گروپی هیوا، هیوایەک بۆ دوژمنانی کورد

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

ئەو گڕوپە پەرلەمانتارە کوردانەی  لە بەغدا ناویان لە خۆیان ناوە هیوا ،  بوونەتە هیوا بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە خەون بە نەمانی هەرێمەوە  دەبینن ، ئەوان لە شارێک دەوام دەکەن ، کە پایتەختی ئەو وڵاتەیە ، شەو رۆژ بە چاوی خۆیان دەبینن لە چاو تروکانێکدا بە هەزاران چەکداری حزبی وبەدەر لە یاساو دەستور بە ناو کوچەو کۆڵانەکانی شار وەردەبن ، بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک نەک بتوانێت رێگریان لێ بکات ، بەڵکو ناتوانن رەخنەشیان لێ بگرن ، چونکە هەررۆژنامەنووسێک یا چاڵاکێکی مەدەنی ئەو کردارو رەفتارەی ئەو میلیشیانە رەخنە بکات ، رۆژی دواتر تەرمەکەی لە سوچێکی ئەو شارە بە فڕێدراوی دەدۆزنەوە ، بە بەر چاوی سەرۆکی کۆمارو سەرۆکی حکومەت کە جگەلە تویتێک کردن هیچی تریان پێ ناکرێت ، ئەمە و پرسی گەندەڵی و حوکمی میلیشیاو فرۆشتنی پلە و پایەی حکومی و بەرتیل و نەبوونی خزمەتگوزاری و پیس و پۆخڵی لە تێکڕای شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو میلیشیانە هەر مەپرسە لە چ ئاستێکدایە ، سەرباری وەرگرتنی فەرمان و رێنمایی لە دەرەوەی سنوری وڵات . 

 

چاوی ئەو گروپە هەموو ئەو وێرانەیە و کارەساتانەی عیراق نابینێ و ئامادەنیین بە وشەیەکیش باسی بکەن ، بەڵام بۆ رووبەروونەوەی هەرێم و قەوارەکەی چەک لە شانن ، ئەوەندە باسی هەرێم بە خرابی دەکەن ، مێدیای میلیشیایەکان شەو رۆژ میوانداریان دەکەن ، بۆ ئەوەی گەندەلی و خراپی خۆیان بۆ دابپۆشن ، شەقامی عەرەبی بە هەرێمەوە خەریک بکەن ، ئێمە ناڵێین هەرێم شامی شەریفە و هیچ کێشەو گرفتی نییە و بێ گەندەڵییە ، بەڵام بۆ هەرکەسێکی بەویژدان بێ دەزانی جیاوازی هەرێم و ناوەند لە هەموو روێکەوە بەراوردناکرێ ، سەرە ڕای بڕینی بودجەو مووچەی خەڵکی کوردستان ، هەرێم لە هەموو ئاستەکانەوە پێش کەوتووترە . ئەوەی ئەو گروپە دەیکەن ، لە ئاستی رەخنەو رای ئازاد دەرچووە و گەیاندویانەتە ئاستێک هانی ملیشیایەکان دەدەن بەهێز بچنەسەر هەرێم  و قەوارەکەی تێکبدەن ، لە کاتێکدا خۆیان لەبەر هێزی ئەم میلیشیانە ناوێرن یەک رەخە لەو بارودۆخەی عیراق بگرن .

 

کردارو لێدوانەکانی ئەو گروپە دژە کوردە لە بەغدا، یەک لە هۆکارە بەهێزەکانە کە وای کردووە لایەنە سیاسیەکانی عیراق لە بەغدا لەگەڵ کورد رێک نەکەون ، چونکە شەقامی عەرەبییان ئەوەندە هانداوە دژی هەرێم حزبەکانی خۆشیان لە ترسی ئەو شەقامە ناتوانن لەگەڵ هەرێم رێک بکەون ، شەقامی عیراقیان وا تێگەیاندووە کە هەژاری ئەوان و نەبوونی خزمەتگوزاری هۆکارەکەی هەرێمی کوردستانە ، پرسەکانی خۆیان لە بیر بردوونەتەوە و بە گەلی کوردستان و هەرێمەوە سەرقاڵیان کردوونە ، ئەو گروپە هۆکارە ، بوێری ئەوەیان هەبێت داوای هەموو داهات و نەوتی هەرێم بکەن ، پێش پەیدابوونی ئەم گروپە دژە کوردە لە بەغدا ، گفتووگۆیەکان لەگەڵ بەغدا وا زەحمەت نەبوونە ، ئەو دواکاریانەشیان نەبوونە ، بۆیە خەڵکی کوردستان ئەبێ حەقیقەتی ئەم گروپە ئەنتی کوردو کوردستانە باش بزانێت ، کە چەندە لە خزمەتی ئەجێندای نەیارانی کوردن .


12/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر