وڵاتت كردۆتە زیندان بۆ ئێمە چیت پێدەكرێت ...!؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم

دوای هەڵبژاردنەكانی حەوتی حوزەیرانی توركیا،وە بەرلەوەی سەرانی ئەكەپە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەش بدەن (ئەكەپە) دەستیكرد بە پرۆسەی ڕەشبگیری و تۆقاندنی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP ) لە چوارچێوەی ئەوپرۆسەیەی ناویانابوو ئۆپراسیۆنی راوەدونانی هەوادارانی كەجەكە . ئەمەو رووداوەكانی كودەتای پانزەی تەمووزی پاریش كە زۆرێك لە چاودێران بە سیناریۆی خودی ئەكەپەی دەزانن ، زیاتر كرایە بیانووی بەرفراوانكردنی ئەو ڕەشبگیریەی كە ئەردۆغان و حزبەكەی ئەنجامیانداو دوو لایەنیان تێدا كردە ئامانج ، ئەویش هەوادارانی (بزوتنەوەی خزمەت )ی فەتحولا گولەن و كادیر و هەوادارانی هەدەپە پرۆسەكەیان بە شێوەیەك ئەنجامدا كە دەسەتیان لە نوێنەرانی گەلیش نەپاراست، دەسەڵاتدارانی توركیا سەرەتا كاریانكرد بۆ یاسایی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران و دواتریش دەستگیركردنی سەرۆك شارەوانیەكان كە لە لایەن خەڵك هەلبژێردرابوون . ئەو هەڵمەتە ڕەشبگیرییەی كە ئەكەپە دەستی داوەتێ ، بەتەنیا خەڵكی سڤیلی نەگرتۆتەوە كە تا ئێستا بە هەزاران كەس لەو دوو ساڵە خراونەتە زیندانەكانی توركیا ، بگرە بە دەیان تەلەفزیۆن و رادیۆو گۆڤار و رۆژنامەودەزگای چاپەمەنیشی داخستوون، ئەم كارەی ئەردۆغان دەریخست كە زۆر بە پلان بۆ ئەو رەشبگیریە كاری كردووە كە سەرەتا دەنگی میدیای ئازادی گپ كرد ئینجا دەرگای زیندانەكانی بەڕووی ئەزادیخوازان كردەوە . ئەردۆغان و حزبەكەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوو ئیدیعای زۆری دەكرد بۆ كرانەوە بە ڕووی كۆمەڵگای توركیا و چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لەو وڵاتە و چارسەری كێشەكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری ، بەڵام ئەوەی دەبینریت ئەوەیە كە دوای ئەوەی ئەردۆغان باڵا دەستی خۆی بینی و خەڵك لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بردیانە سەر كورسی حوكمڕانی سەرۆك كۆماریەتی ، ئیدی ئەو لەهەموو بەڵێنەكانی پەشیمان بووەوە و ئەو كەسانەشی لە نێوخۆی حزبەكەی دوورخستەوە كە بە ئەندازیاری بیری كرانەوە و ئاشتیخوازای دەناسران و پشتیشی لەو سیاسەتە كرد كە ئەگەر كاری لەسەر كرابایە ئێستا توركیا وڵاتێكی بێ گرفتی سیاسی دەبوو . لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆی توركیا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دێن بە ناوی هاوكاری و پشتیوانی هێز دەنێرن بۆ باشوورو رۆژئاوای كوردستان ، لە رۆژئاوا زاڵم و زوڵملێكراو دەخەنە یەك تای تەرازوو گوایە داعش و پەیەدە وەك یەكن و جیاوازیان نیە بۆیە توركیا هێرشیان دەكاتە سەر ! لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەر جارەو بە بیانوێك هێزی سەربازی بۆ ڕەوانە دەكات ، دوایین جاریش گوایە موسڵ و تەلەعفەر هەڕەشەی گۆڕینی دیموگرافیایان لەسەرە بۆیە لە سوپای سوڵتان ئەردۆغانیان كەمە تا بیانپارێزێت . ئاخر ئەوە چ قسەیەك و ڕایەكی بێبنەمایە تۆ بێیت وڵاتی خۆت بكەیتە زیندانێكی گەورە خەڵكی سڤیل بگری سەرۆك شارەوانی دووربخەیتەوەو بیخەیتە زیندان و پارێزبەندی لەسەر نوێنەرانی گەل هەڵگریت و هەڕەشەی گرتنی لێبكەیت و بەهێزی چەك رووبەرووی ناڕەزایەتیەكانی خەڵك ببیتەوە ، كەچی بێیت بە بیانووی هاوكاری هێزی داگیركەری خۆت ڕەوانەی وڵاتانی دراوسێ بكەیت ! برۆن ئەو زیندانە دابخەن كە پێی دەوترێت توركیا ، چاكەی ئێوەمان ناوێت كە چاك نین ، بۆ ئێمەی كوردیش كاتی ئەوە هاتووە خەڵكی كوردستان كار بۆ درووستكردنی رای گشتی بكات دژ بەو سیاسەتە دووژمنكارانە و هۆڤانەی سەرانی ئەكەپە لە نێوخۆی توركیا و لە پارچەكانی تری كوردستانیش بوەستێتەوە ، چونكە ئەوەی توركیا لەبەرامبەر كورد دەستی داوەتێ مەترسیەكی گەورەیە دەبێت لەبەرچاوی بگرین و لە گەورەیی مەترسیەكەی توركیا كەم نەكەینەوە ، كێشە ناوخۆیەكانی هەرێمی كوردستان چارسەر بكەین و چیتردرێژە بەسەر دابەشبوونی دوو هەڵوێستی سیاسی جیانەدرێت .


31/10/2016



وتارەکانی تری نوسەر