بۆچی جیهان دژی ترامپ بوو؟

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا تەنها پەیوەست نییە بەو وڵاتەوە ، بەڵکو جێگای گرنگی هەموو وڵاتانی جیهانە، لەبەرئەوەی ئەمریکا سەرکردایەتی جیهان دەکات ، چوارساڵی سەرۆکایەتی دۆناڵد تڕامپ کێشەی گەورەی بۆهەموو جیهان دروست کردووە ، لە دیارترین ئەو کێشانەش کشانەوەی لە رێککەوتنی پاریسی تایبەت بە ژینگە و رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و داننانی بە قودس وەک پایتەختی ئەبەدی وڵاتی ئیسڕائیل وچارەسەرنەکردنی کێشەی سوریا بوون ، هەروەها گرنگی نەدان بە مافی مرۆڤ و پرسی دیموکراسی لە دەرەوەی وڵاتەکەی و دڵداری کردنی لەگەڵ نەعرەی رەگەزپەرستی لە ناوخۆی وڵاتەکەی و دژایەتی کردنی کوچبەران. 

 
تێڕامانی تڕامپ بۆهەموو پرسەکان لە ڕوانگەی بازرگانی و ئابورییەوە بوو ، هەروەها سەرکردەیەکی پۆپۆلیستی پلە یەک بوو ، زۆرترین درۆی دەکرد ، گوێی لەوە نەبوو دوای چەند سعاتێک درۆکانی ئاشکرا ببن ، هەروەها دژی نوخبە و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان بوو، چاوی تەنها لە خەڵکی نا وشیارو نەخوێندەوار بوو، دەیزانی چۆن هەست و سۆزیان بجولێنی ، کێشەی فراوانخوازی روسیای نەبوو، بەڵام جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین هەڵگیرساند ، ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبوو ڕای خەڵکی دەستەبژێربوو.

 
وەک مەکینەی پارە دەیڕوانییە هەموو وڵاتان ، ئەوانەشی کە هاوپەیمانی ئەمریکا بوون ، بەتایبەتی وڵاتانی ئەورپا و کەنداوی فارسی هیچ رێزێکی بۆیان نەبوو، جگەلەوەی شارەزای جوگرافیای سیاسی جیهان نەبوو ، حەزیشی لە سەرکردایەتی کردنی جیهان نەدەکرد ، دروشمی یەکەم ئەمریکای هەڵگرتبوو ، هەروەها هیچ رێزیشی لە داو دەزگاکانی وڵاتەکەی نەدەگرت ، هەردوو دامەزراوەی بەرگری و دەرەوەی فەرامۆش کردبوو، لە رێگای تویتەکانییەوە سیاسەتی دەرەوەو ناوەوەی بەڕێوە دەبرد ، هەرچی بەرپرسێک بەمیزاجی خۆی نەبا دەری دەکرد ، بۆیە  بەشێکی دەستە بژێری حزبەکەشی لە هەڵبژاردن دژایەتیان کرد .

 
تڕامپ وەک وەک سەرۆک کۆتایی هات، بەڵام ئەوەی گرنگه کۆتایی بە ترامپی ( الترامبیە)  بێت و چیدی نەبێتە کەلەپوری سیاسی و نمونەیەک بۆ چاولێکردن ، حاڵەتی ترامپ بە کردەیی سەلمێنرا نمونەیەکی مەترسیدارە ، ئەگەر لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا نەبایە کە خاوەن داوو دەزگای بەهێزە ، هەموو جیهان دووچاری مەترسی دەبوەوە ، هەروەها ئەوەش سەلمێنرا کەسی بازرگان ناتوانێ سیاسیەکی باش بێت ، سیاسەت و بازرگانی دوو دنیای جیاوازن ،  ئەوانەی فێرە پارە ژماردنن ناتوانن بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی بکەنەوە ، سیاسەت جگە لە بەرژەوەندی خەڵک شتێکی تر نییە ، ئەوەی سیاسەت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک ناکات ، رۆژێک دێت هەر دەشکێت .


09/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر