کۆڕۆنا سەرکردایەتی جیهان لە ئەمریکا دەستێنێتەوە ؟

فه‌رحان جه‌وهه‌ر


كۆڕۆنا ڤایرۆس تەنیا رەهەندی  تەندروستی و ئابوری نییە، بەڵکو رەهەندی سیاسی و فکری و دەرونیشی هەیە، رووە سیاسیەکەی پەیدابونی یان بەشێوازێکی تر تۆختربوونی ناکۆکیەکانی هەردوو زلهێزی دنیا ئەمریکاو چینە، تا ئێستا سەرکردایەتی کردنی جیهان بۆ ئەمریکا یەکلا بۆتەوە، هەرچەنده لەو گەڕەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ تا رادەیەکی زۆر ئەمریکا رۆڵی لەم سەرکردایەتیە بەرتەسک بۆتەوە، بەهۆی ئەو پڕەنسیپه سیاسیانەی ترەمپ بڕوای پێیەتی، وەک دروشمی یەکەم ئەمریکا  و رێگرتن لە پەنابەران و کشانەوەی لە زۆر شوێنی دنیا و لایەنگری بێ چەندووچۆنی بۆ ئیسڕائیل لە گوازتنەوەی باڵوێزخانەکەی بۆ قودس و داننانی بە جۆلان وە ک زەوی ئەبەدی ئسڕائیل، هەروەها مامڵە کردنی لەگەڵ هەر رووداوێک لە سەربنچینەی قازانجی ئابووری وڵاتەکەی ودانەنانی هیچ بەهایەک بۆ رای هاوپەیمانە ئەورپیەکانی لە مەسەلەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران،  وای کردووە  سەرکردایەتییە جیهانییەکەی ئەمریکا لاواز بکات، دوای پەیدابوون و هاتنی کۆڕۆنا ڤایرۆس ترەمپ مامەڵەیەکی مرۆڤانەی لەگەڵ ئەم کێشە جیهانییەدا نەکرد و خستیە قالبی ململانێی سیاسی لەگەڵ چین رکەبەرە زەبەلاحەکەی، سەرەتا گرنگی پێنەداو هەمیشە مەترسیەکەی بەکەم دەزانی پێیوا بوو ئەمە تەنها کاریگەریەکانی لە سەر چین دەمێننەوە، ئێستاش کە وڵاتەکەی ئەوو  نزیکەی هەموو جیهانی گرتۆتەوە گیرۆدەبووە و دووچاری رەخنەی ناوخۆ و هاوپەیمانەکانیشی بۆتەوە،  سەرباری دەرخستنی سیستەمی سەرمایەداری بەلاوازی و بێ ئەخڵاقی مامڵە کردن لەگەڵ دۆخەکەدا وەک ئەوەی لە ئەورپا کردیان بەرامبەر بەساڵاچواندا، هەروەها گرنگی نەدان بە کەرتی تەندروستی گشتی کە بتوانێ لە کاتێکی وادا هەموو خەڵک بگرێتە خۆو چارەسەر بۆ هەموان بێ، بۆیە لە ئێستا چین دەیەوێت ئەم کەم وکوڕیانەی سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکی نیشانی جیهان بدات بۆ لاوازکردن و نەهێشتنی رۆڵی ئەمریکا لە سەرکردایەتی کردنی جیهان،  بردنە پێشەوەی خۆی و سیستەمە تاک حیزبیەکەی، وێڕای ئەوەی دەیەوێت سوود لە رەخنەی ئەو بیرمەندو فەیلەسوفانەی دژی سەرمایەداری وەرگرێت کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر خەڵک ئەو تێزانەیان دەخوێنێتەوە، هەروەها چین بەهۆی زاڵبوونی بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا لە ماوەیەکی کەمدا و یارمەتیدانی وڵاتانی تریش لەم بارەیەوە، ناوبانگێکی باشی بۆ پەیدا کردووە، بەڵام لەو بڕوایەدام هێشتا چین ئەو مەرجانەی تێدا نییە بتوانێت سەرکردایەتی جیهان بکات، یەک لەو خاڵا لاوازانەی ئایدۆلۆژیاکەی کێشە یە و ناتوانێ جیهان وەک گشتێک ببینێ ، هەروەها مەسەلەی ئازادی تاک و تایبەمەندایەتی مرۆڤ زۆر گرنگەو ئایدۆلۆژیا ناتوانێ رێزلە ئازادی تاک و ئازادیبە گشتیەکان بنێت، هەمیشە دەست دەخاتە نێو تایبەتمەندیەکانی و ئازادی تاک، کە ئەم خاسیەتانە تەنیا لە سیستەمی سەرمایەدای و لیبڕالی دا هەن، کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان ناتوان بەبێ ئازادی بژین، ئەمە تەنیا لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا هەیە،  سیستەم دەتوانێ دەستبخاتە نێو وردو درشتی ژیانی تاک و کۆمەڵکە،  سەندنەوەی ئازادی لە مرۆڤی وشیار زۆر زەحمەتە، ئەوەی ئێستا لە چین بەڕێوە دەچێ ئەو سیستەمەیە کە رێگە نادا تاکەکانی  بە سەربەستی پیاسەیەکی ناو گوگڵ بکەن ، ئایا کۆمەڵگە ئازادو پێش کەوتووەکان دەتوانن قوربانی بەم دەستکەوتانە بدەن لە پێناوی پاراستنیان لە  مەترسی کۆڕۆنا ڤایرۆس؟ باوەڕناکەم، ئەوەی تا ئێستا شارستانیەتی رۆژئاوای بە یەکەم هێشتۆتەوە ئەو بەها یانەیە کە قوربانییەکی زۆریان لە پێناوداوە، هەر ئەم بەهایانەش وایان کردووە نەتوانن زۆر رێگە لە هات و چۆی خەڵک بگرن، کۆڕۆنا ڤایرۆسیش سوودی لەم دەرفەتە وەرگرتووەو بڵاو بۆتەوە، بەڵام هەموو ئەو هۆکارانەش ئەوە ناگەینێ کە سیستەمی سەرمایەداری روبەڕووی رەخنە نەکرێتەوە و هەوڵی لغاو کردنی نەدرێ، چونکە ئەم سیستەمە تێکەڵ بە سوسیال نەکرێ و دەوڵەت لە پێناوی گشتدا سنوورێکی بۆ دیار نەکات، وەک گورگ بەردەبێتە گیانی هەژاران، بەڵام لە ئەورپا بەهۆی پارتە چەپەکان و سۆسالیستەکان توانراوە تا ڕادەیەکی باش لە قازانجی عەوام بشکێتەوە، بەڵام لە ئەمریکا بەم شێوەی ئەورپا نییە، لە هەردوو سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکی و کۆمەنیستی چینیدا خەڵکێکی زۆری هەژار هەیە، بەڵام ئەوەی جیاوازە هەژاری ئەمریکا لانی کەم دەتوانێ بڵێ هەژارم و رەخنە بگرێ و بتوانێ بچێتە وڵاتێکی ترو شارێکی تر، بەڵام لە چین ناتوانێ ئەمە بڵێت و بکات، وێڕای هەژاریەکەی ئەبێ رۆژانە لەبەردەم پەیکەری سەرۆکدا بچمێتەوە.

27/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر