هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد مايسترۆکەی ی ن ک !

شوان بورهان


لەوانەیە بەم مانشێتە هەندێک هاوڕی و خوێنەری خۆشەویست پرسیاری ئەوە بکەن داخۆ لەڕەوشێکی گەڕەلاوژێ ئاسای ئیستادا کە هەر سەرکردە و گروپێکی ناو ی ن ک لە ئاوازێک دەخوێنن، چۆن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد مایسترۆیە؟! ئەگەر مایسترۆیە داخۆ مایسترۆیەکی سەرکەوتوە یاخود فاشیل؟!

دەمەویت وەڵامی ئەم پرسیارانە بخەمە کۆتایی بابەتەکەم، بۆیە سەرەتا هەندێک شرۆڤەی ئەو گەڕەلاوژێیەم پێ گرنگە کە ڕوی لە ی ن ک کردوە. لێرە و لەوێ هەندێک کەس ی ن ک وەک حیزبیکی مۆدێرن و دیموکراسی شرۆڤە دەکەن، بۆیە دەڵێن کە سەرهەڵدانی ئەمجۆرە ناکۆکیانە ئاساییە! لەهەمان کات دا ڕەنگدانەوەی دیموکراسیەتی ناو خودی ی ن ک یە!

بەباوەڕی من ئەک گەڕەلاوژێیانە کەڕوی کردۆتە ئەوەی ناویان ناوە ماڵەگەورەکە وەک حیزبێک کە ی ن ک یە، چەندە توانیوێتی هێز و گوڕبداتە ی ن ک و پێشیبخات ئەوەندەش پرس گەلێکن فڕیان بەدیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینەوە هەیە! نمونەی گەورەش سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕانە! خودی نەوشیروان مستەفا ڕێبەری ئەوبزاڤە ئەگەر دەریچەیەکی دیموکراتی بۆ ڕیفۆرم لە ناو ی ن ک دا شک ببردایە هەرگیز لە ی ن ک جیا نەدەبۆوە. دەتوانین فلاش باکێکی خێرا بکەین بە دۆخی ئەوکاتی ی ن ک دا ئەوکات ڕاستی ئەم بۆچونەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە چۆن باڵی ئەوکاتی ڕێفۆرمی ناو ی ن ک لە کۆمیتە و مەڵبەند و ئۆرگانەکانی ی ن ک دا سانسۆر دەکران و گەمارۆ دەدران! کەهۆکاری بنەڕەتی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەڵبەتە جیابونەوەی ئەوباڵە لە ی ن ک گورزی هەرەگران بو لە ی ن ک و بەتایبەتی لە سنوری ئەوەی پێی دەوترا زۆنی سەوز و ی ن ک پێی لاواز بوو!.

ململانێکانی ناو ی ن ک گرێدراوی ستراتیژ و تاکتیکی سیاسی و ڕێکخراوەیی ی ن ک نی یە وەک حیزب، بەڵکو گرێدراوی پلە و پایە و بیرەنەوت و پارەیە! هەرئەوانەی کە ڕەخنە لە ماڵباتی تاڵەبانی دەگرن کە دەستیان بەسەر دارایی ی ن ک دا گرتوە، خۆیان خاوەنی دەیان کۆمپانیا و سەدان ملیۆن دۆلار و پرۆژەی جودا جودان، زۆربەی ئەمانەش وەک دەستکەوت بەخەڵک دەفرۆشنەوە! بەرهەم ساڵح سەرکردەی دیاری ناو ی ن ک خاوەنی پرۆژەی زانکۆی ئەمریکی یە، کەم کەس هەیە لەوڕاستی یە تێنەگات کە ئەم دامەزراوەیە چۆن بەهەردوشێوازی سیاسی و بازرگانی بەکار دەهێنێت، بەتایبەتی ساڵانە کۆنفرانسەکانی وەک گوایە توێژینەوەی سیاسی کۆمەڵێک سیاسی کۆدەکاتەوە و وەک کەناڵێکی سیاسی لەبەرامبەر لایەنەسیاسیەکانی کوردستان دا بەتایبەتی ی ن ک و پ د ک و گۆڕاندا بەکاری دەهێنێت! بەڵام وێڕای هەمو ئەمانە بەرهەم ساڵح سیاسیەکی لەڕوکەش دا نەرم و نیانە، بەڵام لە هەڵوێست و کرداردا توند و بەکاردانەوەیە! دەستلەکارکێشانەوەی وەک جێگری سکرتێری ی ن ک گەورەترین گورز بو لە خۆی وەشاند! هەرئەو هۆکارەش بو لەناو ی ن ک دا بێکاریگەر بوو!.

هەرچی کۆسرەت ڕەسوڵە بە پاڵدانەوە لە سلێمانی و ڕازیبون بەوقەدەرەی پ د ک بەسەریدا سەپاندوە، لەهەمان کاتدا هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح دا کەوتە ڕەوشی ئەو مەلاوانەی لەکاتی خنکاندا دەست بۆ چڵە پوشێکیش دەبات! وێڕای ئەوەی کوڕەکانی بردەپێش و پلەوپایەی باشی بۆ دەستەبەرد کردن، بەڵام ئەوانیش دیسان نەیانتوانی ببنە پاڵەوانی خەونەکانی باوکیان. کۆسرەت ڕەسوڵ وەک جێگری سکرتێری گشتی ی ن ک جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە، بەلام هەرگیز ڕۆژێک لەڕۆژان لەدەرباری خراپی ئەدای حکومەت و بێکاریگەر کردن و داخستنی دەرگای پەرلەمانی کوردستان دا تەنها وشەیەکی لەزار نەهاتۆتە دەرەوە! بەڵکو بە پێچەوانەوە بەهاوپەیمانێتی دکتۆر بەرهەم ساڵح تادەهات فشاریان بۆ ی ن ک دەهینا تا ئەوەی لەناو ی ن ک دا ناوەندێکیان بەناوی ناوەندی بڕیار دروست کرد! جێگری سکرتێری گشتی یەکەم و دوەەم کە یەکەمیان دەستی لەکار کێشاوەتەوە لەناو حیزبێک دا ناوەندێکیتر دروست دەکەن! لەهەمان کات دا ئەم ڕەفتارە کە زیاتر لە نوکتە دەچێت بە دیموکراسی و ئازادی بیروڕا لێک دەدەنەوە!!

لەوانەیە ئەم نوسینەی منیش بخرێتە قاڵبی ئەوڕەوشەی ئیستا لە باشور هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ڕێبەرێتی دەکات، بەڵام خۆشبەختانە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نە من دەناسێت و نە منیش ئەندام یان لایەنگری ی ن ک هەم! خوێنەریش ئەگەر بەوردی سەرنج بدات دەتوانێت لە مەبەستی نوسینەکەم و ئامانجی من باشتر تێبگات. لێرەوە دەمەوێت وەڵامی دوپرسیارەکەی سەرەوە بدەمەوە، من باوەڕم وایە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد مایسترۆیە، ئەو توانیوێتی لەم دەنگە جیاوازانە هەریەک بەقەبارەی خۆی بکاتە ئاوازێک بۆ لەسەرپێمانەوەی ی ن ک وەک حیزبێک! هەڵبەتە باش لەوڕاستی یە تێگەیشتوە هەرگیز بەرهەم ساڵح و کۆسرەت ڕەسوڵ ناتوانن ئەوهەنگاوە بنێن کە نەوشیروان مستەفا نای! هەڵبەتە ڕۆڵی ئێرانيش لەم ڕەوەوە بەرچاوە. خۆهەرچی ئەگەری بە پارتی بونیانە یەکجار لاوازە و جورئەتی کارێکی لەوجۆرە ناکەن! بۆیە زیرەکانە ئەم هێڵە ناڕازییەی لەناو ی ن ک دا ڕاگرتوە! لەبەرامبەردا هێڵی ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد کە خودی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەرکردایەتی دەکات زۆر بە سەرکەوتویی هەڵدەسوڕێنێت، چونکە لەبنەمادا ئەوانەی لەوباڵەدا جێدەگرن هێرۆ وەک ڕێبەری خۆیان دەبینن و پەیوەستن بەبڕیارەکانی یەوە، بۆیە زۆر بە ئاسانی بڕیار لەسەر هەمویان دەدات، سزا دەسەپێنێت بەسەر هەندێکیان دا و ناهاوسەنگی یەکانی ناو ی ن ک باڵانس دەکات!لێتان ناشارمەوە کە من گومانم نی یە هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد بەشێک نەبێت لەوتاکتیکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە جاروبار دەردەکەوێت و پرسێکی قورس دەهەژێنێت و ڕوی قسەکانی لەوکەسانەشە کە لە باڵی ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد دا ئەندامی بنەماڵەکە نین!.هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەندێک جار بزوتنەوەی گۆڕانیش بەکار دەهێنێت! جاروبار بەدڵی گۆڕان ی ن ک لێدوان دەدات و هەڵوێست وەردەگرێت، جگەلەوەش پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ماڵبات و خودی نەوشیروان مستەفادا هەیە .

ئیستا لەناو ی ن ک دا ئەگەر لەگەڵ ڕێکەوتنی ی ن ک گۆڕانی دەتوانیت لە باڵی ماڵباتی ئیبراهیم ئەحمەد دا جێبگری! خۆئەگەر ناتوانیت پ د ک ڕەتبکەیتەوە و باوەڕت بە ئیتیفاقی ستراتیژی هەیە ئەوا دەتوانیت لە ناوباڵی ناوەندی بڕیاردا جێبگریت! کەواتە ماڵەگەورەکە بەم هەمو گەڕەلاوژێ یەوە مایسترۆیەکی سەرکەوتو ئاوازە ناوازەکانی لەخزمەتی ی ن ک دا ڕێکخستوە!بەڵام خاڵی یەکلاکەرەوەی سەرکەوتنی هێرۆ ئیبراهیم گرێدراوە بە خستنەوەی ی ن ک بۆ سەر سکەی ڕاستی سیاسەت و دەربازکردنی لەدۆخی قەیران و کاراکردنەوەی وەک حیزبێک ڕۆڵ لە کایەی سیاسی و نەتەوەیی دا بگێڕێت، لەدەرەوەی بەرژەوەندی ئابوری و بیرەنەوت و پلەوپایە و دەسەڵات، دەنا ئەم سەرکەوتنە کاتی یە و ناتوانێت تا ماوەیەکی درێژ خایەن ی ن ک بە زۆر پێکەوە بلکێنێت!.


26/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر