کۆڕۆنا ناکۆکییەکانی قوڵترکردنەوە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر


لە دوای دەرکەوتنی کۆڕۆنا ڤایرۆس لە چین و بڵاوبونەوەی بە جیهاندا، ناکۆکییە هزری و ئاینی و شارستانییەکانی نێوان بیرمەندان و زۆرێک لە گەلانیشی قوڵترکردۆتەوە، لە ئەمریکا هەرلەسەرۆکی وڵاتەوە تا سیاسیەکانی خوارتر، ئەم ڤایرۆسەیان ناو ناوە ڤایرۆسی چینی، هەروەک لە تویت و کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی ترەمپ دەیبینین، هەروەها چین و هەندێک جاریش روسیا وا رادەگەێنن  ئەم ڤایرۆسە ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، بۆناشرین کردنی وێنەی یەکتر و دەسکەوتی سیاسی، دوای ئەوەی چین رایگەیاند زاڵبووە بەسەر کۆڕۆنا ڤایرۆس و راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە کە سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسە لە دەرەوەی چین پەیدابووە و بەدیارکراویش لە ئەمریکا هاتووە، لەلایەکی تر خاوەن بیرە چەپەکان و ئایندارە تووندڕەوەکان بە دەستکردی دنیای سەرمایەداری و ئەمریکای دادەنێنن بۆدەسکەوتی ئابووری و سیاسی، هەندێکیشیان دوای ئەوەی زانییان ئەم بۆچوونە زۆر جێگای خۆی ناگرێ، ئیدی کەوتنە راگەیاندنی ئەو هزرەی پێیوایە، ئەمە داهێنانی خودایە بۆ لووت شکاندنی دنیای مۆدێرن و زانستە کە تائێستا لەبەردەمیدا دەستەوەستانن، هەروەها جارێکی تر تێزی ناکۆکی شارستانیەتەکانی لەنێوان هەردوو شارستانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات زیندووکردەوەو کە دەبینن ، چین بەبێ هاوکاری هیچ وڵاتێک دەیەوێت ئەم پەتایە کونترۆڵ بکات و هاوکاری وڵاتانی تریش بکات، بەمەش بیرمەندانی چەپ ودژە نیولیبڕاڵەکان بە ئیفلاسی بیری سەرمایەداری دادەنێنن و سیستەمی تاک حیزبی کۆمۆنیستی چین بە سەرکەوتووترو باشتر دەزانن بۆ دنیای دوای کۆڕۆنا ڤایرۆس، فەیلەسوفی فەڕەنسی میشال ئۆنیڤەر پێیوایە، سیستەمی ئابوری لیبڕاڵی ئەوڕپی بەرەوروخان دەچێت، دوای ئەوەی لێگەڕا خەڵکە پیرەکەی لە ساڵۆنی نەخۆشخانەکان دوا هەناسە بدەن و بمرن، هەروەها پزیشکەکانی بەبێ هۆیەکانی خۆپاراستن لە بەرەکانی جەنگی کۆڕۆنا ڤایرۆس جێ هێشتن، پێیوایە ئەمانە جۆرێک لە سیستەمی ئابووریان داهێناوە جگەلە قازانج بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە ، بۆیە وەک ئیمپراتۆریەکانی پێشوو جگەلە روخان و لە ناوچوون هیچ رێگایەکی تری نییە، هەروەها لە ناوچەی ئێمەش ناکۆکی قوڵ لە نێوان زانست باوەڕان و بڕوادارنی سیاسی سەری هەڵداوەو ئیسلامی سیاسی دەیەوێت بە قازانجی سیاسی بۆ خۆی بیشکێنێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی  لەسەرەتا بۆچوونێکی یەکگرتووی نەبوو، بۆیە دووچاری شپرزەیی هاتووە، لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسەکەی بە دەستکردی ئەمریکای دایە قەڵەم، کەچی دواتر ئەم بۆچوونەی گۆڕی و ناوی نا کارێکی خودایە و بۆ عیبرەت لێ وەرگرتنی کافرەکانە، كاتێکیش گەیشتە خۆیان و ناچاربوون هەموو شوێنە ئاینییەکان بە حەرەمی مەکیش دابخەن، ئیدی دەست بەتاڵ ماونەتەوە و ئەوانیش ئێستا وەک هەموو جیهان چاویان لە  تاقیگەکانی زانستی یە چارەسەرێکیان بۆ  بدۆزنەوە. هەموو ئەو ناکۆکی و بیروبۆچوونە جیاوازانە پێمان دەڵێ: دنیای پێش کۆڕۆنا ڤایرۆس جیاواز دەبێ لە دنیای دوای کۆڕۆنا.

24/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر