ئەم ساڵ داڤۆس بۆ کوردستان جیاواز بوو

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

کۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس رێکخراوێکی نێودەوڵەتی قازانج نەویستە، لە ساڵی ۱۹۷۱ لە سەر دەستی ئابوری زانی ئەڵمانی کڵاوس شواب لە سوێسڕا دامەزراوە، تایبەتمەندە بە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ بارودۆخی جیهان، وەک ژینگەو تەندروستی وبوارەکانی تر، لە رێگەی هاندانی سەرمایەدان و کەسایەتیە گشتییەکان، هاوبەشەکانی ۲۵۰۰ کەسن، سەت کۆمپانیای هەرە گەورەی جیهانی سەرکردایەتی دەکەن، هەموو ئەو کۆمپانیانەی بەشدارن نابێ داهاتی ساڵانەیان لە یەک ملیاردولار کەمتربێ، ساڵانە بڕی زیاتر۱۲هەزار دۆڵار وەک ئابۆنە دەدەن، ئەوانەی بەشداریشن زیاتر لە شەش هەزار دۆلار لە بری بەشداریان دەدەن، هەروەها خۆیان بەشداربوان هەڵدەبژێرن لە کەسایەتیە گشتییەکان وەک سەرۆک و سەرۆک وەزیران، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رۆژانامەنووسان و ئەکادیمیستان و هەندێک جار پیاوانی ئاینیش بەشدارن، لە سەت وڵاتی جیا جیای جیهان. 

ئەم کۆڕبەندە ئابورییە روداوێکی زۆر گرنگە و تێدا باس لە زۆر کێشە هەنووکەییەکانی جیهان دەکرێ، جگەلەوەش هەلێکە بۆ دیداری دبلۆماسی لە نێوان سەرکردەی وڵاتان ولە پەڕاوێزی ئەو کۆبونەوانە سەرکردە کانی جیهان، باس لە پەیوەندییە دوقۆڵیەکانیان دەکەن، بۆیە ئەگەر بۆ هەندێک وڵات جارێک گرنگ بێت، ئەوە بۆ هەرێمێکی وەک ئێمە سەت جار گرنگە، هەڵبژاردن و داوەتکردنی هەرێمی کوردستان بۆ کۆڕبەندەکە نیشانەی گرنگی پێگەی هەرێمە لەسەر هەردوو ئاستی ئابوری و سیاسی، هەروەها نیشانەی راست و دروستی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانییە، لەوەش گرنگتر دیداری دۆناڵد ترامپ سەرۆکی و ئەمریکاو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو، بۆ ئێمە وەک گەلی کوردستان ناونیشانی ئەمجارەی کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس بوو، هەرچەندە ئەمە یەکەم جار نییە سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکی هەرێم دەبینێ، بەڵام ئەوەی ئەمجارە زیاتر زەقی کردۆتەوەو بۆتە رووداو، لاوازبوونی پێگەی هەرێم بوو دوای هەردوو رووداوی ۱٦ ئۆکتۆبەرو هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، هەردوو رووداوەکە بە ئاگاداری و رەزامەندی ئەمریکا ئەنجامدران، ئەم هەردوو کردارە وای لە خەڵکی کوردستان کردبوو، باوەڕ بەوە بهێنن کە چیتر هەرێم جێگای گرنگی ئەمریکا نەماوە، بۆیە ئەم دیدارەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ترامپ ئومێدی بۆ گەلی کوردستان گەڕاندەوە، بەوەی پێگەی هەرێمەکەیان وەک جاران بەهێزبۆتەوە، هەموو تاکێکی کورد چ سیاسی و غەیرە سیاسی دەزانن بەبێ پاڵپشتی ئەمریکا هەرێم توانای مانەوەی نییە.

ئێمە لە ناوچەیەک دەژین چواردەورمان بە دوژمنی بەهێز دەورە دراوە و ناهێڵن ئەو کیانە یەک رۆژ بمێنێت، بەڵام ئێستا وەک ئەمری واقیع مامڵەی لەگەڵ دەکەن، ئەویش یەکیان بەهۆی پاڵپشتی ئەمریکا و ئەوەی تریان پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تا رادەیەک باشە لە لایەن هەرێمی کوردستان دەرهەق بە درواسێیەکانمان، هەروەها ناکۆکی مێژووی نێوان ئەو دراوسێییانەش لەگەڵ یەکتر هۆکارێکی ترە.

بۆیە هیچ روداوێک وەک ئەم دیدارەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا خەڵکی کوردستانی دڵخۆش نەکردووە ، ناحەقیشیان نییە، گەلی کوردستان لە مێژووی دوورو نزیکیدا خۆی بینیوە هەرکاتێک ئەمریکا دەست بەرداری بووبێ دووچاری کارەساتی گەورە بووە.

پێگەی کوردستان لە رووی جیۆسیاسیەوە وا هەڵکەوتووە بە حوکمی ئەو دابەشبوونە سیاسیەی کە هەر خودی رۆژئاوا کردویەتی، ناتوانێ بەبێ پاڵپشتی ئەوان لەسەرپێی خۆی بوەستێ، هەر ئەبێ ئەمریکا خۆی هاوکارمان بێ، تا ئەو کاتەی ئەو ناوچەیە لە رووی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤەوە دەخەمڵێ، ئەمەشیان ئەستەم نییە، بەڵام نزیکیش نییە، بۆیە داڤۆسی ئەم ساڵ بۆ گەلی کوردستان جیاوازبوو، ناونیشانی ئەو جیاوازیەش دیداری دۆناڵد ترامپ و نێچیرڤان بارزانی بوو.

24/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر