ئەوەی لە مەڕاسیمی ناشتنی مام جەلال دا بینیمان

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
رێوڕەسمی پرۆتۆکۆڵی سەربازی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆناشتنی مام جەلال، هەموو نەیارەکانی گەلی کوردستانی تاساندو بێهیوای کردن  لەوەی گومان یان گرەو لەسەر ویستی کورد بكەن بە رەتکردنەوەی دوڵەت، لانی کەم لە سلێمانی، پێچانی جەنازەی مام بە ئاڵای کوردستان لە کاتێکدا مام سەرۆکی عێراق بووە لەم کاتەدا کە گەلی کوردستان تازە راپرسی سەربەخۆیی ئەنجامداوە مانا و مەغزای گرنگی هەیە.
بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی عێراقی هیوایان لەسەر ناکۆکی هەولێرو سلێمانی هەڵچنیبوو لە بارەی راپرسی و ئەنجامەکانی و دواجاریش دەوڵەت  پێیانوابوو لانی کەم مام جەلال و خانەوادەکەی لەگەڵ ئەم بژاردەیەدا نین و دەوڵەت رەتدەکەنەوە بەڵام ئەوەی لە مەڕاسیمی ناشتنی مام جەلالیان بینی زۆر جیاواز بوو لە خەونەکانی ئەوان، ئەم مەڕاسیمە نیشانی هەموو ئەوانەی دا کە پێیانوابوو پۆستی سەرۆکی عێراق کار لە ویستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان دەکات.
ئەوەی زیاتر دووچاری شۆکی کردوونە شێوازی سەرکەووتوی بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمە پڕۆتۆکۆڵییە سەربازیە بووکە بۆ مام جەلال ئەنجامدرا بە ئاماددە بوونی کۆمەڵێک لە گەورە دیپلۆماتەکانی وڵاتانی جیهان، چونکە زۆرێک لە شۆڤینییەکان باسیان کردووە و کە ئەمە تەنها کاری  دەوڵەتێکی پێش کەوتووە نەک هەرێمێکی وەک ئێمە دوایی بینینی ئەم شێوازە زۆر لە کەناڵەکانی عێراقی بە بیانووی نەبوونی ئاڵای عیراق لە مەڕاسیمەکەدا گوازتنەوەی راستەوخۆی مەڕاسیمەکەیان راگرتووە.
هەرچەندە شۆڤینیەکان ئەم هەلەشیان قۆزتەوە بۆ هێرش کردنە سەر سەرۆک بارزانی و بە پلانی ئەویان زانی بۆئەوەی بتوانن کەمێک دەروونی هەڵچووی خۆیان پێ فێنک بکەنەوە بەڵام بێ هوودە بوو،چونکە ساتەکانی ئەو مەڕاسیمە وێڕای خەمباری بۆ سەرکردەیەکی مێژوویی وەک جەنابی مام جەلال،بەڵام لە جاڕی بەدەوڵەت بوونی کوردستان دەچوو.
ئاماددەبوونی زەریف  و دانانی تاجەگوڵینە لەسەر جەنازەی مام جەلال بەپێچراوی ئاڵای کوردستان لەم ئان و ساتەدا هەم شایانی سوپاس و هەم جێگای هەڵوەستەیە چونکە ئێران لە نەیارە سەر سەختەکانی ڕاپرسی و دەوڵەتی کوردستانە،بەڵام ئەم کارەی وەزیری دەرەوی ئێران پێمان دەڵێت کە ئێران رەنگە لە دواڕۆژێکی نزیکدا مامەڵەیەکی پڕاگماتیانە لە گەڵ مەسەلەی بە دەوڵەت بوونی کوردستاندا بکات، هەرچەند زەریف خۆیشی کەسێکی رۆشەنبیرو بەتوانایەو پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی جائیزەی نۆبڵ.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەو لایەنە سیاسیەکانییەوە یەکگرتووبن، لانی کەم لە مەسەلەی بەدەوڵەت بوونی کوردستان، چونکە بە یەکگرتوویمان لە بەدیهێنانی ئەوخەونەمان نزیک دەبینەوە و دوژمنانیش ناتوانن بیر لە بژاردەی خراب بکەنەو دواجار هەر مل ئەدەن بۆ داخوازیە رەوایەکانمان، لە کۆتاییدا سڵاو لە رۆحی بێ گەردی جەنابی مام جەلال و تەواوی شەهیدانی گەلی کوردستان.

                              فەرحان جەوهەر


07/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر