لە هەرێم بڕوایەکی جیاوازتر لە بارەی کۆڕۆناوە پەیدابووە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر



لە نێو زۆرێک لە خەڵکی کوردستان، خەریکە ئەو بڕوایەی پێیوایە ڤایرۆسی کۆڕۆنای ئێرە جیاوزو سوکترە لە وڵاتانی تر دەبێتە بڕوایەکی سەرتاسەری، بەتایبەتی دوای لێدوانی  پزیشکێکی كورد كە گوتبووی جیناتەکانی خەڵکی ئێمە جیاواز ترن، بۆیە خەڵکی هەرێم بەسوکی دەیگرێت.

 

من پێموایە ئەگەر پزیشکە پسپۆرەکانی ئێمە زوو لەم مەسەلەیە نێنە دەنگ و ئەمە ببێتە قەناعەتی هەمووخەڵکی کوردستان کارەسات دروست دەبێت، چونکە ئەم بڕوایە وادەکات چیتر خەڵک کۆڕۆنا ڤایرۆس بە جددی وەرنەگرن و خۆیان نەپارێزن، ئەو هۆکارەی وای کردووە خەڵک ئەو  بڕوایەی بۆ دروست ببێت، رێژی کەمی مردنی ئەو چەند تووشبوانەی هەرێمە، بەڵام ئەگەر بێت و  لێکۆڵینەوە بکەین لەو هۆکارانەی وای کردووە کە بۆچی رێژی مردن لە نێو تووشبوانی کۆڕۆنا ڤایرۆس لە هەرێم کەمە؟ ئەوکاتە تێدەگەین کە ئەم بڕوایە هەڵەیەو کۆڕۆنای ئێرەش هەمان کۆڕۆنا ڤایرۆسی وڵاتانی ترە و بەهەمان ئەندازە مەترسی هەیە لەسەرخەڵک .

 

هۆکارەکەشی ئەوەیە رێژەی تووشبوان لە هەرێم زۆر زۆر کەمە بە بەراورد بە وڵاتانی تر ئەمەش بەهۆی ئەو رێکارانەی حکومەت کە هەر زوو گرتنیەبەر بۆ رێگرتن له بڵاوبونەوەی ڤایڕۆسەکە، هەروەها هۆکارێکی ترئەوەیە  تێکڕای ناوەندی تەمەن لە کوردستان 57 بۆ 60 ساڵە ، ئەمەش بەراورد بە تەمەنی هاووڵاتییەکی  وڵاتانی پێشکەوتوو 25 تا 30 ساڵ مڕۆڤی ئێمە کەمتر دەژی، ئەمەش وای کردووە رێژەی بەسەڵاچوان لە کومەڵگەی ئێمە زۆر كەمتر بێت لەگەڵ وڵاتانی تر، بۆیە رێژەی تووشبوانی هەرێم کەمترین بەساڵاچوانی تێدایە،  زۆرتر ئەو حالەتانەی هەن گەنجن، خۆشتان دەزانن گەنجەکان لە هەموو دنیا زۆر کەمتر دەمرن، بەرامبەربە بەساڵاچوان و خاوەن نەخۆشیە درێژخایەنەکان، لە کوردستان دوو بەساڵاچووان لە نێو تووشبوانی هەرێم هەبوون هەردووکیان مردن، بۆیە  خوانەخواستا ئەگەرهاتبوا رێژەی توو شبوان لە کوردستان دە هەزار بوایەو لەو دە هەزارە نیوەیان زیاتر بەساڵاچوان بان، ئەوا ئێمەش ئەو کاتە رێژەی مردوانمان رۆژانە سەت کەس زیاتر دەبوو، ئەمەیە هۆکارەکانی ئەوەی لە کوردستان مردن بەهۆی کۆڕۆنا ڤایرۆس زۆر کەمتربێت، نەک ئەو لێکدانەوە ساویلکانەی هەندێ لە پزیشکان و خەڵکی ئێمە پێیانوایە جیناتەکانی ئێمە جیاوازن و بەرگری لەشی مرۆڤی ئێمە بەهێز ترە، ئەگەر وایە بۆچی تەمەنی مرۆڤی ئێمە ئەوەندە کورتە بەرامبەر بە کەسێکی تری وڵاتانی پێشکەوتوو؟ رۆژانە سەردانێکی فەیسبووک بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین  مردنی خەڵکێکی گەنج بەهۆی جەڵتەوە چەندە لە کوردستان، جگەلە نەخۆشیەکانی تر، بۆیە تکایە با رێنماییەکان جێبەجێ بکەین و خۆمان بپارێزن،  باوڕ بەو لێکدانەوە ساویلکانە نەکەین.


05/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر