دیوە شاراوەکەی هاتنی پێنس بۆ هەولێر

فه‌رحان جه‌وهه‌ر


سەردانی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەولێروکۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیان، لە باروودۆخێکی ئاڵۆزو هەستیاری وەک ئەمڕۆی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانێکی هەروا ئاسایی نییە، بەتایبەتی کە سەردانی بەغدا ناکات و لەگەڵ بەرپرسەکانیدا کۆنابێتەوە مانای وایە هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی بەغداوە زۆر گۆڕاوە، یەک لەوهۆکارە سەرەکیانەی گۆڕانی ئەو هەڵوێستە، ئەنجامدانی توندوو تیژیە بەرامبەرخۆپیشاندەران وزیادبوونی هەژموونی ئێرانە بەشێوەیەکی بەرچاو، هەرلەوسەردانەیدا مایک پێنس لە بنکەی سەربازی خۆیان لە ئەنبار بەتەلەفۆن ئەم نیگەرانیەی ئەمریکای گەیاندە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق و داواشی لێ کردووە بۆ کۆبونەوە بێتە ئەو بنکەیە، بەڵام عادل عەبدولمەهدی ئامادە نەبوو بچێتە ئەوێ بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پێنس و داوای لێکرد کۆبونەوەکەیان لە بەغدا بێت، ئەویش بە  پاساوی ئەوەی تیمی ئەمنی خۆی رێگەی پێنادەن بچێتە بەغدا، دوای ئەمە سەردانی هەولێری کردو بەناوی سەرۆکی ئەمریکاوئیدارەکەی پابەند بوونی خۆیانی بە هاوپەیمانێتی کورد لە هەرێم و رۆژئاوا نوێ کردەوە و دەڵێت: شانازیە بۆ ئێمە هاوپەیمانی ئێوە بین، ماوەیەکە بەتایبەتی دوای هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر کوردانی رۆژئاوا جۆرێک لە نیگەرانی لە لایەن کوردەوە پەیدابووە بەرامبەر ئەمریکا، بۆیە ئەمریکا بەم سەردانەی پێنس ئەو ئەوپەیامەی بە کورد دا کە ئەوان هێشتا هاوپەیمانی سەرەکین لەگەڵ کورد،هەروەها وەک گوشارێکیش بوو بەرامبەر هەڵوێستی بەغدا لە بارەی خۆپیشاندانەکان و نفوزی ئێران لەو وڵاتە، چونکە عێراق بەتایبەتی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی نەیتوانیوە هاوسەنگی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە راگرێ، لایەنێکی تری ئەم سەردانە ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێ پێمان بڵێ نابێ لە هەرێم هەمان سیاسەتی بەغدا سەبارەت بە ئێران پەیڕەوبکرێ، بەڵام بەزمانی گوڵ وەک ئەوەی پێنس کردی، هەروەها لە رێگەی ئەم سەردانەدا پەیامیان گەیاندە بەغدا کە ئەوان ناتوانن تاسەر لە دوورەوە هەربینەری ئەو هەڵوێستەی بەغدابن، بۆیە ئەگەر بەغدا سووربێ لەسەر پەیڕوکردنی ئەو هەڵوێستەی ئێستای، دوورنییە لە ماوەیەکی نزیکدا یان رووبەرووی گەمارۆی ئابوری دەبێتەوە یان کودەتایەکی سەربازی لەو وڵاتە روودەدات، گریمانەی سێیەمیش کە هەندێک دوور ترە لە هەردوو گریمانەی تروەشاندنی گورزێکی سەربازیە، بەغدا دەبێ ئەو راستیە بزانێت کە ئەمریکا واز لە عیراق ناهێنێ بۆ ئێران، هەروەها عێراق سوریا نییە و بۆ ئەمریکا وڵاتێکی ستراتیژییە، ئەگەربەغدا لەو خەیاڵەدا بژی کە ئەوان بەبێ ئەمریکا چیان بوێت دەیکەن و بەتەواوی دەچنە باوەشی ئێران کە وەک ئێستا دەیکەن، ئەوا مەحاڵە ئەمریکا بەو دۆخە رازی بێ، بۆیە ئەوەی لەسەر هەرێمە بیکات بە پلەیەک راگرتنی هاوسەنگی ئەم هاوکێشە قورسەیە کە بەغدا تێیداسەرکەوتوو نەبوو،لایەنێکی تریش سەبارەت هەرێم ئەوەیە پێویستە مامەڵە لەگەڵ هەر حکومەتێک بکات، کە لە بەغدا حاکم بێت، بەڵام لەسەریەتی تا بۆی بکرێ نەهێڵێ بەغدا بەرەو ئەو ناهاوسەنگیە مەترسیدارە بخلیسکێ، چونکە ئەگەر سبەی عیراق رووبەرووی گەمارۆی ئابوری بووەوەئەوا گەلی کوردستانیش لە هەرێم دووچاری مەینەتیەکی گەورە دەبنەوە.

27/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر