کۆبکاتەوە نەوشیروان مستەفایە، خۆ ئەوانەشی کە بەم کۆبونەوەیە ڕازی نابن ئەوا دور نی یە چارەنوسی حەمە حاجی هەڵبژێرن.

لەوانەیە قسەکردن لەسەر ئایندەی پ د ک لە ئیستادا وەک قسەکردن لە ڕوخانی ڕژێمی بەعس بێت لە ساڵی ١٩٨٠ کاندا! بەڵام ئەدای بارزانی و خۆگڕیدانی بە تورکیاوە مسۆگەر دەرەنجامی باشی نابیت بۆیە نەوشیروان مستەفا لەئیستادا سەرقاڵی نەخشە رێێەکە بۆ قۆناغی پاش لاواز بونی پ د ک ئەگەر ئەمریکیەکان ی ن ک یان لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا سزادا بۆ بارزانی ئەمجارە مسۆگەر سزادانی پ د ک بۆ ی ن ک و گۆران و پ ک ک بۆچونیکی لەجێدایە جموجۆڵەکان لەکاتی ئیستادا کە قۆناغی ئازادی موسڵ ڕەققە لە جێبەجێ کردن دایە وادەڵێت، مرۆڤ گەر سەرنجی پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات بۆ رۆژ ئاوا و لەبەرامبەردا داخستنی سنور لەلایەن پ د ک وە دیسان نزیکی ئەم بۆچونە لەفاکت باشتر دەبینێت. قسە لەسەر ئەوەی شێواز و میکانیزمی ئەم نزیکایەتی و خۆڕێکخستنەوەیە چۆنی و سیناریۆکانی چین هێشتا دیار نین، بەڵام باس لە سیناریۆی جیاواز و جۆراو جۆر دەکرین یەکگرتنەوە، یان دامەزراندنی حیزبێکی تر، یاخود ڕێکەوتنیکی ستراتیژی هاوشێوەی ئەوەی ی ن ک و پ د ک، بەڵام هەمو ئەمانە لەئەگەری حساب نەکردن بۆ ڕێکخستن و هێزەکانیتری دەرەوەی پەرلەمان و دەسەڵات پێویستی بە کاهینێتی نابێت بۆ قسەکردن لەسەر ئایندەی.


05/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر