پێویستە دۆستەکان بەرلە دوژمنەکان لێمان بترسن

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە ، یەک لە پڕەنسیپە نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە ، لە مامڵە کردن لە گەڵ دۆستەکانیان ، بەدرێژایی مێژووی ئەو وڵاتە ، هەروا مامەڵەی لەگەڵ دۆستەکانی کردووە ، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بەهۆی لەبەر چاو گرتنی کۆمەڵێک هاوکێشەی وەک جەمسەر گەرایی و هاوسەنگی هێزوبەرژەوەندییە زیندووەکانی خۆی مۆڵەتی دابن ، بەڵام تا سەرنەبووە ،  ئەمریکا دۆستایەتی هەر وڵاتێک بکات ، جگەلە بەرژەوەنییە ئابووری و سیاسیەکانی ، رەنگدانەوەی بەهاکانی لەو پەیوەندیەدا بە پێویست دەزانێت .

 
لەسەردەمی جەنگی سارددا، ئەمریکا و رۆژئاوا بەگشتی ، خەمی رەنگدانەوەی بەهاکانیان لە پەیوەندی وڵاتاندا نەبوو ، ئەوەی گرنگ بوو بۆیان بەرژەوەندی ئابووری و دورخستنەوەی وڵاتان بوو لە فەلەکی سیاسیەتی شورەوی جاران ، بۆیە چاویان لە هەموو ئەو پێشێل کاریانەی وڵاتانی دیکتاتۆری پۆشی بوو ، بەڵام دوایی نەمانی سۆڤیەتی جاران و ترسی دووجەمسەری ، چاڵاکانەترکاریان کردووە بۆ نەهێشتنی ئەو پێشێل کاریانەو لە ناو بردنی رژێمە دیکتاتۆریەکان .

 
ئیدارەی ترامپ خەریک بوو بەشێوەیەکی یەکجاری واز لە گرنگی دان بەو بەهایانە نەک لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا، بەڵکو لە ناوخۆشدا بهێنێت ، بۆیە هەموو ناوەندە فکری و  ئەکادیمی و میدیایی و دەستەبژێرو رۆشەنبیرەکانی ، نەک هەر لە ناوخۆی ئەمریکادا ، بەڵکو لە هەموو ئەوڕوپاش دژی وەستان و کۆتاییان پێهێنا و بایدن و دیموکراتەکان سەرکەوتن ، ئەو گرنگی دانەی ئێستای ئیدارەی جۆبایدن بەو بەهایانە و جەخت کردنەوەی لەسەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ ، یەک لە سەرەکی ترین ئەو خاڵانەیە کە بەهۆیانەوە لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە .

 
 بۆیە دەبینین لە سەرەتای کارکردنیان گرنگی زۆریان بەو بەهایانە داوە ، نمونەی بەرچاوو زیندوو ئەو تەنگ پێهەڵکێشانەی ئێستای عەرەبستانی سعودییەی دۆستی دێرین و ستراتیژیانە ، لەسەر کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچی و پێشێل کردنی مافی مرۆڤە لەو وڵاتەدا ، راستە ئەو هەراسانکردنەی ئێستای سعودییە ناگاتە ئاستی پچڕانی پەیوەندی ، بەڵام بووە هۆی لەکەدار بوونی شکۆی وڵاتەکەیان ، بەتایبەتی جێنیشینەکەی کە شای داهاتووی ئەو وڵاتەیە ، هەروەها پەیامێکی تووندیش بوو بۆ ئەوڵاتە نەفتییەی کە رۆژانە دە ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات . 

 

03/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر