لە ئەگەری مردنی ترەمپ دا

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

مردننی ترەمپ مردنی کەسێکی ئاسایی و تەنانەت وەک مردنی سەرۆکی وڵاتێکی تریش نییە ، لەکاتی مردنی ترەمپ  بەهۆی کۆڕۆنا ڤایرۆس سیستەمی ئابوری نەک هەر ئەمریکا ، بەڵکو هەموو جیهان دووچاری داڕووخانێکی گەورە دەبێتەوە ، لەمەش زیاتر شکۆی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکا دەشکێت ، بۆرسەی جیهانی و لەگەڵ خۆیشدا هەزاران کۆمپانیایی گەورە مایە پووچ دەکات ، زیاتر لەمەش جیهان بۆماوەیەکی درێژتر رروبەرووی داخرانێکی تووند دەبێتەوە ، چونکە لەو حالەتدا کۆڤید – 19 سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر مەزترین وڵاتی دنیادا تۆمار دەکات ، بۆیە ئەم بابەتە گرێدراوی کەسێک نییە بە ناوی دۆناڵد ترەمپ ، ئەوەندەی پەیوەستە بە ژیانی ملیۆنان کەسەوە لە سەرانسەری جیهان ، مردنی ترەمپ لەم کاتەدا و بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە خەڵکی هەژارتر دەبن و زۆر لە وڵاتان وێران دەبن ، بەتایبەتی وڵاتانی وەک ئێمە کە نەوت سەرچاوەی سەرەکی ئابوورییە ،  نەوت نرخەکەی زۆر دادەبەزێت و دووچاری هەڵاوسانی گەورەی ئابووری دەبنەوە ، بەشێوەیەک پارەکەیان دە بەرابەر هێزی کڕین لەدەست دەدات ، وڵاتەکان ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیانیان دابین بکەن .

 

هەرچەندە مردنی ترەمپ نابێتە کۆتایی دنیا ، بەڵام کاریگەرییە ئابووری و تەندروستییەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ جیهان دووچاری لاوازییەکی زۆر دەکاتەوە ، لەگەڵ ئەم ئەگەرەشدا تا ئەم ساتە تەندورستی ترەمپ باش و جێگیرە ، بەڵام بەهۆی زۆری تەمەنی و کێشی زیادی نیگەرانییەک هەیە ، دیسان ئەمە نابێتە پاساو بۆ سیستەمی تەندروستی وڵاتێکی وەک ئەمریکا ،  وێڕایی لێکەوتە ئابوورییەکانی ، بەڵکو دەبێتە شکستێکی گەورەی سیستەمی تەندروستی ئەو وڵاتە کە نەیتوانیووە چارەسەری سەرۆکەکەی بکات ، پێش ترامپ هەردوو سەرۆکی بەرازیل جاییر بولسونارو بەریتانی بۆریس جۆنسۆن ، دووچاری ئەم ڤایرۆسە بوون و چارەسەرکران ، هەرچەند ئەم هەرسێ سەرۆکانە لە رووی تەمەنەوە جیاوازن ، بەڵام دیسان ئەمریکا ئەو وڵاتەیە کە بەهیچ وڵاتێکی تری جیهان بەراورد ناکرێت لە هەموو رووێکەوە ، لە ئەگەرێکی وادا هەرچەندە من بەدووری دەزانم ترەمپ بەم نەخۆشییە بمرێت ، بەڵام ئەمە مانای وانییە مەترسی لەسەر ژیانی نەبێت ، چونکە ئەویش دواجار مرۆڤە و وەک هەر مرۆڤێک ملکەچی ئەمر و فەرمانەکانی خوایە ،  ئیدی بەخۆشی بێت یان ناچاری پێویستە هەموومان نزای چاکبوونەوەی ترەمپ لە خودای گەورە بخوازین .


05/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر