دواین بەیاننامەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی

فه‌رحان جه‌وهه‌ر



هەرلە سەرەتای رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق، سەرۆکایەتی هەرێم لە رێگەی چەند بەیاننامەیەکیەوە، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی بۆ رای گشتی ناوخۆ و عێراقی و   جیهانی روونکردۆتەوە، و ئاگاداری کردوونەتەوە ئەگەر مامەڵەیەکی عەقڵانی لەگەڵ ئەو ۲کێشانەدا نەکەن، چاوەڕێی پێشهاتی مەترسیداری لێ دەکرێ، ئەوە ئەمڕۆ ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی پێشبینی کردبوون روویاندا، دوای ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانەی لێدانی بارەگانی حەشدی شەعبی و دواتر گەماڕۆدانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هاتوونەتە ئاراوە. ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم لە بەیانێکی زۆر روون و راشکاودا هەڵوێستی هەرێمی لەم بارەیەوە ئاشکرا کرد و پێی راگەیاندن کە ئەمە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارەو ئێمە لە هەرێم لەگەڵ ئەوەنیین هێرش بکرێتە سەرباڵوێزخانەی ئەمریکا، هەروەها وەبیری هێناونەتەوە کە ئەمریکا دۆستی عیراقە و ئەو عیراقی لە دەستی دکتاتۆریەت رزگارکردو لە هێرشی داعشیشی پاراست، بۆیە لە بەرژەوەندی عێراق نییە، خاکەکەی ببێتە جێگای ململانێی هێزە دەرەکییەکان و هێرش بکرێتە سەرباڵوێزخانەی وڵاتێکی دۆستی وەک ئەمریکا، هەروەها پێی راگەیاندن لە کردەیەکی وەها ناعەقڵانیدا بەهیچ شێوەیەک هەرێم لەگەڵتان هاودەنگ نابێت ودەربڕیش لە سیاسەتی هەرێم وەک بەشێک لە عیراق ناکات، بۆیە پێویستە دەست لەو کارە هەڵگرن، و یاری بە ئاگر نەکەن.

بەڵام وەک دیارە ئەوان گەیشتوونەتە خاڵێک لە پیادەکردنی سیاسەتێکی ناعەقڵانی کە گەڕانەوەی بۆدواوە ئەستەمە، ئەگەرنا هەرزوو بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەلحورە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێ، نێچیرڤان بارزانی ئامۆژگاری داونەتە حکومەتی عێراق کە ئاگاداربن کێشەکە لەوە گەورەترە کە ئێوە دەیبینن، ئەمە بە دامەزراندنی دە هەزارکەس چارەسەر نابێ و پێویستی بە تێگەیشتنێکی نوێ هەیە، و عێراق چیتر نابێتەوە عێراقی پێش خۆپیشاندانەکان، کەچی ئەوان هەر سوور بوون لەسەر دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان لە رێگای بە کارهێنانی تووندوتیژیەوە. ئەمڕۆش هاتوونە لە بڕی ئەوەی رێگاچارەیەکی عەقڵانی بدۆزنەوە بۆ کێشەکان، ئەگەر بواری دۆزینەوەی رێگا چارەیەک مابێت، دەستیان داوەتە سیناریۆیەک بەو هیوایەی لە مەترسی شەقام رزگاریان ببێ، شەڕێکی بەوەکالەت لە عیراق بەرپا بکەن، وەک کورد گوتەنی تەڕو وشک پێکەوە بسووتێنن، بەڵام با دڵنیابن ئەم بژاردەیە زۆرلەوەی تر مەترسیدار تردەبێت، عێراق لە دۆخێک دانییە بتوانێ بەرگەی ئەو شەڕە بە وەکالەتە بگرێ، وڵاتێکی بێ توانایەو خاوەن دامەزراوە نییە،  ئەوەی حوکم دەکات هێزی میلیشیاکانە نەک دەزگا حکومییەکان.

 
 حکومەتی عێراق و ئەو هێزانەی تێیدا باڵادەستن لەوە سەرکەوتن کە ئەمریکا راکێشنە ناو شەڕێکی بەوەکالەت، ئەمە داواو داخوازی ئەوان بووە، بۆ ئەوەی ئاگری شەقامی هەڵچوو لە خۆیان دووربکەنەوە، هەر بۆیە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات ئەمە چەندین جارە گێچەڵ بە هێزەکانی ئەمریکا دەکەن و لێیان دەدەن، تا کار گەیشتە ئەوەی لە سەربازگەیەکی گرنگی وەک کەی وەن لە کەرکووک بدەن و کەسێک بکوژن و چەند سەربازێکیش بریندار بکەن، بەکورتی  نەوەستان تا دواجار ئەمەریکا وەڵامی دانەوە، ئەمریکاش هەڵەی کردو کەوتە داوەکە، ئێستا ئەوان کار بۆ ئەوە دەکەن ئەمریکا لە عێراق وە دەرنێنن بە بیانووی پێشێل کردنی سەروەری عێراق، هەروەها خۆپیشاندانەکانیش لە رێگای بەکارهێنانی تووندوتیژییەوە سەرکووت بکەن، بەڵام بە دڵنییایەوە ئەم سیناریۆیەش سەرناکەوێت.


02/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر