ئەم جارە پاساومان نییە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

گەلی کورد لە مێژوودا شکستەکانی گەلێک زۆرترن لە سەرکەوتنەکانی ، بۆ زۆرێک لەو کەووتن و شکستانە پاساوی لۆجیکی و نالۆجیکیشمان هەبووە و زۆرتریش قەناعەتمان وابووە کە هەموو ئەو شکستە مێژوویانەی دووچارمان بوونە ، هۆکاری دەرەکی و باڵادەستی هێزو نابەرابەری نەیارەکانی بووە ، لەگەڵ ئەوەشدا کورد کۆڵی نەداوەو هەمیشە بەجۆرێک لە جۆرەکان تێهەڵچۆتەوەو دەست بەرداری مافەکانی نەبووە ، ئەمەیان نیشانەی زیندوویەتی ئێمەی کورد دەسەلمێنێ وشایانی ئەوەیە مرۆڤ بێ ئومێد نەبێت ، ئەم هەستانەوەی دوادەیەی سەتەی بیستەم لە کوردستانی عیراق گەواهیدەری ئەم راستییە ، ئەگەر بەهاوکاری دەرکی و شکستی دوژمنەکەشی بووبێت لە چرکەساتێکی مێژوویدا ، بەڵام هیچ لەو راستییە کەم ناکاتاوە کە گەلی کورد هیچ هەلێک لەدەست نادات بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆی.

 

ئەوەی وای کردووە ئەم هەستانەوەیە نەبێتە هەستانەوەیەکی ئەبەدی کۆمەڵێک هۆکارن کە جگە لە خۆمان وەک کورد هیچ کەس و لایەنێک لێی بەرپرسیارنییە ، پێموایە پاساوە مێژووییەکان کۆتاییان هات و ئیدی مێژووی ئێمە ناتوانێ هەڵگری هیچ پاساوێک بێت بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئەمەشیان کاریگەرییەکی زۆر خراپ لەسەر بیروودەروونی ئەو نەوەیە و نەوەکانی داهاتوو بەجێ دێڵێت و خۆی دەگاتە ئەو بڕوایەی کە نەتەوەکەی شایانی هیچ مافێکی خۆیی نییە.

 

تاوانبارکردنی یەکترو ململانیێ حزبی و پێکەوە هەڵنەکردنی لایەنەکان ، هیچیان پاساو نیین بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە نەگاتە دوا مەنزڵگاوهەستانەوەی ئەبەدی نەتەوەیەک کە ساڵانێکی زۆرە تاڵاوی مەرگ و ژێردەستەی دەچێژێ ، ئەمڕۆلە هەموو کاتێک زیاترئەم هەرێمە لەناوخۆی بەرلەدەرەوی دووچاری مەترسی بۆتەوە ، پاساوەکان هەرچییەک بن هەموولایەنەکان بڕێک لەو بەرپرسیارییەتیان بەردەکەوێ.

 

خاڵی گرنگ و جەوهەری بۆئەوەی دووچاری ئەو شکستە نەبینەوە و بتوانیین زیاتر بەرەو لوتکە هەڵکشێین ، پێموایە بەهێزکردن و پاراستنی دامەزراوە یاسیاییەکانە تا ئەو دامەزراوانە بەرەو لاوازی و داروخان بچن ئێمەش وەک هەرێم دەپوکێینەوە ، راستە دامەزراوەکانمان بەهێزنین و عەقڵی دامەزراوەیشمان لاوازە ، بەڵام دەستگرتن بەوانەی ئێستاشەوە باشترە لەوەی نەمان بن ،  یان هەوڵی لەباربردنیان بدەین ، هەر وڵات و نەتەوەیەک دامەزراوەکانی شکستیان هێنا خودی نەتەوەو وڵاتەکەش شکست دێنێت ، کێشەی ئێمەو میللەتانی وەک ئێمەش ئەوەیە لە گرنگی و پێویستی دامەزراوەکان تێناگەین ، کە شکستیش دێنن و دووچاری قەیراناکانیش دەبنەوە هوشیاری گرنگی دامەزراوەکانییان نییە. 


09/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر